دواین هەواڵ

سوریا دوای یەک ساڵ!

‌رابەر تەڵعەت

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵێکە ئەسەد روخاوە، سوریای نوێ هێشتا هەر لە دۆخی جەنگدایە ؛ پەیوەندی نێوان دیمەشق و هەسەدە لەسەر رێڕەوی دانوستانێکی ناسک بە نێوەندگیریی ئەمریکا، گرژیی مەیدانیی ڕوو لە هەڵکشان و فشاری هەرێمیدا هەڵبەز و دابەز دەکات، ئەمە وایکردووە دۆسیەی هەسەدە یەکێک بێت لە ئاڵۆزترین و یەکلاکەرەوەترینەکان بۆ داهاتووی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سوریا. ڕێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥، لەنێوان ئەحمەد ئەلشەرع و مەزڵووم عەبدی بە نێوەندگیریی ئەمریکا، سەرەتایەک بوو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ڕێککەوتنەکە بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی هەسەدە بوو لەگەڵ دەوڵەت و گواستنەوەی هێزەکانی بۆ ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، ئەمەش دەبوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ رووبدات.

بەڵام زۆری نەخایاند گفتوگۆکان پەکيان کەوت، هەردوولا ناکۆکیی ریشەییان لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن هەبوو؛ ئەمەش سێبەری گومانی خستە سەر داهاتووی ڕێککەوتنەکە. دیمەشق، بەهۆی فشارە بەهێزەکانی تورکیاوە، هەوڵی چەسپاندنی دەوڵەتێکی ناوەندیی یەکگرتوو دەدات، فیدراڵیی و ئۆتۆنۆمیی بەرفراوان ڕەتدەکاتەوە. لە بەرامبەردا، هەسەدە سوورە لەسەر پاراستنی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری و ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ساڵانی شەڕدا بەدەستی هێناون و داوای سیستمێکی لامەرکەزی دەکات کە مافی پێکهاتەی کورد مسۆگەر بکات. ئەنقەرە، هەسەدە بە درێژکراوەی (پە*کە*کە) دەزانێت و ستراتیژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزەیە. تورکیا پشتیوانیی سەربازی و لۆژیستی بۆ سوپای نوێی سوریا زیاتر کردووە و ئامانجی بەهێزکردنی دیمەشقە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاکی سوریادا، ئەمەش لە بەرامبەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دژی کورد.

ئەم هەڵوێستە توندەی تورکیا فشارێکی گەورەیە لەسەر حکومەتی ئەلشەرع و سازشکردن بۆ "هەسەدە" ئاڵۆز دەکات. دیمەشق و ئەنقەرە تێکەڵبوونی هەسەدە بەهێزەکانی بەرگریی و ناوخۆی سوریا وەک یەکەیەکی سەربازیی یەکپارچە رەتدەکەنەوە. هەروەها، کۆنترۆڵی هەسەدە بەسەر کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریادا، گرێیەکی دیکەی دانوستانەکانە، چونکە ئەم سەرچاوانە بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە زۆر گرنگن. ئەم گرژییانە بوونەتە هۆی پێکدادانی چەکداریی پچڕپچڕ لە ناوچەکانی وەک حەلەب و ڕەققە. ئەنجام؛ دۆسیەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ڕێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥ لە وەرچەرخانێکی چارەنووسسازدایە. لەوەدەچێ دیالۆگ بەهۆی ناکۆکیی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکان و فشارە هەرێمییەکان، بەتایبەت تورکیا، گەیشتبێتە بنبەست. لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت، بەڵام کاریگەریی و بایەخی بۆناوچەکە بە گشتی کەم کردۆتەوە. سیناریۆی چاوەڕوانکراو لە کورتخایەندا، بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستووی پڕ لە گرژییە، لەپاڵ ئەگەری زیادبوونی پێکدادانە مەیدانییەکاندا.

داهاتووی سەقامگیریی سوریا لەژێر ڕۆشنایی دۆخی ئێستا، ئەستەمە! بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوو، پێویستە کورد ستراتیژییەکی دوولایەنە پەیڕەو بکات: لەلایەک، لەڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق کاربکات بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەناو سوپای نیشتمانیدا، بە مەرجی پاراستنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان، هاوکات بەردەوامبن لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان. لەلایەکی دیکەوە، پێویستە ئامادەیی سەربازی و توانای بەرگریی خۆیان بپارێزن و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری بەهێز بکەن، لەگەڵ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئامادەی هەر سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو بن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP