کۆچی دوایی مەلا مستەفای بارزان،لەو کاتەی کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر ڕژێمی شای ئێران سەرکەوتبوو و کوردانی ئاوارەی ئێران چاوەڕوانی گەڕانەوەی بارزانی بوون، کە بۆ چارەسەری لە ئەمریکا بوو، کارەساتێکی گەورە بوو، ئەو قارەمانانەی کە بەرگەی هەموو سەختییەکانی ژیانیان لە کاروانی خەباتێکی دژوار گرتبوو و هەندێکیان فرمێسکیان لە چاویان نەباری بوو، بەڵام مەرگی ڕێبەر و باوک و مامۆستای خەبات و کوردایەتی بۆ ئەوان لە هەموو ئەو سەختی و ئازار و برینانەی جەستە و دەرونیان سەختتر بوو، فرمێسک و گریان و ناڵەی بەسۆزی ئەو قارەمانانە بۆ وەفاتی بارزانی، دەرخەری وەفا و خۆشەویستی ڕاستەقینەیان بۆ ئەو ڕێبەرە مەزنە بوو.
ئەو قارەمانانە دوای کۆچی بارزانی وەکو قەڵایەک لە دەوری دوو یادگاری بارزانی نەمر، کاک ئیدریس و کاک مەسعود کە ئەرکی بەردەوامی ڕێبازی بارازنیان لە سەرکردایەتی کردنی شۆڕش کەوتبووە سەرشان کۆبونەوە، بەوەفاداری زیاتر لە گەڵ ئەو دوو یادگارەی بارزانی مانەوە، هەموان بە یەکگرتوویی و بە پێکەوە بوون، لە بێ هیوای هیوایان دروست کرد.
لەئێستادا گەرچی لە هەرێمێکی ئازاد و نیمچە سەربەخۆین، بەڵام ئالنگارییەکان، ناوخۆیی بن یان دەرەکی کەم نین، بە تایبەت بۆ پارتێکی گەورەی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەرکی سەرەکی لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بەرپرسیارێتی بەرپا کردنی حوکمڕانییەکی ڕەشیدی لەسەر شانە.
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی بارزانی نەمر ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو پێویستە بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ و بە چ قوربانییەک بە کوێ گەیشتین، بۆ ئەوەی ئەو ئازادییە و دەستکەوتانەی کە وەکو گەلی کوردستان هەمانە بیانپارێزین و ئەوەی هەمانە باشتری بکەین و لە هەڵەکانمان وانە وەربگرین.
لەم کاتەدا پێویستە پارتییە ڕەسەنەکان و کوڕ و کچ و نەوەکانی یاوەر و هاوسەنگەرانی بارزانی نەمر، وەکو ڕابردوو قەڵایەکی پۆلایین بن لە دەوری سەرۆک بارزانی، بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە بە شێوەیەکی باش دەرباز بکەین.