دواین هەواڵ

تێڕوانینی سوورییەکان بۆ کورد: پڕۆژەکەی مەحەمەد تەڵەب هیلال

‌رەنج نەوزاد

27/01/2026


لە 7-8 ساڵی رابووردوو چەند جارێک سەبارەت بە پڕۆژەکەی مەحەمەد تەڵەب هیلال بابەتم نووسیووە و لە چەند ماڵپەر و ڕۆژنامەیەک بڵاو کراوەتەوە. بۆ تێگەیشتن لە سوریا و تێڕوانینی سوورییەکان بۆ کورد، زۆر پێویستە ئاگاداری ئەم پڕۆژەیە بین. 

محەمەد تەڵەب هیلال سیاسی و ئەفسەرێکی عەرەبی بەعسیی سووری بوو، هەندێک پۆستی وەک وەزیری کشتوکاڵ، جێگری سەرۆک وەزیرانی سووری، باڵوێزی سووریا لە پۆڵەندا هەبووە. پلە سەربازییەکەشی عەمید بوو. لە ٢٠١١ مردووە.

هیلال لە ١٩٦٢ دا لە شێوازی نامیلکەیەکدا پرۆژەیەکی ترسناکی پێشکەش بە حکومەتی سووری و عیراقی کرد. هاوکات، داوای کردبوو  پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و ئێران-دا کاری بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت. پڕۆژەکە لێکوڵینەوەیەکە لە بارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەی جەزیرە (حەسەکە)، لەگەڵ پێشکەشکردنی چەند ڕێنمایی و پێشنیارێک بۆ حکومەتی سووری و عێراقی، لە پێناو تواندنەوەی کورد و بنبڕکردنی دۆزی کورد، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ تورک و فارس.

سەرەتای توێژینەوەکە بە مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەست پێ دەکات. ئەو پێی وایە “کورد ڕەچەڵەکی دیار نییە، نە نەتەوەیە، نە گەلە، نە زمانی هەیە، نە مێژوو، نە شارستانیەت، نە دەوڵەت، نە نیشتیمان، نە ئایین، نە بەها و کلتورێکی هاوبەش، نە شووناس”. هیلال دەڵێت، کورد بریتییە لە تێکەڵبوونی چەند تیرەیەکی دانیشتووی شاخەکان و چەن گرووپێکی بێناسنامەن.  “ئەم گرووپە بێشووناسە، زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان دەهێنن. ئامرازێکن بۆ دروستکردنی کێشە و دابەشکردنی جیهانی عەرەبی و بریتیین لە چەتە و ڕێگر و شەقاوەکانی ڕۆژهەڵات”.

پاشان دێتە سەر باسکردنی دۆزی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، بە ڕستەیەکی زۆر کورت وەسفی دۆزی کورد دەکات و دەڵێت “گرێیەکی شێرپەنجەیی پیسە (خبیث) لە بەشێک لە جەستەی نیشتیمانی عەرەبیدا دروستبووە یاخود دروستکراوە، هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە بڕینی لە ڕەگ و ڕیشەوە”. ئەوەی مایەی سەرنجە، هيلال لەو نامیلکەیەدا بە شێوازێکی تەواو دوور لە زانستییبوون وبێ پشت بەستن بە دەقە مێژووییەکان حوکم لەسەر مێژوو و ڕەچەڵەکی کورد دەدات، هەندێ دێڕی پچڕپچڕ لە سیاقی خۆی دەردەکات و دەیکات بە ئارگومێنت بۆ بڕیارە پێشوەختەکانی خۆی.

پاشان دێتە سەر باسکردنی عەشیرەت و پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی و چالاکییە سیاسیەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، کە هەموویان بە شایەنی لەناوبردن و سڕینەوە دەزانێت. بۆ ئەم مەبەستە، ژمارەیەک پێشنیار دەخاتە ڕوو بۆ سوریا و ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و داوا دەکات زۆر بەجدی وەریبگرن و بە تەواوی جێبەجێی بکەن، پێشنیارەکانی بریتیین لە ١٢ خاڵ:
1. ڕاگواستنی کوردەکانی جەزیرە بۆ ناو شارە عەرەبییەکانی سووریا و پاشان دابەشکردنیان لە ناو شارەکان.
2. سیاسەتی پشتگوێخستن، واتە دروست نەکردنی قوتابخانە و پەیمانگا لە ناوچە کوردییەکان.
3. بێبەشکردنی کوردەکان لە ڕەگەزنامەی سووری، هەروەها ناردنەوەی ئەو کوردانەی کە لە ئەسڵدا خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
4. نەهێشتنی هەلی کار بۆ کوردەکان، بە ئەندازەیەک توانای جووڵەیان نەمێنێت، بەشێوەیەک کە بەردەوام لە دۆخێکی ناسەقامگیر بن و هەموو کات ئامادەی ڕاگواستن بن. کورد بۆی نەبێت موڵک و زەوی بکڕێت، بۆی نەبێت زەوی کشتوكاڵی بکڕێت و بەکرێی بگرێت، هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانیشیان بدرێت بە عەرەب.

5. بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کورد لە ناو عەرەبەکاندا، بۆ ئامادەکردنی عەرەبەکان لە دژیان، بە مەبەستی ناسەقامگیریی و پەشۆکانی کورد.
6. سەندنەوەی سیفەتی ئایینی لە پیاوە ئاینیيەکانی کورد و ڕاگواستنیان و شوێنگرتنەوەیان بە عەرەب چونکە کۆبوونەوە و ئەنجوومەنی پیاوە ئاینیيە کوردەکان نەتەوەییە نەک ئایینی. “ئەوە نییە داوایان لێ دەکەین بەیاننامەیەک دژی بارزانی دەربکەن کەچی بە گوێمان ناکەن.”
7. دروستکردنی پێکدادان و شەڕی براکوژی لە ناو کوردەکان.
8. ناردنی عەرەب بۆ نیشتەجێبوون لە ناوچە کوردییەکان. بەمەش دەبنە چاودێر بەسەر کوردەکان تا ئەو کاتەی کوردەکان دەردەکرێن لە ناوچەکەیان. عەشرەتی “شەمەر” بخرێنە شوێنی کوردەکان چونکە هەژارن و سەد لەسەدیش نەتەوەیین. ئەمەش پێی دەگوترێت پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی (مشروع الحزام العربي) کە حکومەتی سووريا، تەنيا دوای سێ ساڵ لە نووسينی ئەو نامیلەکەیە، واتە لە ١٩٦٥ بڕياری جێبەجێکردنی دەدات و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی تۆکمە لە ڕۆژاڤای کوردستان جێبەجێ کرا. پشتێنەی عەرەبی درێژییەکە ٢٧٥ کيلۆمەتر و قووڵاییەکەی دەگەيشتە ١٥ کيلۆمەتر، لە شاری “دێرک”ەوە تا “سەرە کانێ”ی گرەتەوە.
9. دروستکردنی سەربازگە لە جەزیرە کە ئەرکیان جێگیرکردنی عەرەب و دەرکردنی کورد بێت.
10.  دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزیی کشتوکاڵی بۆ عەرەبەکانی ئەو ناوچانە و چەکدارکردنیان، “ڕێک وەک ئەوەی جووەکان لە ئیسرائیل ئێستا دەیکەن.”
11. ڕێگەنەدان بە دەنگدان و خۆکاندیدکردن بەو کەسانەی عەرەبی نازانن.
12. لەو ناوچانەدا ڕەگەزنامەی سووری تەنها بدرێت بە عەرەب.

نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێشنیازانە تەنها وەک سەرنجڕاکێشانی لایەنی پەیوەندیدارە بۆ ئەو پرسە، ئەگەر نا، ئەم چەند خاڵە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەو “نەخۆشيیە ترسناکە” چارەسەر بکرێت کە ناوی کورد و دۆزی کوردییە. واتە ئەمە تەنيا سەرەتایەکە، دواتر پلان و هەنگاوی دی هەیە بۆ تواندنەوەی کورد لە ناوچەکەدا.

کاتێک  ناوەڕۆکی ئەو نامیلەکەیە ئاشکرا بوو، حکومەتی سووريا و حيزبی بەعس نە نووسەرەکەی سزا دا، نە هيچ بەياننامەیەکی فەرمی لە دژی دەرکرد. تەنيا گوترا ئەوە گوزارشت لە بيروڕای نووسەر خۆی دەکات. لە ٢٠١١ کە  نووسەرەکە دەمرێت، بە ڕێزێکی زۆرەوە ڕەوانەی گۆڕستان دەکرێت لە لایەن حکومەت و دەوڵەتی سوورياوە.

پڕۆژەکەی هیلال لە سەردەمی سوریای ئەسەد کە نیو سەدە زیاتری خایاند، جێبەجێ دەکرا و ببووە تێروانین و سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان. واتە تەنیا بۆچوونی کارمەند و ئەفسەرێکی سووری نەبوو، بەڵکو هی حکومەتیش بووە. لە 2011ەوە بە هۆی شەڕی ناوخۆی سوریا، ئەم پڕۆژەیە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا بە ناچاری وەستێنرا. ئێستا لە سەردەمی جۆلانی، دووبارە هەوڵدەدرێت جێبەجێ بکرێتەوە و لەو تێروانینەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت. زۆرێک لە کورد پێیوایە لە چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکە، تورکیا توندترین و داخراوترینە بەرانبەر بە کورد، لە ڕاستیدا سوریا توندترین و داخراوترینە. تێڕوانینی هیلال بۆ دۆزی کورد، بووە بە کولتور و تێروانینی زۆرینەی عەرەبی سووریا. بۆ نموونە باوکی ئەبو مەحەمەدی جۆلانی لەم ماوەیە کاتێک بۆچوونی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کورد، هەمان بۆچوونی هیلال بوو. 
کوردی ڕۆژئاوا بە درێژایی دەیان ساڵ بەم تێڕوانینە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لە ئێستادا ئەم تێروانینە لە لایەن داعشەوە تەبەنی کراوە، واتە ڕەهەندێکی داعشی تیرۆریستی جیهادیشی بۆ زیادکراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP