لەکاتێکدا گواستنەوەی وزەی جیهانی، گۆڕانی هاوپەیمانییە جیۆپۆلەتیکییەکان و چڕبوونەوەی کێبڕکێکان نەزمی وزەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێناسە دەکەنەوە، ئەوانەی ئابورییەکەیان بەڕادەیەکی زۆر پشت بە هایدرۆکاربۆن (نەوت، گاز، خەڵوز) دەبەستێت دەبێت پێداچوونەوەی خێرا بکەن؟ سەقامگیریی درێژخایەن پەیوەست دەبێت بە ستراتیژییەکانی فرە-چەشنکردن، چاکسازیی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان، ئینجا یەکگرتن لەگەڵ تۆڕەکانی وزەی جیهانی.
بۆ تێگەیشتن لەمە گەرەکە تیشک بخەیتە سەر ئەوەی کە چۆن ڕەوتی داماڵینی کاربۆن-De-carbonization لە ئەوروپا و کەنداو و ئابوورییە گەورەکاندا بازاڕەکانی وزە لە قاڵب دەدەنەوە. هێشتا لە جیهاندا دەوڵەت یان هەرێمێک ماوە وەزارەتێکی بەناوی وەزارەتی نەوت، یان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مابێت!؟ هەر بوونی "ناو"ێکی وا نیشانەی ئەوەیە ئامادەگییەک بۆ وەرچەرخان لە سێکتەری وزەو کارەبا، پیشەسازی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا نییە. هەر بەڕاستی دەستەبەرکردنی هێڵە متمانەپێکراوەکانی هەناردەکردن، باشترکردنی حوکمڕانی و بەکارهێنانی دەستپێشخەرییەکانی پەیوەندی ناوچەیی دەتوانێت هایدرۆکاربۆنەکان بگۆڕێت بۆ بزوێنەری خۆڕاگری نەک لاوازی. دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەردەکەوێت کە ئاسایشی وزە (بەڵکو ئاسایشی نیشتیمانیی) بەندە بە توانای مۆدێرنکردنی دامەزراوەکانی، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و بوێرکردنی پێگەی خۆی لە چوارچێوەی پەرەسەندنی دیمەنی وزەی جیهانیدا.
یەکەم: گواستنەوەی وزە بە پێی ستراتیجی داماڵینی کاربۆن
سیستەمی وزەی جیهانی بەپێی سیاسەتەکانی داماڵینی کاربۆن، کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی و تێوەگلانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەجووڵێتەوە، بۆیە گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی قووڵی بەسەردا دێت. ڕێسا نوێیەکانی میتان/ میسانی یەکێتی ئەوروپا مەرجی چاودێریکردن، ڕاپۆرتکردن و پشتڕاستکردنەوەی تەواوی بۆ دەردانی میتان- Methane و تەنانەت بۆ سووتەمەنی هاوردەکراو داناوە، ئەمەش گرژییەکی زیاتری لەنێوان خواستی ژینگەیی و ئاسایشی وزەدا درووستکردوە. بەپێی ئەم ڕێسا-نامەیە کە چوارچێوەی یاسایی هەیەو ئەنجومەنی وزەی یەکێتی ئەوروپا پەسەندیکردوە؛ دەبێت هەم کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی جیهانی کە ئەرکی هاوردەکردنیان بۆ ئەوروپا لەسەرە، هەم وڵاتان تا ساڵی ٢٠٢٧ دەردانی گازی ژەهراوی لە زنجیرە ئاڵۆزەکانی دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ ئاستی سفر پشتڕاست بکەنەوە.
لێرەدا، یەکێتی ئەوروپا بارگرانییەکی ڕێکخراوەیی دروستکردووە کە تەنانەت کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی وزە دەڵێن لە ڕووی تەکنیکییەوە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. تەحەداکە ڕەگ و ڕیشەی لە ناکۆکی سیاسیدا نییە بەڵکو لە واقیعێکی زانستیەوە سەرچاوەی گرتووە: پشکنینی ورد و پشتڕاستکردنەوە بۆ دەردانی میتانی و دوانۆکسیدی کاربۆن- CO2 کە لە ملیارەها مۆلیکولی گازیی دروستکراوە و لە هەزاران بیر و دامەزراوەوە سەرچاوە دەگرن، کارێکی قوورسەو نیزیکە لە مەحاڵ. بۆیە لە ئەنجامدا خۆ-ڕاگری وزەی ئەوروپاو جیهانیش دەکەوێتە مەترسییەوە؛ چوونکە هەریەکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان، ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەرکی هەناردەکردن و گواستنەوەی گازیان بۆ ئەوروپا لە ئەستۆدایە.
