دواین هەواڵ

پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل

‌شێركۆ كرمانج

پێش 4 هەفتە

چەند مانگێکە قسە لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و تورکیا دەکرێت. هۆکاری زۆر لە پشت دەستپێشخەریی ئەم گەڕەی پڕۆسەکە دایە، لەوانە: ماندووبوونی هەردوولا، گەیشتن بەو باوەڕەی کە لەڕێگەی خەباتی چەکداریی یان نکوڵیکردن هیچ لایەک بە ئامانجی خۆی ناگات، تا دەگاتە ئەو وەرچەرخانەی کە لە دید و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیای ڕابەری تەڤگەری کورد لە باکوور، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕوویانداوە. بەڵام هیچیان بە قەد ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتەپێش کاریگەریی نەبووە کە وەک ئاکامێکی شەڕ و پێکدادانەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، کە وێرانبوونی غەززە و بەشێکی باشووری لوبنان و لاوازبوونی حەماس و حیزبوڵا و داتەپینی ڕژێمەکەی “حافیز ئەسەد” هاتوونەتە پێش. وەک ئاکامێکیش پەڕوباڵکردن و لە قاوغنانی ئێرانی بەرهەم هێنا. وەک بەرئەنجامێکیش هاوکێشەکانی هێز لە ناوچەکە گۆڕا؛ ئیسرائیلێکی ئێجگار بەهێز و تورکیایەکی سەرکێش و ئێرانێکی پەڕپووت و وڵاتانێکی عەرەبی بێدەنگی بەرهەم هێناوە.

لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم، گەنگەشەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بکەم لە پەیوەند بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە هەر یەکێکیان لە هەوڵی خۆبەهێزکردندایە.

ئیسرائیل پێی وایە کە ڕووخانی ئەسەد و بێهێزکردنی ئێران زادەی لێدان و شەڕەکان و پلان و پیلانەکانی ئەوان بووە، بۆیە خۆیان بە شایستەی خەرمانەکە دەزانن. بەڵام ئەگەر تەماشای نەخشەکە بکەین، دەبینین کە یەکێک لە بەرئەنجامەکانی کار و کردەوەکانی ئیسرائیل، فراوانبوونی قەڵەمڕەویی تورکیایە، بەتایبەتی لە سووریا. بۆیە، ئیسرائیل دوای پچڕاندنی هیلالی شیعی و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران، دەیەوێت تورکیا نەبێت بە جێگرەوەی ئێران، واتە، بەو هێزەی کە بتوانێت لەڕێگەی سووریا و هاوپەیمانە ئیخوانییە-ئیسلامییەکانی لەوێ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، وەک چۆن جاران ئێران دەی کرد. بۆ ئەم کردەیە، ئیسرئیل لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک وەک هاوپەیمان، یان نزیک لە خۆی، نە ئەمڕۆ نە سبەی، نابینێت. بۆیە، هەر زوو دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا لە هەوڵی کەڵک وەرگرتنە لە دوو کارت، کورد و درووز.

ئیسرئیل دەزانێت کە درووزەکان هێزگەلێکن لەوانەیە نەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن کە ئیسرائیل دەیەوێت یان ئەو کردارە بکەن کە ئەو پێویستی پێیەتی بۆ گۆڕانکاریی لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی سووریا. بۆیە، خۆی لە هەوڵی خۆ نزیک کردنەوەیە لە کورد. ئەمەش لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدعۆن ساعر، بەدەرکەوت، کاتێک گوتی: “کوردەکان نەتەوەیەکی گەورەن… بێ دەوڵەتن… ئێمە دەبێ دەستی دۆستانە بۆ لای کوردەکانی ئێران و تورکیا ڕابکێشین و پێوەندیەکانمان بەهێز بکەین”. دواتر، قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامێن نەتەنیاهۆ، هێندی دیکە ئەو خۆنزیکردنەوەیەی نیشاندا لەوەی کە گوتی: “ڕێگەنادەین دوژمنانمان لە لوبنان و سووریا بەهێزببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستمان درێژكردووە بۆ هاوپەیمانە درووزییەكانمان و دۆستە كوردەكانمان لە ناوچەكە”. پێشووتر لە دیدارێک لە سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی کە بۆ مەزڵووم عەبدی ڕێکخرا بوو، عەبدی دانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەنا، بەڵام نکوڵیشی لێ نەکرد و گوتی هەڵوێستی ئیسرائیل لە پشتیوانی کورد بەرز دەنرخێنین.

