سیستەمی سیاسی ئەمریکا چۆنە؟
کۆنگرێس چیە؟ سێنەت چیە؟
نیوەی خول (میدتێرم) چیە ؟
سیستەمی پلەبەندی (Staggered) چۆن کار دەکات؟
بۆچی ترەمپ دەسەڵاتی زۆرە؟ چۆن دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەم دەبێتەوە؟
(ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کەمێک لە سیستەمی سیاسی ئەمیرکا تێبگەین، زۆرجار خەڵک نازانێت سیناتۆر کێیە و سەرۆک بۆ چی هەندێک جار دەسەلاتی زۆر هەندێک جار وانیە. مانگی ١١ی ئەمسال میدتێرمە ئایا چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر ترەمپ، هیوادارم کاتتان هەبێت بیخوێننەوە)
بەپێی دەستوری ئەمریکا سیستەمی سیاسی ئەمریکا وەک کۆمارێکی فیدراڵی دەستوری پێناسە کراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە خەڵک بە دیموکراسی دەنگ دەدەن و حکومەت هەڵدەبژێرن. دەسەڵاتی حکومەت بە دەستوور سنووردار کراوە، دەسەڵاتیش لە نێوان حکومەتی (فیدراڵی) و پەنجا ویلایەتەکەدا دابەش دەکرێت.
لەسەر ئاستی فیدراڵی سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (الفصل بين السلطات، Separation of Powers) بونیاد نراوە، واتە هەرسێ دەسەلاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، بەم جۆرە :
١- یاسادانان (کۆنگرێس): کارەکانی بریتین لە، دارشتن و دەکردنی یاساکان، چاودێری کردنی حکومەت.
گۆنگرێس پێکهاتووە لە سیستەمێکی دوو ئەنجومەنی، ئەوانیش: ئەنجومەنی نوێنەران (مجلسي النواب،House of Representatives )، ئەنجومەنی پیران "سێنەت" (مجلس الشيوخ، Senate).
٢- دەسەڵاتی جێبەجێ کردن: کارەکانی بریتین لە، جێبەجێکردنی یاسا و بەڕێوەبردنی وڵات.
پێکهاتووە لە، سەرۆک کۆمار کە سەرۆکی وڵاتە و فەرماندەی گشتیە، هەروەها جێگری سەرۆک و کابینەی حکومەت. ئەمانە دەسەڵاتی تەواوی جێبەجێکردنی یاساکانیان هەیە.
٣- دەسەڵاتی دادوەری: کارەکانی بریتین لە، یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و سەروەری یاسا، تەفسیرکردنی یاساکان.
پێکهاتووە لە، دادگای باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتە، هەروەها تەواوی دادگا فیدراڵیەکانی تر.
نیوەی خول چیە؟
ئەنجومەنی نوێنەران (House of Representatives) کە پێکهاتووە لە ٤٣٥ ئەندام، لەسەر بنەمای دابەشبوونی دانیشتوان لە ویلایەتەکاندا دانراوە، هەر دوو ساڵ جارێک بە دەنگدان هەڵدەبژێردرێن. هەر چوارساڵ جارێکیش کاندیدە دەرچوەکانی حزبی براوە سەرۆک کۆماریش دیاری دەکەن.
"بە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە دەوترێت (کۆنگرێسمان، کۆنگرێسومان، یان نوێنەر)".
بەڵام ئەنجومەنی پیران (سێنەت Senate) پێکهاتووە لە ١٠٠ ئەندام، هەر ویلایەتێک دوو ئەندامی هەیە کە بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن، بەڵام هەر دوو ساڵ جارێک یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران بۆ جاری دووەم هەڵدەبژێنەوە. ئەمە کەمێک ئاڵۆزە بەلام بەکورتی: ئەنجومەنی پیران بە پێچەوانەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە تەنیا بۆ ٢ ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەندامەکانی بۆ ماوەی ٦ ساڵ لەسەر کورسییەکانیان دەمێننەوە تەنیا یەک لەسەر سێی ئەندامان دەگۆڕدرێن واتە لە ١٠٠ ئەندام هەر دووساڵ جارێک ٣٣ بۆ ٣٤ کەس دەگۆڕێن. ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی کە هەموو ئەندامەکان پێکەوە بگۆڕدرێن و پشێوی دروست ببێت، ئەم سیستەمی پێێ دەڵێن پلەبەندی (Staggered).
"بە ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە دەوترێت (سیناتۆر)".
سیستەمی پلەبەندی (Staggered) چۆن کار دەکات؟
ئەنجومەنی پیران (سێنەت) دابەش کراوە بۆ سێ کۆمەڵە (یان سێ پۆل):
کۆمەڵەی یەکەم: دوای دوو ساڵ هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت.
کۆمەڵەی دووەم: دوای چوار ساڵ هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت.
کۆمەڵەی سێیەم: دوای شەش ساڵ هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت.
هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران پێکەوە کۆنگرێس دروست دەکەن بەلام ئەم جیاکاریەیان کردووە بۆ دروستکردنی بالانسی هێز لەنێوان ویلایەتەکاندا بۆ نمونە:
لە ئەنجومەنی نوێنەران: ویلایەتە گەورەکان (وەک کالیفۆرنیا) دەسەڵاتیان زۆرترە چونکە دانیشتووانیان زۆرە. بەلام لە ئەنجومەنی پیران: ویلایەتە بچووکەکان (وەک ڤێرمۆنت) هەمان دەسەڵاتی کالیفۆرنیایان هەیە ( چونکە هەریەکەیان ٢ سیناتۆریان هەیە) ئەمەش بۆ ئەوەی مافی ویلایەتە بچووکەکان نەخورێت.
گرنگی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول (Midterm Elections)
ئەم هەڵبژاردنە ڕێک لە نیوەی ماوەی چوار ساڵەی سەرۆکایەتی کۆماردا ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە سەرۆک لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ هەڵبژێردرا، واتە میدتێرم لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ دەبێت.
تەواوی ئەم هەڵبژاردنانەش لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەبێت، بەلام لەبەر ئەوەی سەرۆک چوار ساڵ جارێکە، ئەمە زیاتر گرنگی هەیە و خەڵک زۆرتر دەچن بۆ دەنگدان.
گرنگی میدتێرم لە چەند خاڵێکدایە:
١- دیاریکردنی زۆرینە: لەم هەڵبژاردنەدا هەر ٤٣٥ کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران (سێنەت) واتە (٣٤) کورسی دەنگدانیان بۆ دەکرێتەوە. هەر حزبێک زۆرینە بباتەوە، کۆنترۆڵی یاسادانان دەکات، دەتوانێت یاساکانی سەرۆکیش هەڵبوەشێنێتەوە.
٢- پەیامێک بۆ سەرۆک: زۆرجار وەک "هەڵسەنگاندێکی گشتی" دەبینرێت بۆ کارەکانی سەرۆک. ئەگەر حزبی سەرۆک کورسی بدۆڕێنێت، ئەوا سەرۆک دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە و ناتوانێت یاساکانی بە ئاسانی تێپەڕێنێت.
٣- گۆڕینی نەخشەی سیاسی: ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بیباتەوە، دەتوانێت ڕێگری لە بودجە و پڕۆژەکانی سەرۆک بکات یان لێکۆڵینەوە لە حکومەتەکەی بکات.
تێبینی: هۆکاری ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی زۆرە، چونکە حزبەکەی (کۆماریەکان) لە هەردوو ئەنجمونەکە براوەن، واتە زۆرینەن.
لێپرسینەوە (Impeachment) چۆن ئەنجام دەدرێت؟
لێپرسینەوە یان لادانی سەرۆک (یان بەرپرسانی باڵا) یەکێکە لە ئاڵۆزترین و قورسترین کارەکانی کۆنگرێس. هەر دوو ساڵ جارێک لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ئەندامانی کۆنگریس ئەگەری هەیە ئەمە ڕووبدات.
لێرەدا دەبینیت کە چۆن هەردوو ئەنجومەنەکە ڕۆڵیان دابەش کراوە:
قۆناغی یەکەم: ئەنجومەنی نوێنەران (وەک ڕۆڵی داواکاری گشتی)
١. سەرەتا ئەنجومەنی نوێنەران لێکۆڵینەوە دەکات.
٢. ئەگەر بەڵگەی پێویست هەبوو (وەک ناپاکی گەورە، بەرتیل، یان تاوان)، دەنگ دەدەن.
٣. ئەگەر زۆرینەی سادە (٥٠٪ + ١) دەنگی دا، ئەوا سەرۆک بە فەرمی "تۆمەتبار" دەکرێت ئەمەیە پێی دەوترێت (Impeached) بەڵام لەم قۆناغەدا هێشتا لەسەر کارەکەی لانەچووە.
قۆناغی دووەم: ئەنجومەنی پیران (وەک ڕۆڵی دادگا)
١. دۆسیەکە دەچێتە ئەنجومەنی پیران، لێرەدا دادگاییکردنێکی ڕاستەقینە ڕوودەدات.
٢. سیناتۆرەکان وەک "دەستەی سوێندخۆران" (Jury) کار دەکەن.
٣. بۆ ئەوەی سەرۆک بە تەواوی لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی (٢/٣) دەنگەکان هەیە واتە ٦٧ دەنگ.
لە کۆتایدا تێدەگەین کە پێنج شت سیستەمی ئەمریکا پاراستووە:
١- دەستوور
٢- دابەشکردنی دەسەڵات
٣- پلەبەندی
٤- هەڵبژاردنی ناوەڕاست
٥- لێپرسینەوە
تێبینیەکی گرنگ:
تا ئێستا لە مێژووی ئەمریکادا، چەند سەرۆکێک لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆمەتبار کراون (وەک بیل کلینتۆن، ئەندرۆ جۆنسۆن، دۆناڵد ترەمپ دووجار"لە مید تێرمی ٢٠١٨ و لە کۆتایی خول ٢٠٢٠")، بەڵام هیچ کامیان لە ئەنجومەنی پیران سزا نەدراون، تەنها هەندێک جار دەسەڵاتەکانیان کەم کراوەتەوە و هەموویان لە پۆستەکانیان ماونەتەوە.