قەتەر یەکێکە لە دابینکەرانی سەرەکی غازی سروشتی شل (LNG) بۆ ئەوروپا، لە ساڵی (٢٠٢٢) ەوە ئاستی هەناردەکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەوروپا زیادکرد؛ بۆ ئەوەی یارمەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدات کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی غازی ڕووسیا درووستبوە. لە ساڵی ٢٠٢٤ دا قەتەر نیزیکەی ١٢-١٤٪ ی گازی سرووشتی شلکراوەی ئەوروپای دابینکردووە، بەمەش دەبێتە دووەم گەورەترین دابینکەر لە دوای ئەمریکا. بەڵام ئەم دابینکردنە بۆ داهاتوو دڵنیایی تیا نییە، چونکە وەزیری وزەی قەتەر هەڕەشەی وەستاندنی هەناردەکردنی نوێی کردووە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ئەو یاسایەی بەناوی "ڕێنمایی وردبینی پێویست بۆ بەردەوامیی کۆمپانیاکان (CSDDD) " جێبەجێ بکات.
لە ئاستێکی بەرفراواندا؛ ئەوروپا، وڵاتانی کەنداو و چین گواستنەوەی هەمەلایەنەی وزە خێراتر دەکەن (گواستنەوە لە هایدرۆکاربۆنەوە بۆ وزەی پاک)، وەبەرهێنانێکی زۆر لە وزە نوێبوەوەکان، هایدرۆجین، جووڵەی کارەبایی، مۆدێرنکردنی تۆڕ و پیشەسازییەکانی کەم کاربۆن دەکرێت، بەمجۆرەش بازاڕەکانی وزەی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردن لە قاڵب دەدەنەوە. بەڵام ئەم گواستنەوەیە ئاماژە نییە بۆ بێ بەهابوونی هایدرۆکاربۆنەکان؛ بەڵکو جیهان بەتووندی بە وابەستەی نەوت و گاز دەمێنێتەوە و خواست لەسەر گازی سرووشتی و نەوت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. لە کاتێکدا قەتەر هەڕەشەی بڕینی گاز لە ئەوروپا دەکات، کەچی پلانی بەرفراوانتر بۆ بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە قەتەر و لە ناوچەکانی دەوروبەر دادەڕێژرێت، چوونکە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی غازی جیهانی نوێ کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٨دا گازی سرووشتی کەنداو بخرێتە سەرهێڵ و بەو یەدەگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست ببەسترێتەوە.
ئەم واقیعە دووانەییە بریتییە لە پێناسەکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی وزە و چڕکردنەوەی کێبڕکێ لەسەر بازاڕەکان و ژێرخانی ئابووری و سەرکردایەتی تەکنەلۆژی. بۆ هەرێمی کوردستان ئەم دیمەنەی کە سەریهەڵداوە هەم مەترسی و هەم دەرفەت نیشان دەدات. پێگەی ستراتیژی ناوچەکە، نیزیکی ئەم ناوچەیە لە ڕێڕەوی بازرگانی نوێ، پێویستی بە توانای دامەزراوەیی، حوکمڕانی وزە و ستراتیژییەکانی هەناردەکردن هەیە. تێگەیشتن لەم ژینگە پەرەسەندووە، کە تیایدا ڕێسا ژینگەییەکان، فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕ یەکتر دەبڕن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی درێژخایەنی ئاسایشی وزە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە.
دوەم: داماڵینی کاربۆن و دەرئەنجامە پێچەوانەکانی
دیکاربۆنیزاسیۆن یان داماڵینی کاربۆن- Decarbonization لە پرسی وزەدا ؛ ئاماژەیە بۆ پرۆسەی کەمکردنەوە و لە کۆتاییدا نەهێشتنی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) لە چالاکییە ئابوورییەکان، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی وزە، گواستنەوە، پیشەسازی و بیناکان دا. ئەمە ئامانجیەتی کەرتە ئابوورییەکان لە سووتەمەنی بەردینی زۆر کاربۆن (نەوت، گاز، خەڵوز) دوور بخاتەوە و بەرەو سەرچاوەی وزەی کەم کاربۆن یان سفر کاربۆن ئاڕاستەیان بکات، وەکو وزەی نوێبووەوە، وزەی ئەتۆمی، هایدرۆجینی سەوز و سیستەمی کارای پێشکەوتووی وزە. بە زاراوەیەکی سادە، دیکاربۆنیزاسیۆن بە واتای "لابردنی کاربۆن لە سیستەمی وزە." ئەمەش پایەیەکی سەرەکی ستراتیژییەکانی کەشوهەوای جیهانییە، چونکە دوانۆکسیدی کاربۆن بەشدارییەکی گەورەو خراپی لە گۆڕانی کەشوهەوادا هەبوەو هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەی بێ-کاربۆنکردن چوار بوارى سەرەکی لەخۆدەگرێت:
• گواستنەوە لە هایدرۆکاربۆنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە (واتە بەرهەمهێنانی وزە لە ڕێگەی: خۆر، با، ئاو، گەرمی زەوی).
• باشترکردنی کارایی وزە لە سەرجەم کەرتەکاندا.
• بە کارەباییکردنی گواستنەوە و پیشەسازی بە بەکارهێنانی کارەبای پاک. ئەمەش بە پێی ڕێساکانی کارەبای پاک (CER)- Clean Electricity Regulations کە حکومەتەکان دای دەڕێژن. بۆ نموونە؛ ڕێساکانی کارەبای پاکی کەنەدا کە تیایدا تا ساڵی (٢٠٣٥) سنووری تەواوەتی دادەنرێت بۆ ئاستی دەردانی گازی گەرمخانەیی لەو وێستگانەی کارەبادا کە بە سووتەمەنی بەردینی کاردەکات.
• جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ گرتنی کاربۆن لەو شوێنانەی کە دەردانی گازی ژەهراوی بە سەختی دەمێنێتەوە تا نەیانهێڵێت.
لەم ڕوانگەیەوە، هەم وڵاتانی کەنداو هەم یەکێتی ئەوروپا و زۆر وڵاتی دیکە کار لەسەر داماڵینی کاربۆن دەکەن، بەڵام چەقی کێشەکە ئەوروپایە، چوونکە ئەو هاوردەکاری نەوت و گازە، بە بەردەوامیش پشت بە گازی ڕووسیاو نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت. یەکێتی ئەوروپا دیکاربۆنیزەکردنی کردووەتە ئەولەویەتێکی ستراتیژی و لە ناوەندی سیاسەتی کەشوهەوا و کارنامەی ئاسایشی وزە و مۆدێلی گۆڕانکاری ئابووریدا دایناوە. بۆ نموونە: ڕێککەوتنی سەوزی ئەوروپا (The European Green Deal ) لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە دەستیپێکردووە و ستراتیژی سەرەکی یەکێتی ئەوروپایە بۆ گەیشتن بە بێلایەنی لە کێشەکانی کەشوهەوا (بەجۆرێک کە دەردانی گازی ژەهراوی بگاتە سفر تا ساڵی ٢٠٥٠). ئنجا ئەوروپا وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە و پیشەسازی سەوز و تەکنەلۆژیای کەم کاربۆن خێراتر دەکات، گواستنەوەی بۆ وزەی نوێبووەوە دەستپێکردوە (ملیۆنەها ئۆتۆمبیل لە وڵاتانی ئەوروپا بە پاتری کاردەکەن).