لە هەموو ئەوانە، هەست بە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان کوردانی ڕۆژاڤا و ئیسرائیل دەکرێت. هەردوولا پێویستیان بەیەکە. کورد پێویستیی بە هاوکاری ئیسرائیل‌ـە بۆ مانەوە و خۆپاراستن هەم لە هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا، هەم لە هەر پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق کە پێناچێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەن بە هیچ لێکتێگەیشتنێک لە گفتوگۆکانیان. بەهەمان شێوە، ئیسرائیل‌ پێویستیی بە کوردە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکەی دیمەشق و هاوکاریکردنی درووزەکان. ئیسرائیل نایەوێت حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز لە دیمەشق دروست بێت، تەنیا کورد و هەسەدە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ڕێگریی لە دروستبوونی حکومەتێکی بەهێز و سەرکێش بگرن.

لە هەمان کاتدا، تورکیا چاک دەزانێت کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ژمارەیەکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. هاوکات، ئەوەش دەزانێت کە ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی سەرکێشییەکانی تورکیا و بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەوانەیە کەڵک لە کورد وەربگرێت، بۆیە دەیەوێت ئەو چەکە، ئەو کارتە، لە دەست ئیسرائیلییەکان دەربێنێت و بیخانە ژێر دەستی خۆی. ئەمەش وای کردووە کە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بکات.

لە پڕۆسەی ئاشتی، تورکیا دەیەوێت کۆمەڵێک ئامانج بپێکێت، لە پێش هەموویانەوە دوورخستنەوەی کورد لە بەرەی ئیسرائیل، کە لەم ئانوساتەدا، عەرەبەکانی کەنداو و ئەمریکا‌ـش لە هەمان بەرەن. بوون بە بەشێک لەم بەرە کاریگەرە زۆر گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە کە کورد هەموو هەلێک بقۆزێتەوە بۆ نزیک بوونەوە لەم بەرە.

بەکورتی، ململانێی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر کوردە، هەرلایەکیان کورد بباتەوە هەنگاوێک لە زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا نزیک دەبێتەوە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەدی کورد دەبێت چ بکات؟
من پێموایە کە کورد لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت هەوڵ بدات دوولایەنە، دووسەرە، واتە، بە دوو ستراتیجی جیاواز کار بکات، هەم لە تورکیا نزیک بێتەوە هەم لە ئیسرائیل. ڕوونتر بڵێم، دەکرێت پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتی بکات لە تورکیا و هەندێک مەرجەکانی تورکیاش قەبوڵ بکات، لەوانە چەکدانانی پەکەکە بەڵام زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات چونکە من زۆر گومانم لە نیازەکانی تورکیا هەیە. لە ڕاستیدا، من پێموایە، وەک ئاماژەم پێ کرد، تورکیا تەنیا مەبەستی دوورخستنەوەی کوردە لە ئیسرائیل چونکە چاک دەزانێت ئەگەر ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد بکات، ئەوا ئەمریکاش لە هاوکارییەکانی لە ڕۆژاڤا بەردەوام دەبێت، بەمەش هێزی کورد دەچێتە ئاستێکی بەرز.

بە دەربڕینێکی دیکە، کورد لە باکوور دەکرێت بە پیر پڕۆسەی ئاشتییەوە بچن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژاڤا. هاوکات، کوردانی ڕۆژاڤا و هەسەدە دەست درێژ بکەن بۆ ئەو ئاماژانەی کە لە ئیسرائیل‌ـەوە دێن و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیجی تۆکمە بدەن، هەم بۆ خۆپاراستن هەم بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا. کورد دەبێت ئەوە بزانێت ئەگەر ئیسرائیل نیازی پاکیش نەبێت ئەوە تورکیا نیازی گڵاوە، لەبەرئەوە نابێت بە بەڵێنەکانی تورکیا، هەڵبخەڵەتێ و هەڵەکانی حەسەن خەیرییەکان دووبارە بکاتەوە.

ئەگەر کورد بتوانێت پاڵپشتی ئیسرائیل مسۆگەر بکات، ئەوە دەتوانێت وەک کارتێک لە دژی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیش لە باکوور بەکاری بێنێت.
کورد ڕێزی سوارە، داخۆ دەتوانێت گەمەکە بباتەوە، ئەوە دواڕۆژ بۆمان دەردەخات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP