لە ئازاری ئاوارەیی و دەربەدەریی تێدەگەم ، ئازارەکەییم چەشتووە، دەزانم چ برینێکی بەسۆیە، من لەمانای جێهێشتنی زێد و خاک تێدەگەم ، دەزانم جێهێشتنی خاک چۆن مرۆڤ دەهاڕێت و چۆن لەناخەوە پارچەپارچەی دەکات ، ئازارەکەی گەیشتۆتە قووڵایی ڕۆح و دەروونم ،،ئێستاش بە ئازاری ئەو ڕۆژگارە تاڵانەوە دەتلێمەوە!
ئەوانەی لەدوای ڕێکەوتنی شوومی جەزائیروە، بەخۆیان و ماڵ ومناڵیانەوە ئاوارەی کەرەج و شەقامە ساردووسڕەکانی ئەورووپا بوون، ئەو شۆڕشگێڕە بەشەرەفانە بوون کە نەیانویست نانی سەرشۆڕی و زەلیی بخۆن، ئەو پیاوە ئازاو جوامێرانە بوون کە، ڕەتیانکردەوە لەژێر زەلیلی دەستەڵات و ستەمی بەغداد بمێننەوە، ئەوانە بوون کە، نەیانویست خۆیان و ماڵ و مناڵیان بکەوێتە ژێر دەستی چەتەو سەرسەریێەکانی عۆجەو تکریتەوە، ئەوانەی لەکاتی ئاوارەییدا ،خۆیان بە ڕنینی سێوی کەرەج و پاککردنەوەی شۆستەو شەقامەکانی ستۆکهۆڵم و پاریس و لەندەن سەرقاڵ کرد، پیاوە هەرە بەشەرەفەکانی مێژووی کوردن!!
ئاوارەیی و دەربەدەری لەپێناوی شکۆی نیشتماندا، لووتکەی شەرەفە ،هەموو کەسێک ئەو شەڕەفەی پێنابڕێت، ئاوارەیی لەپێناوی بەهابەرزەکانی کوردستاندا ،لووتکەی ئەخلاقە، هەموو کەسێک خاوەنی ئەو ئەخلاقە نییە، بێ شەرەف ئاوانەن کە لەخێروبێری کوردستان دەخۆن و شەوو ڕۆژ لەکەناڵەکانی حەشدی شەعبی بە کوردستاندا دەڕشێنەوە ،بێ کەرامەت ئەوانەن کە لە سیتی و ڤێلا ناوازەکانی هەولێرو سلێمانی دەژین و بە ئۆتۆمبێلی ناوازە دێن و دەچن و دەستیان لەگەڵ ئەوانەشدا تێکەڵە کە، بەدرۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پەلاماری خەڵکی کوردستان دەدەن، بێ شەرەف ئەوانەن کە ، لەبۆنەو مەراسیمە نیشتمانیێەکاندا، بۆ خوێنی شەهیدان وئاڵای کوردستان ،هەڵناسنە سەرپێ، کەچی لەبۆنەکانی تاران و بەغداو ئەنقەرەدا، وەک سەگی پێ سوتاو، دەستدەخەنە سەر سنگیان و بۆ کوژراوانی حەشد و جەندرمەو پاسدار، هۆن هۆن فرمێسک دەڕێژن، بێ شەرەف ئەوانەن کە لەسایەی هێزی ئاسایشی کوردستان و پێشمەرگەدا دەژین و لەژێروە هەوڵی لەناوبردنی ئاسایشی کوردستان و پێشمەرگە دەدەن!
ئەوەی لە کاتی ئاوارەییدا، بڕیاریاندا بە ڕنین وفرۆشتنی سێو و هەنار ،پارووی خاووخێزانەکانیان دابین بکەن، هەزار جار لەو کەسانە بەشەرەفترن کە ، دەنگی خۆیان بۆ سپیکردنەوەی وێنەی ئەو کەسانە دەفرۆشن کە شارەکانی کوردستان بۆردومان دەکەن و ترس دەچێنن٫ نیشتمان هۆتێلێک نییە کە لە کاتی پشوودا تێیدا بمێنینەوە، نە دروشمێکە کە کاتێک خزمەت بە مەبەستەکانمان دەکات، بەرزی بکەینەوە. بەڵکو نیشتمان هەڵوێستێکە. وەستان لەگەڵیدا لە ساتەکانی ئازاردا ،کەمترین دڵسۆزییە!!
لە نێوان دەستێک کە سێو دەفرۆشت بۆ ئەوەی شەرەف بە زیندووی بمێنێتەوە و دەستێکی دیکە کە نیشتمان دەفرۆشت بۆ بڕە دۆلارێکی زۆرتر ، جیاوازییەکی ڕوون هەیە، یەکەمیان بە مردوویی زیندووەو دووەمیان بەزیندوویی مردووە، ڕنینی سێو وەک هێمای شەرەفی نەشکاو دەمێنێتەوە، فرۆشتنی خاکیش وەک پەڵەیەکی نەسڕاوە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، بەشەرەف ئەوکەسەیە یەکەمیان هەڵدەبژێرێت و بژاردەی دووەمیش هی بێشەرەفەکانە!!