فراوانبوونی بەرفراوانی وزەی خۆر و با لە سەرانسەری ئەوروپا و جیهان نەک هەر بابەتێکی ژینگەییە بەڵکو بوەتە بابەتێکی بازرگانیی و ئابوریی لەبازاڕەکاندا. سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکانی پەیوەست بە جیاوازییان لە بەرهەمهێنانی کارەبا؛ پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دەیەی داهاتوودا تەنها بەرهەمهێنانی وزەی خۆر (سۆلار) بەهای چوار هێندە زیاد بکات. وەک ئۆیەڵ پرایس ئاماژەی پێکردوە بەهای بازاڕی سۆلار لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە ٠.٤ تریلیۆن دۆلار بووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٤ بگاتە ١.٦ یەک تریلیۆن و شەش سەت ملیار دۆلار. ئەم ڕێرەوی گەشەکردنە ڕەنگدانەوەی ڕێژەی گەشەی جیاجیای ساڵانەیە بە ڕێژەی ١٥.٢٪ لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٤، بەهۆی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە سیستەمە کارەباییە فۆتۆڤۆڵتاییەکان (PV) زیاتر گەشەی سەندوە، هەروەها دابەزینی تێچووی دانان (تەنانەت لە لادێکاندا دانانی ئەم سیستەمە بوەتە شتێکی باو)، جگەلەوەش، بەهۆی پاڵپشتی سیاسەتی حکومەتەکانەوە ئیتر ئەم بەرهەمهێنانی وزەی خۆر وەک جۆرێک لە وزە نوێبوەوەکان لە ئاستی جیهانیدا دنە دراوە.
ڕێککارەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دوورکەوتنەوە لە نەوت و گاز و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هایدرۆکاربۆنەکان زۆرن، ئامانجی ئەوەیە تا ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠٣٠ زۆربەی کارەبای خۆی لە وزەی نوێبووەوە بەرهەمبهێنێت. لەگەڵ ئەمەشدا نرخێک دەخاتە سەر کاربۆن، ئەمەش پیشەسازییە قوورسەکان و کارخانەکانی فڕۆکەو ئۆتۆمبیل ناچاردەکات پارەی دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن بدەن. ئیتر بەمجۆرە ساڵانە سنووری دەردانی گازی ژەهراوی توندتر دەکرێتەوە، لە دوایین هەنگاودا یەکێتی ئەوروپا گازی میتان/ میسان-CH4 کردە ئامانج کە ئاستی گازی ژەهراویی تیایدا زۆر بەهێزترە لە دوانۆکسیدی کاربۆن-CO2 :
سێهەم؛ ڕێسای میتانی (2025)
ئامانج لە ڕێکخستنەوەو ڕێسانامەی میتان – Methane Regulations کەمکردنەوەی دزەکردنی گازی میسانە لە زنجیرەکانی دابینکردنی نەوت، گاز و خەڵوزدا- چ لە ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا و چ وزەی هاوردەکراو! ئەمەش زۆر گرینگە چونکە یەکێتی ئەوروپا زۆربەی غازەکەی لەدەرەوە هاوردە دەکات، ئەم سووتەمەنی هاوردە-کردنەش ڕێگە خۆش دەکات گازی میسان دزە بکاتە ناو ئەوروپاوەو شوێنپێی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو خۆش بکات.
بۆ ئەوەی لەناوخۆی ئەوروپادا چوارچێوەیەکی یاسایی بدرێتێ؛ لە ٤ ی ئابی ٢٠٢٤ دەنگیان بەم ڕێسایە دا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەدوایدا لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وزەی یەکێتی ئەوروپا؛ بە ئامادەبوونی وڵاتانی ئەندام گفتوگۆی فراوانتریان لەسەر ڕێساکە کرد، مەرجیان خستە سەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی سوتەمەنی بۆ ئەوروپا دابین دەکەن! ئەم ڕێسانامەیە تەنها کار لەسەر بەرهەمهێنانی فیوسیل فیوڵەکان ( الوقود الأحفوري) ناکات کە بەهۆیەوە گازە ژەهراوییەکان دەردەدرێت و ژینگە پیس دەکات، بەڵکو بۆ هاوردەکردنیش مەرج دانراوە؛ بەپێی ئەم مەرجە، هاوردەکاران (کۆمپانیا زەبەلاحەکان هاوردەی دەکەن) دەبێت نیشانی بدەن کە نەوتی خاو، غازی سروشتی، یان خەڵوزی هاوردەکراو بۆ یەکێتی ئەوروپا داوەرانە بەرهەم هێنراوە، ئەوەش لە ژێر سەرپەرشتی دەستەڵاتێکدا نیشانی بدا مەرجەکانی چاودێریکردن، ڕاپۆرتکردن و پشتڕاستکردنەوەی بسەلمێنێ کە ئەو بڕە هاوردەکراوە هاوتای ئەوانەیە کە لە بەرهەمهێنانی
ناوخۆدا لە یەکێتی ئەوروپادا بەڕێوە دەچێت؛ ئەم "پشتڕاستکردنەوە" یە قوورسە و زەحمەتە بۆ کۆمپانیاکان و هاوردەکاران؟ چوونکە خۆی لە ڕووی زانستییەوە هەموو ماددەیەک بە تایبەتی ماددە کیمیاوییەکان لە ئەتۆم و مۆڵیکول پێکهاتوە (مۆڵیکوڵ لە گازدا، تەنۆلکەیەکی بچووکە کە لە ئەتۆمێک/ گەردیلە یان چەند ئەتۆمێک پێکهاتووە و بە ئازادی و بە خێرایی بە هەموو ئاراستەکاندا دەجووڵێت). بۆئەوەی بابەتە بە وشکی نەمێنتەوە کڕۆکی بابەتەکە ئەمەیە:
هەموو دەردانی گازێک لە مۆلیکولی گازی دروستکراوە. بۆ نموونە: وێستگەیەکی کارەبا کە گازۆیل دەسوتێنێت، مۆلیکولی CO2 بەرهەم دەهێنێت. دزەکردنی ئەو گازەی لە کێڵگەیەکی نەوتەوە دێت مۆلیکولەکانی میتانی (CH4) بە هەوادا ئازاد دەکات. ئەم مۆلیکولانە لە بەرگەهەوادا کۆدەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر: گۆڕانی کەشوهەواو کوالێتی هەوا و تەندرووستی مرۆڤ دەبێت. لە ڕێساکەی میتانیی یەکێتی ئەوروپادا هاتوە کە دەبێت هەموو مۆڵیکوڵێک بپشکندرێ و بە ڕاپۆرت پشتڕاست بکرێتەوە! ئێ بەڵام سرووشتی پیشەسازییەکە دەڵێت کە ناتوانرێت پشتڕاستکردنەوەی دەردانی گازی سەرچاوە جیاوازەکانی غاز بۆنموونە لە بارێکی گازی شل (LNG) دا هەبێت، بەتایبەتی لە حاڵەتێکدا کە ئەمریکاو ترامپ لەئارادان و گاز لە ئەمریکاوە بە ئەوروپا بفرۆشرێت. ئەو گازە لە هەزاران بیر ەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بەرهەمدەهێنرێت، کە دەڕژێتە دامەزراوەکانی شلکردنەوە و هەناردەکردنەوە؛ هاوردەکاران دەڵێن ناتوانن هەموو تاکە مۆلیکولێک پشتڕاست بکەنەوە. هەروەها ڕوون نییە کە یەکێتی ئەوروپا چۆن ئەو پشتڕاستکردنەوەیە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەلایەن هاوردەکارانەوە پێشکەش دەکرێت!؟
بۆیە، ئەو نیەت و پلانەی کە یەکێتی ئەوروپا بۆ خۆ-دوورگرتن لە نەوت و گاز پشتی پێ بەستوە لە پێناو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە. ڕاستە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی یاسایی گرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەردەوامیی وزە، بەڵام بەم کارە، خەریکە ئەو شتە تێکدەدات کە بووەتە جەوهەری پرسی وزە، ئەویش "پرسی ئاسایش"ە، لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا و ئەو تێگەیشتنەی کە ئەوروپا چیتر پشت بە ڕووسیا نابەستێت بۆ دابینکردنی غازەکەی کەمێک لە خەیاڵەوە نیزیکە؟ هێشتا بەکاربردنی جیهانی بۆ نەوت و گاز لە لووتکەدایە، ئەگەر ڕێساکەی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت تێچووی زۆر لەسەر وڵاتانی ئەندام درووست دەکات و خۆڕاگری وزەی یەکێتی ئەوروپاش تێکدەدات.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا و قەتەر و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پیشەسازییەکانی دیکەی غاز داوای گۆڕانکاری خێرا و توند دەکەن لە ڕێساکانی ئەوروپادا، زیاتر لەوەش پێیانوایە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا بیەوێت ئاسایشی وزەی خۆی بپارێزێت و بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی LNG لە دابینکەرانی سەرەکییەوە، دەبێت ئەو ڕێسانامەیە هەڵبوەشێنێتەوە. ڕێسای میتانی تەنها یەکێکە لە بەرهەمەکانی بیرۆکراتیەتی یەکێتی ئەوروپا.
هەرچۆنێک بێت، شەمەندەنەفەری گۆڕانکاریی و وەرچەرخان لە پرسی وزەدا ساڵانێکە دەستی بە ڕێگە بڕین کردوە، بەتایبەت لە ئەوروپاو کەنداو و چین. پرۆسەکە گشتگیرە؛ کارەبا و جوڵەی سەوز دەگرێتەوە، کە یەکێتی ئەوروپا پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی تا ساڵی ٢٠٣٥ ئۆتۆمبێلی کە بە سووتەمەنی ئیش دەکەن قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی پێبهێنێت. وەبەرهێنانێکی گەورە لە ژێرخانی شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV) دا دەکرێت. نوێکردنەوەی هێڵی ئاسن و گواستنەوەی گشتی بەشێکە لە هەوڵەکانی داماڵینی کاربۆن. ستراتیژی هایدرۆجین یەکێکی دیکە لە لقەکانی وزەی پاک کە لە پەرەپێدانی هایدرۆجینی سەوز دا خۆی دەبینێتەوە بۆ داماڵینی کاربۆن لە پیشەسازی قورس و کەشتیوانی و گواستنەوەی دوور. ئامانجی وڵاتانی کەنداو (بەتایبەتی سوڵتانییەتی عومان) وە چین و یەکێتی ئەوروپا ئەوەیە ببێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ تەکنەلۆژیای هایدرۆجین، بۆ ئەم مەبەستەش کێبڕکێکانیان دەست پێکردوە.
چوارەم: تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد ڕێگەکە کورتتر دەکەنەوە
بەلای کەمەوە تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان تۆڕەکانی کارەبا مۆدێرن دەکەن لە ڕێگەی:
- تۆڕە زیرەکەکان (چاودێریکردنی کاتی ڕاستەقینە، هاوسەنگی ئۆتۆماتیکی)
- سێنسۆر ی پێشکەوتوو و پێوەرە زیرەکەکان
- لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینیکردنی لۆد لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکرد- AI
بۆ نموونە: وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و چین سیستەمی تۆڕی زیرەک بەکاردەهێنن بۆ تەواوکاریی و یەکخستنی پشکی گەورەی وزەی با و خۆر.
ئەم تێوەگلانەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکریش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دیکاربۆنکردن دادەنات، چوونکە:
- ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی بەرزی وزەی نوێبووەوە دەدات
- زیانەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە
- سەرچاوەی وزەی پچڕپچڕ (خۆر/با) هاوسەنگ دەکات
لە کۆتاییدا؛
هەموو ڕۆژێک کە خۆر هەڵدێ، دەنگوباسەکانی وزەی پاک و نوێبوەوە و گواستنەوەی وزە-Energy Transition هەموو کونجێکی گرتۆتەوە، هەموو سێکتەرەکانی گرتۆتەوە و لەپاڵیدا یەکێتی ئەوروپا لە ڕێگەی سندوقی داهێنان و میکانیزمی ڕێکخستنی سنووردانان بۆ کاربۆن پشتگیری لە چیمەنتۆی سەوز و بەرهەمهێنانی کەم کاربۆن دەکات، پرۆسەکە گەیشتوە بە پیاچوونەوە بە یاساکانی بیناو ئامێرە کاراکان، دەستپێشخەری شەپۆلی نۆژەنکردنەوە بۆ نوێکردنەوەی ملیۆنان بینا لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزە و دەردانی گازی ژەهراوی. هەروەها باجی کاربۆن دەخاتە سەر هاوردەکردنی کاربۆن زۆر بۆ ڕێگریکردن لە "دزەکردنی کاربۆن"، هەموو ئەمانە بۆ پاراستنی پیشەسازییەکانی یەکێتی ئەوروپایە.