دواین هەواڵ

یەکێتی و هەڵبژاردن

‌شاخەوان ئیبراهیم عەبدوڵڵا

25/04/2023

ساڵی 1992 یەكەم ئەزموونی هەڵبژاردن لە كوردستان بە بەشداری حەوت حیزب و كیانی سیاسی بەڕێوەچوو. بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە ماڵپەڕی پەرلەمان دانراوە، پارتی ڕێژەی 45.5%ی دەنگەكان و یەكێتیش ڕێژەی 43.61%ی دەنگەكانیان هێنا، بەڵام یەكێتی چونكی لە ڕووی سایكۆلۆژی و سیاسییەوە قەبووڵی نەبوو پارتی دەنگی زیاتری هێنابوو، كەوتە تانەلێدان لە ئەنجامەكان و هەڕەشە لە دوای هەڕەشە، سەرئەنجام هەڕەشەكانی یەكێتی شەڕی ناوخۆی لێكەوتەوە و بەمەش یەكەم زەڕبە بەر ئەزموونی دیموكراسی لە كوردستان كەوت و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش بووە نەریت و هەموو هەڵبژاردنێك دەبێت ماوەیەكی زۆر شەڕی ئەوە بكەین ئەنجامەكان دروستن یان ساختەن.

ئەم چیرۆكە بۆ ئەوەبوو بیسەلمێنین هەر كاتێك یەكێتی ترسی لە هەڵبژاردن هەبێت، هەڕەشە دەكات و بەربەست بۆ ئەنجام و تەنانەت كردنی هەڵبژاردنیش دروست دەكات، بە دیقەتدان لە هەموو هەڵبژاردنەكان، دەبینین یەكێتییەی سەردەمی مام جەلال و پاشان سەردەمی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و ئێستاش لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا لەبەردەم هەڵبژاردن و ژینگەی یەكترقەبووڵكردن و كەشی دیموكراسیییانە گرفتی گەورە بوونە و هەتا بۆیان بكرێت ڕێگری لە هەڵبژاردن دەكەن، خۆ ئەگەر ناچاریش بن، بچنە نێو پرۆسەكەوە لەبری كەمپینێكی مەدەنیانە و دیموكراسییانەی هەڵبژاردن، دەست بۆ چەكی ناشیرینكردنی بەرانبەر و پرووپاگەندەیەكی ناشارستانی دەبات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گوتاری پۆپۆلیستییەوە براوە بن یان ژینگەیەكی ئەتۆ دروست بكەن خەڵكی قێز لە هەڵبژاردنیش بكەنەوە.

خولی پێنجەمی هەڵبژاردن (پەرلەمان) تەواو بوو و درێژیش كرایەوە، بەپێی یاسا پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، گەورەترین حیزبی كوردستانیش كە پارتی دیموكراتی كوردستانە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دەكات، كەچی یەكێتی هەر ڕۆژەی بە پاساوێك گرفت بۆ پرۆسەكە دروست دەكات، ڕۆژێك تۆماری دەنگدەران و ڕۆژێك كورسیی پێكهاتەكان وەك بەربەرست دەخاتە بەردەم پرۆسەكەوە، هەموو ئەو سیناریۆ و هاتوهاوارەیشی لەبەر ئەوەیە ناوێرێت بچێتە نێو پرۆسەكەوە، چونكە بافڵ تاڵەبانی دەزانێت لەم هەڵبژاردنەدا زەڕبەیەكی تری گەورەی بەردەكەوێت، هەم جەماوەری یەكێتی لەو ستایلە سیاسەتكردنەی بافڵ بێزارن، هەم جەماوەرێكی زۆریش لە لایەنگر و كادیرانی یەكێتی بەهۆی ڕەتكردنەوە كودەتاكەوە كەوتوونەتە ناو بازنەكەی لاهور جەنگییەوە، ترسێكی تری یەكێتی، دروستتر بافڵ تاڵەبانی و كاكەی قوباد، ترسە لە لاهور جەنگی نەك بە لیستی سەربەخۆ بچێتە ناو پرۆسەكەوە یان لە دژی كاندیدانی یەكێتی كار بكات، ئێ ئەمە سیاسەتە و بۆی هەیە ڕوو بدات!

ڕەخنە و هێرشی یەكێتی و كادیرانی ئەو حیزبە لە دژی حكوومەت، لە كۆمێدیا دەچێت، چۆن دەبێت تۆ وەك حیزب لە كابینەیەكدا ئەو هەموو پۆستە باڵایەت هەبێت و بەشدار بیت لە وەرگرتنی مووچەی زەبەلاح و پۆست و ئیمتیازاتەكان، كەچی لەسەر شاشە خۆت وەك ئۆپۆزسیۆن نیشانی خەڵكی بدەیت! ئێ خەڵكی كوردستان زۆر باش ئەو گەمە دۆڕاوە تێدەگەن كە شكستە نەك سیاسەتی ڕاست، یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت بەو هاشوهوشە میدیاییەوە ژینگەیەكی ناسەقامگیر دروست بكات بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن، خۆ ئەگەر نەشیتوانی ئەوە بكات، بۆ ئەوەیەتی هێرش و موزایەدەكانی وەك ماددەیەكی میدیایی و سیاسی لە كەمپینی هەڵبژاردندا بەكار بهێنێت، ئەگینا هەر حیزبێكی سیاسی ئەگەر ترسی لە هەڵبژاردن نەبێت، بەبێ كێشە دەچێتە نێو پرۆسەكەوە.

 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP