لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووكەوە، یەكێتییەكان بانگەشەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بە پێنج كورسی لە كۆی شازدە كورسییەوە دەكەن، ئەو گوتار و بانگەشەیە نزیكە لە بەتاڵ و ڕەنگە هیچ كادیرێكی ئەو حیزبە پۆستەكە بە چاوی خۆی نەبینێت، بەوپێیەی شارەكە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە داگیر كراوە و بەغدایەكی خۆسەپێنی تێدا باڵادەستە، بە هیچ جۆرێك ناچێتە نێو هاوكێشەیەكی ئەوتۆوە پۆستەكە بداتە كوردێك! گریمان ئەو كوردە لە سیاسەتی حكوومەتی عێراقیشەوە نزیك بێت، هێشتا مەحاڵە، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، خودی شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوەبوو كەركووك لەژێر دەستی كورد دەربهێنن، ئێستا چۆن بە پێنج یان حەوت كورسی دەیدەنەوە كورد!
ئەوە ڕاستە لە كۆی شازدە كورسی، یەكێتی پێنج كورسیی ئەنجوومەنەكەی مسۆگەر كرد و لەنێو لیستەكانی هەڵبژاردندا زۆرینەیە، بەڵام واقیعێك هەیە، بە تەنیا بەو پێنج كورسییەوە، هەتا ئەگەر بەغداش تەداخولی هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگار نەكات، هێشتا ناتوانێت پۆستەكە ببات.
پێنج كورسییەكەی یەكێتی و دوو كورسییەكەی پارتی، واتە حەوت، هێشتا دوو كورسی كەمترە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكە، گریمان یەكێتی توانی كورسییەكەی كۆتاكانیش لە بەرژەوەندیی خۆیدا یەكلا بكاتەوە، هێشتا پێویستی بە كورسییەكی تری عەرەب یان توركمانەكانە، ئەوە ئەگەر بتوانێت دوو كورسییەكەی پارتی لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە، جارێ بۆ ئەوەیان زووە، چونكە پارتی هەڵوێستی كۆتایی ڕانەگەیاندووە، تەنیا ئامادەیی خۆی بۆ دیالۆگی پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێییەكان دەربڕیوە.
ئەگەر یەكێتی لە هەولێر دژی حكوومەت و گرفت بۆ قەوارەی هەرێم دروست بكات و لە ئاست هەڕەشەكانی بەغدا بێهەڵوێست و دڵخۆشكەر بێت، لە ڕێگەی كادیر و میدیاوە لە دژایەتیكردنی پارتی بەردەوام بێت، هەڵوێستی پارتی قورس دەبێت، لەو دۆخەدا ناكرێت لە كەركووك چاوی لە كورسییەكانی پارتی بێت بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری شارەكە، كەواتە ئەگەر یەكێتی بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە، پێناچێت پارتی بە ئاسانی دەنگەكانی خۆی بخەتە نێو بازنەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتییەوە.
سەرەڕای ئەوەش، پێناچێت دۆخی كەركووك، بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە باش بێت، بەو مانایەی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییەكان، هیچ لە شێواز و ڕەفتاری داگیركاری و پرۆسەی تەعریبكردنی كەركووك ناگۆڕێت، عەرەبەكان بە پرۆژە كار لەسەر تەعریبی شارەكە دەكەن. لەكاتێكدا لەسەر هیچ شتێك تەبا نەبن، لە دژایەتیكردن و لێدان لە بەرژەوەندییەكانی كورد كۆك و هاوڕان و دەچنە نێو یەك سەنگەرەوە و سێرە لە كورد دەگرن.
وەكچۆن لە شازدەی ئۆكتۆبەردا، عەرەبەكان هەمووان هاوهەڵوێست و لە بابەتی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی و ڕاگرتنی نەوت و برسیكردنی خەڵكی كوردستان و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حكوومەت و ئێستاش هێرشی درۆنی بۆسەر هەولێر و بە دیاریكراوی بە ئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی هەولێر كە ڕۆژانە بە هەزاران هاووڵاتی سڤیلی كورد و بیانی و گەشتیار لەو فڕۆكەخانەیە گەشت دەكەن، ئەگەر بە ئاشكراش پشتگیری لەو سیاسەتەی بەغدا نەكەن، بە ئاماژەی بێدەنگبوون پشتگیری خۆیان بۆ دژایەتیكردنی كورد دووپات دەكەنەوە، لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووكیشدا هاوهەڵوێست دەبن و ڕەنگە دەیان گرفت دروست بكەن بۆ ئەوەی پۆستەكە نەكەوێتە لای كورد، ئەگەر خۆشیان نەتوانن پڕی بكەنەوە، یان بە وەكالەت یان بە بەتاڵی دەیهێڵنەوە، جارێكی دیكە فۆكەس دەخەمەوە سەر ئەوەی شارەكە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە داگیر كراوە، بۆیە چەند مانگی داهاتوو بۆ كورد و بە تایبەتی بۆ یەكێتی لە دۆسیەی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك، قورس و ئاڵۆز دەبێت.