دواین هەواڵ

پەیمانگەی ئیسلامیی بۆ پرسە کوردستانییەکان

‌بەهرۆز جەعفەر

12 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیتر بەرە-بەرە دەردەکەوێت حیزب و بزاوتە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا "حیکایەت یان قەزیە- نەرەتیڤ" ێکیان نامێنێ. تۆ بۆچی هەیت؟

فێری ئاینداریم دەکەی!؟ ئێ من خۆم و باوک و باپیریشم موسڵمانم، هەزارەها وتاری مامۆستایانم لە ڕۆژانی هەینی و شوێنە جیاجیاکاندا گوێ لێگرتوە، سەدان جار قورئانی پیرۆزمان خوێندوەتەوەو گوێ لبێبوە. فێری ژینگە پارێزیمان دەکەن؟ پێویستی بەئێوە نییەو سەدان ڕێگەی ئاسانتر هەیە. فێری کوردبوون و دامەزراوە-گەراییمان دەکەن؟ نەخێر.

کەواتە پێویستە هەنگاوێکی کردەیی بنرێت، هەنگاوێك یان تاکە پێشنیارێک بە سوودی کوردو شوناسەکەی بشکێتەوە، لەگەڵ ڕۆحی سەردەمەکەدا بگونجێت ئەوەیە پەیمانگەیەک یان ڕێکخراوێکی مەدەنی- ئیسلامی دابمەزرێت هەموو ئەو فیگەرە ئیسلامیانەی دەستیان بە کوردو کوردستانیبونەوە گرتوە کۆبکاتەوە؛ بگرە لەناو هەموو حیزب و لایەنە ئیسلامییەکاندا کەسانی کارامەو بە هەڵوێست هەن و، لەخۆیان بگرێت. بۆچی؟
- ئەم پەیمانگە ئیسلامییە لە ڕوانگەی ئاینی ئیسلامییەوە وەڵامی ئەحمەد شەرع و خالید مەشعەلەکان و ئەوانەی پشتی ئەمان بداتەوە.
- زیاتر لە ١٠٠ ساڵە خەلافەت/ دەوڵەتی عوسمانی هەڵوەشاوەتەوە کەچی هێشتا تورکیا شیرەو ئیلهام لەو پاشخانەی عوسمانییەکان وەردەگرێت.
- دەوڵەوت/ خەلافەتی ئەمەوی (٦٦٢- ٧٥٠ زاینی) حوکمیان کردوە؛ ڕێک ١٢٧٦ ساڵە لە بەین چوون و نەماون، کەچی ئەحمەد شەرع هاتوە لە سوریا خاوەندارێتی لەو پاشخانە دەکاتەوە.
- فارس لە ئیمراتۆرییەتی فارس و، هەرنەبێت ئێرانی ئەمڕۆ ئیلهام و وزەو سوود لە خێزانی حەشاشییەکان و "حەسەن سەباح" وەردەگرێت کە هەزار ساڵ پێش ئێستا لە قەڵای ئەلەمووت دانیشتبوو، لە ڕێگەی کاری دەعوەو بانگەوازیی شیعەی ئیسماعیلییەوە دەستیان لەکاروباری نەک دەوروبەری خۆیان بەڵکو تونس و مەغریب و..تادوایی وەردەدا، چەندین جار ویستیان "سەڵاحەدینی ئەیوبی" تیرۆر بکەن.

- عەرەبەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی "قەتەر و سعودییە بەتایبەتی" دەستیان بە کۆمەڵێک شتەوە گرتوە، وەک بڵێی ناویان نابێت شارستانییەتی عەرەبی و چارەسەری عەرەبییانە بۆ کێشەی وڵاتە عەرەبییەکان پێشکەش دەکەن، وەک ئەوەی لە سوریای دوای کەوتنی ئەسەد دا بیندرا و دەبیندرێت.
ئەی کورد؟

کورد نابێت وەک جەستەیەک بە بێ "سەر" لە مەیدانەکەدا بگەڕێت. نابێت هەر قسە بکات، گوێگرتن لە میدیاو سەیرکردنی سۆشیال میدیا، گوێگرتن لە مامۆستایانی ئاینی و حیزبی ئیسلامی و حیزبەکانی تریش تەنها قسەیە، دەبێت ئەمە وەربچەرخێ بۆ کردار. کردارێک کە کۆمەڵێک شتی گرینگ ڕێک بخاتەوە:

