دواین هەواڵ

تابووری پێنجەم

‌شاخەوان ئیبراهیم عەبدوڵڵا

پێش 3 هەفتە

عێراقی ئێستا بە چەند ئاراستەیەكدا دەڕواتە پێش، ئاراستەیەكیان دامەزراوەكانی بونیاد دەنێتەوە بە جۆرێك بە هێواشی دەبێتە دەوڵەتێكی بە سیستەم دیكتاتۆریەتی كەسی و چەند سەركردەیەك لەنێو خۆیاندا لەسەر پشكەكانیان لەڕووی ژمارەی چەكدار و ئابووری و پۆستی سیاسییەوە ڕێككەوتوون و وڵاتەكەش بەو جۆرە گەشە دەكات كە ئەو ژمارە سەركردەیە نەخشەڕێگەی ئاراستەكان دیاری دەكەن.

لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەكەی سەددام حوسێنەوە، ئەمەریكا كاری زۆری بۆ بەدیموكراسیبوونی عێراق كرد، بەڵام لە هیچیان سەركەوتوو نەبوو، بەناچاری دەستبەرداری پڕۆژەی بەدیموكراسیبوونەكەی بوو، ئێستاش هەوڵەكانی لەوەدا چڕ كردووەتەوە بەغدا لە تاران داببڕێت و خۆی لەگەڵ ئەو دۆخ و نەخشەڕێگەیەدا بگونجێنێت كە ئێران لە عێراق  دایناوە، هاوكات بە یاسا كار بۆ دەركردنی ئەمەریكییەكان لە عێراق دەكەن، بۆ ئەوەی لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژە سیاسییەكەدا هیچ چاودێرێكی زلهێزیان بەسەرەوە نەبێت.

بەڵگەش، بە ئاشكرا دیارە عێراق پشت لە بنەكاكانی دیموكراسیبوونی سیستەمی حوكمڕانێتی دەكات و كار بۆ ناوەندگەرایی و بە سەنتەركردنی بەغدا و تواندنەوەی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان لەژێر هەژموونی عەرەبی و شیعەگەرا دەكات و زەمینەی پەشیمانبوونەوە لە سیستەمی هەرێمبوون خۆش دەكات، بە جۆرێك ئەگەر كورد پێشمەرگەی نەبووایە، دەمێك بوو بە گورزی سەربازی، قەوارەی هەرێمی كوردستانیان هەڵدەوەشاندەوە. لەكاتێكدا عێراق بەپێی دەستوور فیدڕاڵییە، كەچی ڕێگە بە دروستبوونی هەرێمی دیكە نادات و ئەوەیشی باسی هەرێمی دیكە بكات، وەك ئەوەیە تاوانێكی گەورەی كردبێت.

لە ئەگەری درێژەدان بەو عەقڵییەتی بەسەنتەركردن و پەراوێزخستنەی پێگەی سیاسیی هەولێر، پێدەچێت گرفتەكانی هەولێر و بەغداش توندتر ببن و پێكدادانی گەرمیشی لێ بكەوێتەوە، چونكە هەولێر نایەوێت بە تەنیا پارێزگایەك بێت و دەستبەرداری پێگە سیاسی و هەرێمییەكەی خۆی نابێت، ئەمەیش لای عێراقییە فاشیستەكان قەبووڵ ناكرێت كە كوردیش سەنتەری سیاسیی خۆی "هەولێر" هەبێت، بۆیە لە چەند ڕێگەیەكەوە كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەولێر دەكەن. 

مووچە و بودجەی دەبڕن و دادگە و یاسا مەبەستدارەكانیان لە دژی هەرێم وەك ماكینەیەكی بێویژدان خستووەتەگەڕ، لەنێوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە پارە دەدەنە چەند حیزبێكی نزیك لە سیاسەتی خۆیان و تاران بۆ ئەوەی شەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی پڕۆژە سیاسییەكەی بەغدا و تاران بكەن.

پڕۆژە سیاسی و ڕەگەزپەرستییەكەی بەغدا، ئامانجەكەی سەرەتا لاوازكردن و دواتر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستانە، ئێستا مامەڵەی هەرێمبوونی لەگەڵدا ناكەن و تەنانەت بە پارە خەڵكێكی زۆری كوردیان كڕیوە بۆ جوانكردنی ڕووخساری حوكمڕانانی بەغدا گوایە حكوومەتی بەغدا باشترە لە حكوومەتی هەرێم. ئەمە بەشێكە لە پڕۆژە سیاسییەكە و بەداخەوە خەڵكانێكی كورد كە حیزبیان هەیە و ڕۆشنبیرن و سیاسین، بەشێكی پڕۆژەی بەغدا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن تا ئەو ئاستەی زۆر جار كارەكتەرانی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەككاتدا ناچارن شەڕی سیاسییەكانی بەغدا و تابووری پێنجەم لە هەرێمی كوردستان بكەن!

بەداخەوە كارەكتەرانی تابووری پێنجەم و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە جێبەجێكردنی پڕۆژە سیاسییەكەی بەغدا بۆ بەسەنتەركردن و دیكتاتۆرییەتی بەغدا، بوونەتە هۆكارێك لە هۆكارەكانی لاوازبوونی پێگەی كوردستان، لەكاتێكدا ناكۆكییە سیاسییەكان نابێت لەسەر حیسابی پێگەی كورد بێت، كەچی ئەوەی دەبینرێت و لە هەڵوێستیاندا هەست دەكرێت، هەندێك لەو حیزب و كەسایەتییە سیاسییە كوردییانە لەپێناو دەستكەوتێكی ماددی و حیزبی، سڵ لە چوونە باوەشی بەغدای دیكتاتۆرییەت ناكەن و هەموو ئومێدێكیان بووەتە كەوتنی هەولێر لە بەرانبەر ئاڵنگارییەكانی بەغدا. 

ڕەنگە زۆر كەس بڵێن ئەو تەوژمە دژایەتییەی بەغدا تەنیا فۆكەسی لەسەر پارتییە و بە لاوازبوونی پارتیش، ئیدی بەغدا كێشەی لەگەڵ كورددا نامێنێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجی سەرەكیی بەغدا خودی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پەڕوباڵكردنی كوردە لە چوارچێوەی عێراقێكی ناوەندگەرادا، ئەوەی وایكردووە ئێستا تەنیا پارتی ئامانجە سەرەكییەكەی بەغدا بێت، ئەو توانا بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵنگارییەی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بە ئاشكرا بە بەغدا دەڵێ نەخێر و بووەتە گەورەترین بەربەست و هەڕەشەی بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژە سیاسییەكەی بەغدا و بە كردەوەش پارتییەكان توانیویانە بەرەو ڕووی بەغدا و تاران بوەستنەوە تا ئاستی بەكارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ڕێگریكردن لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP