پەیامەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی، پەیامێکە هەڵقوڵاو لە گیانی ئاشتییانە و هێزی بەرەنگاریی کوردی، ئەو گیان و هێزەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی پێ ڕسکاوە و تا ئێستایش هەر بەردەوامە.
مانای نێو پەیامەکە: لە کوێ کێشە، ئاریشە و شەڕێک هەبێ، کوردستان بیر لە چارەسەری ئاشتییانە دەکاتەوە، لە کوێش زوڵم و ستەم هەبێ، ئەوا کورد زوڵم قبووڵ ناکات و هێزی بەرەنگاری ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، ڕوون و ڕەوان ئەوەی بە هەمووان گوت، دیسان ئەو ڕاستییە ڕۆشنەی دووپاتکردەوە، کە ئاشتیانە بیردەکەینەوە و، (دانبەخۆداگرتن سنووری هەیە) و، ڕێگەش لە زوڵم دەگرین.
هەر دوای پەیامە مێژووییەکەی، سەرۆک سەردانی پرسەی ئەو شەهیدە مەزڵومەی کرد، (وڵات تاهیر)، کە دوێنێ شەو بە هۆی هێرشی درۆنی گرووپە لە یاسادەرچووەکان گیانی بە شاهادەت و سەرفیرازیی نیشتمان سپارد.
سەرۆک بارزانی، لەنێو پرسەکەدا، بە وێنە و دەنگ و ڕووخسارە کارێزماییەکەی، بە هەمووانی گوت، گەل باڵاترینە و شەهید ئازیزترینە و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.