- حیزبە ئیسلامییەکان لەناو خۆیان هەروەها لەگەڵ فیگەرە نیشتیمانییەکان یەکتر بخات، هەرنەبێت گوتاریان یەکبخات.
- کردارێک کە بەزمانی عەرەبی و ئینگلیزیی و فارسی و تورکی و ئەوروپی قسە بکات..بەناو فەرهەنگی کوردییدا بگەڕێیت سەدان نموونەی باڵات هەیە، یەکێل لەوانە بکەیتە ڕێبەری ڕۆحی خۆت؛ دیالۆگی ئەوانی تر بکەیت، ئەوانی تر لەدەرەوە ڕابکێشیتە ناو بازنەکەی خۆت، نەک تۆ بچیتە ناو بازنەکەی ئەوان و بە درێژایی مێژوو بەکاریان هێناویت و بەکارت دەهێنن. کاریگەری و تێڕوانین و ڕێکخستنی "ئیخوان موسلیمین" لەکۆتایی حەفتاکانەوە گەیشتوەتە کوردستان و، تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە! هەروەک چۆن لە سەرەتای حەفتاکانەوە بێ ئەوەی وەک پێویست ئەوکاتە لەو شاخ و لاپاڵانەی کوردستانەوە بزانن "ماوتیستۆنگ" کێیەو چییەو چۆنە، کۆمەڵە وەک بزافێکی چەپ لە کوردستان درووست بوو، دواتر لە بازنەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا توێندرانەوە؛ دواتر هەرخۆیان بۆیان دەرکەوت ئەو سەدان نامیلکەیەی نووسیویانە لەسەر سەرۆک "ماو" ەکەیان هەڵە بوەو، هەر لەبنچینەدا "ماو" دیکتاتۆرێک بوەو ملیۆنەها کەسی لە چین لە برساندا کووشتوە...و...تادوایی.

بۆیە، دۆخەکە "کوللەن" گەرەکییەتی "پەیمانگەی ئیسلامیی بۆ پرسە کوردییەکان" یان "کوردستانییەکان" یان شتێکی لەو جۆرە دابمەزرێ، ئەگەر حکومەتەکەی هەرێمی کوردستانیش ئەمە لە خۆ-بگرێت و ئاڕاستەیان بکات، ئەوە هەر زۆر باشتر دەبێت. ئەمشەو بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ برای بەڕێز و توێژەری بواری ئاینەکان "د. ئادەم بێدار" ئەم بابەتەم تەتەڵەکرد. هیوادارم و گرینگ کارەکە سەربگرێت و، بچێتە سەر سکەی خۆی، ئامانجی گەورە-گەورە دەپێکێت. لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٣٠٠٠) سێ هەزار ڕێکخراو و ئینستیوت و دامەزراوە تۆمارن، بۆچی شتێکی لەمجۆرە لە کوردستان نییە!؟ ئایا ئێوە دەزانن تا ئەمڕۆ کە ئێمە باسیان دەکەین زیاتر لە (١٧٥٠) کەناڵی میدیایی جۆراوجۆر مۆڵەتدار لە باشوری کوردستان کاردەکەن، بۆچی ختووکەی شتێکی وا نادەن!؟

هەنگاوێکی وا لەگەڵ دۆخی دراماتیکییانەی "جیۆپۆڵەتیکی" جیهانی و ناوچەییدا، لەگەڵ تێزەکانی ساموێل هۆنتگتۆن دا کە لە "بەیەکداکێشانی شارستانییەتەکان" دا پێشبینیکردوە، زۆر گونجاو و داواکراوە. ئەمە هەنگاوێکی "دامەزراوەیییە" بیرکردنەوەکان یەکدەخات و پەرشوبڵاویی ناهێڵێت، تواناکان ئاڕاستە دەکات، مەعریفەیەکی نیشتیمانیی- کوردیی- ئاینی- سیاسیی پێشکەش دەکات و، پێشوازیی لێکراویش دەبێت لەلایەن ئەرمەنەکان، ئاشورییەکان، جوولەکەکان، مەسیحییەکان، زەردەشتییەکان و تەواوی لایەنە جڤاتیی و کوردییەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP