دواین هەواڵ

ئيسرائيل ١٠٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشت کردەوە و هێرشی زەمينی دەستپێکرد دژ بە حيزبوڵا لە لوبنان

‌رەنج نەوزاد

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئيسرائيل ١٠٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشت کردەوە و هێرشی زەمينی دەستپێکرد دژ بە حيزبوڵا لە لوبنان، هاوکات لەگەڵ بۆردومانێکی وێرانکەر بۆ سەر باشووری بەيروت و کووشتنی چەندين سەرکردەی نوێی حيزبەکە. لە باشووری لوبنانەوە ٣ موشەک ئاڕاستەی ئيسرائيل کرا کە گومان دەکرێت حيزبوڵا بە فەرمی ئەو بڕيارەی دەرکردبێت، ئيسرائيل وەک هەلێکی زێڕين ئەوەی قۆستەوە. ئامانجی سەرەکی ئيسرائيل لەم هێرشە، گرتنی خاکی زياترە لە باشووری لوبنان، هاوکات زیاتر لاوازکردنی حيزبوڵا. لەوبارەیەوە، هەر دوێنێ حکومەتی لوبنان بڕياری قەدەغەکردنی چالاکی سەربازی حيزبوڵا و چەککردنی دەرکرد. 

وەک پێشتر وتم، کاريگەری هێرشەکانی ئيران بۆ سەر توانا و هێزی سەربازی ئيسرائيل، تا ئێستا، یەکسانە بە سفر. هەر بۆیە ئيسرائيل بەوپەڕی خۆشحاڵييەوە بچوکترين هەلی قۆستەوە بۆ ئەوەی بەرەیەکی تری شەڕ بکاتەوە. بە هەمان شێوە، چاوەڕوانی بچوکترين هەڵەیە لە پاشماوەکانی حەماس لە غەززە یان لە کەناری خۆرئاوا بۆ کردنەوەی بەرەیەکی تری شەڕ و گرتنی خاکی زیاتر و گورز وەشاندنی زیاتر. 

بەرەی ئێران لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە باجی سێ گريمانەی هەڵە دەدەن: ١. ئيسرائيل ناتوانێت جەنگێکی درێژ بکات؛ ٢. ناتوانێت لە چەندين بەرەوە شەڕ بکات؛ ٣. ئيسرائيل بەرگەی زیانی مرۆیی و ئابووری ناگرێت. بەم سێ گريمانە هەڵەیە، هيلالی شيعی لەناوبرا و خامنەیی کووژرا و ئێران گەيشتووەتە لێواری کەوتن، ئيسرائيليش بووە هێزی یەکەمی ناوچەکە. 

لە سەرەتای شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەر ئاماژەم پێکرد، هيچ دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی ناوچەکە (تەنانەت لە سەر ئاستی جيهانيش)، وەک کۆمەڵگە و دەوڵەتی ئيسرائيل ئامادەی جەنگ و ئامادەی زیانەکانی جەنگ نين. لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، ڕوون بوو ئيسرائيل دەيويست دووبارە شەڕ بکاتەوە، ئێران هەميشە خۆی لێ لادەدا. ئەمە یەک مانای هەیە، ئيسرائيل لە شەڕی ١٢ رۆژە رەدعی درووست کرد بەرانبەر بە ئێران کە نەيەوێت دووبارە جەنگ بەرانبەر بە ئيسرائيل بکات، ئێران شکستی هێنا لە درووستکردنی رەدع بەرانبەر بە ئيسرائيل، چونکە دووبارە ئيسرائيل دەستپێشخەری کردەوە لە هێرشکردن. بەڵام فکر و ئايدۆلۆژی دينی ناتوانێت دان بەو هەقيقەتانە بنێت، بۆیە باجەکەی بە قوورسی دا. 
 
زیانی مرۆیی و ئابووری لە یەک کات دەکرێت سوپای ئيسرائيل بوەستێنێت، ئەگەر ڕۆژانە سەدان ئيسرائيلی بکووژرێن، ڕۆژانە بە دەیان باڵەخانە و ژێرخانی گرنگ وێران بکرێن. بەرەی ئێران ئەو توانایەیی نييە، هەر وەها، گريمان ئەوە ڕووبدات، مسۆگەر نييە ئيسرائيل بوەستێت، ئەگەرێکی تر ئەوەیە کاردانەوەکەی بەرز بکاتەوە بۆ رەدعی بۆمبی ئەتۆمی، یاخود بڕيار بدات بە هەمان شێوەی ئێران هێرش بکاتە سەر ژێرخان و خەڵکی سڤيل؟ ئاسمانی ئێران لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئيسرائيلە، لە دۆخێکی وادا دەتوانێت بە چەند رۆژێک کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری لە ئێران لەناو ببات جگە لە کووشتنی هەزاران کەس ڕۆژانە. بۆیە، تا ئێستا ئەو زیانانەی بەر ئيسرائيل دەکەوێت، بە براورد بە سروشت و ئامانج و هاوکێشەی جەنگەکە، مایەیی باس نين. دەتوانێت دوو ساڵی تريش بەردەوام بێت و چەندين بەرەی تری شەڕ بکاتەوە. 

هۆکاری سەرەکی ئەم ئامادەیەیی ئيسرائيل، تەنيا بابەتی چەک و تەکنەلۆژيا و هاوپەيمانێتی لەگەڵ ئەمريکا نييە، بەڵکو فاکتەری وەک: سروشت و مێژوو و بنەماکانی ئەو دەوڵەتە جياوازە، سيستەمی پەروەردە، و پشتگيری خەڵک لە سوپا و دەوڵەتەکەی، هەبوونی ديموکراسی و دەزگا و سەروەری یاسا. ئيسرائيل دەزگایەکی سەربازیی ديموکراتە، بۆ دەرەوە هێز و سەرباز، بۆ ناوەوە ديموکراسی و ڕێزگرتن لە هاووڵاتی خۆی. تەماشا بکەن، ترسی یەکەمی ئێران ئەوەیە خەڵکەکەی لە دژی هەڵبگەرێنەوە، لە کاتێکدا ئيسرائيل لەم کاتەدا بە یەک فەرمان ١٠٠ هەزار گەنجی لە ماڵەکانيانەوە هێنایە بەرەی شەڕ. حکومەتی ئيسرائيل وەک یەکەم پشتيوان سەيری خەڵکەکەی دەکات، ئێران وەک یەکەم هەڕەشە سەيری ئێرانييەکان دەکات.

شایەنی باسە ڕووبەری ئيسرائيل نيوەی ڕووبەری هەرێمی کوردستانە، بە ئەندازەی حەسەکە گەورەیە! دانيشتوانەکەشی نزيکەی دووجار لە دانيشتووانی تاران بچووکترە!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP