سولەیمان دێمیریل، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا (١٩٩٣-٢٠٠٠)، جارێک وتبووی ئەو شەڕەی کە پەکەکە دەستیپێکرد، بە "بیستونۆیەمین خەباتی کوردان" ناوی لێنراوە. دوای ئەوەی کە لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە ئێرۆح لە سێرت و شەمزینان لە ناوچەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، خەباتی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشێوەی فەرمی دەستیپێکرد. دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە ئەو هێرشەی پەکەکە، هەوڵەکان بۆ بردنەپێشەوەی "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیا لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٤، دەستیپێکرد. مەرگی گومانلێکراوی تورگت ئۆزال، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، پرۆسەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی دیکە پەکخست. ساڵی ٢٠٠٥، گڕێکی نوێ لە دانوستان لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەستیپێکردەوە. دوای نزیک لە ١٠ ساڵی دیکە، ساڵی ٢٠١٣ لە درێژەی هەموو هەوڵە پێشووەکاندا، دوای پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چارەسەر لە پارلەمانی تورکیا، پەیامەکەی عەبدۆڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە نەورۆزی ئامەد لە ساڵی ٢٠١٣، خوێندرایەوە. ئۆجەلان لەو پەیامەی خۆیدا بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کۆتایی هاتووە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەموو ئەم هەوڵانەش دوای زۆرێک لە ململانێ و شەڕ لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، دووبارە بوونە هۆکاری دەستپێکردنەوەی شەڕ؛ ئەوکات دوو حیزبی مەهەپە و جەهەپە بە توندی دژی هەرجۆرە پرۆسەیەکی "چارەسەری" بوون و تەنانەت لە پارلەمانی تورکیا ئەندامیان بۆ "کۆمیسیۆنی چارەسەری" دیارینەکرد.
شەڕی خەندەق و وێرانکردنی بەشێکی زۆری شار و گوندەکانی باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا، کارەساتی مەرگی جەمیل چاغیرگای ١٠ ساڵان کە دایکی بۆ ماوەی یەک هەفتە تەرمەکەی لە بەفرگر (موجەمیدە)ی ماڵەکەیان دانابوو، یان مانەوەی تەرمی "ئینان" کە ماوەی یەک هەفتە لەسەر شەقامەکان مایەوە، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندبوو، یان هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆبوسکی و کوشتنی زیاتر لە ٣٠ کەسی بێتاوان و هەروەها دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکانی باکووری کوردستان، ڕاگەیاندنی "خۆبەڕێوەبری" و دانانی "دادگای گەل" لە لایەن پەکەکەوە، گرژییەکانی زۆرتر کرد و ئاسۆی گەیشتن بە هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، لەناوچوون.
لە دوای ئەم هەموو بەرزی و نزمییانەی نێوان تورکیا و پەکەکە، ساڵی ٢٠٢٤، دووبارە پرۆسەیەکی نوێ لە نێوان ئەو لایەنەدا دەستیپێکرد. لە یەکی تشرینی ٢٠٢٤، لە مەراسمی کردنەوەی وەرزی نوێی پارلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە پارتێکی ڕەگەزپەرەستی تورکیایە، هەنگاوی بەرەو پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان (دەمپارتی)، هەڵنا و لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەدا بۆ یەکەم جار و وەک دەستپێکردنی وەرزێکی نوێ، تەوقەی لەگەڵیان کرد. لێرەدا بوو کە ئەو هەنگاوانەی باخچەلی وەک قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی مەهەپە بەتایبەت و دەوڵەتی تورکیا بەگشتی دەبینرا.
دەوڵەت باخچەلی کە ساڵی ٢٠٠٧، لە وتارێکی خۆیدا لە دژی "پرۆسەی ئاشتی"، کە ئەوکات ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدا، گریسێکی فڕێدایە ناو خەڵکە و بە ئەردۆغانی وت "بەو گریسە ئۆجەلان لە سێدارە بدە"، بۆچی ئێستا دەستپێشخەری پرۆسەیەکی نوێ دەکات و باس لەوە دەکات "با ئۆجەلان بێتە پارلەمانی تورکیا و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە"؟ دەستپێشخەرییەکی باخچەلی زۆر هۆکار، لەوانە ناوخۆیی و دەرەکی لەخۆی دەگرێت، لەوانە: دۆخی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان و هەروەها ئاراستەیەکی دیکەی جیهانی هەیە کە پێوەندی بە بەریەککەوتنی جەمسەرەکانەوە هەیە، کە لەم نووسینەدا ئاماژەیان پێنادرێت، بەڵام ئەوەی کە لەم نووسینەدا باسی دەکرێت، بەکورتی ئەوەیە کە داهاتووی ئەم پرۆسە نوێیە بەرەو کوێ دەچێت.
لە ڕاستیدا، ئەم پرۆسە نوێیە بە باوەڕی من، پرۆسەیەکی دەوڵەتییە، بەو واتایە کە دەوڵەت بە هەموو توانا و دامودەزگاکانی خۆیەوە دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بچێتە پێشەوە و هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ژێر هەژموونی تاک و حیزب دەریبهێنێت.
جیاوازتر لە پرۆسەی ئێستا، پرۆسەکانی پێشووتر، بە بۆچوونی من، هەوڵی حیزبی و تاکەکەسی بووە، واتە دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانی خۆیەوە دەوری لەو پرۆسانەدا نەبینیوە. هاوکات ئارگیۆمێنتێکی دیکەم بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە، کە دوای دەستپێکردنی "پرۆسەی ئاشتی" نوێ، پەکەکە هێرشێکی لە تورکیا ئەنجامدا و لە ئاکامدا ٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ کەس برینداربوون، بەڵام دەوڵەت لە تورکیا لەسەر ئەساسی سیاسەتی "تێچوو و قازانج" پاشەکشەی لە پرۆسەکە نەکرد و پرۆسەکەی تێکنەدا، واتە دەوڵەتی تورکیا بیر لەوە دەکاتەوە لە کورت-ماوەدا تێچوو بدات، بەڵام لە درێژ-ماوەدا قازانجی بەردەکەوێت. لە کاتی پرۆسەکانی پێشووتردا، هەرکاتێک پەکەکە هێرشێکی ئەنجام دەدا، پرۆسەکە تێکدەچوو و هەمووان دەگەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتایی، بەڵام لە ئێستادا هەڵسەنگاندنی دەوڵەتی تورکیا بەوجۆرە نییە، بۆیە دەیەوێت ئەم "پرۆسەیە" درێژەی هەبێت.
بەریەککەوتنی دەوڵەت باخچەلی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان:
تاکوو ئێستا دەوڵەت لە تورکیا بەشێوەی فەرمی هیچ ناوێکی بۆ ئەم "پرۆسە" نوێیە دانەناوە، بەشێکی ئەم ناڕوونییەی دەوڵەتی تورکیا، ڕەنگە بۆ بەریەککەوتنی باخچەلی و ئەردۆغان بگەڕێتەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەزموونێکی زۆری هەیە لەسەر پرۆسەکانی پێشووتر سەبارەت بە پەکەکە، بۆیە نایەوێت بەشێوەی پێشوو هەڵەکان دووبارە بکاتەوە. بۆ نموونە پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٥، کە سەلاحەدین دەمیرتاش ئەوکات بە ئەردۆغانی گوت "ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک" و لە کۆتاییدا ئەردۆغان نەیتوانی بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت. بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆککۆماری تورکیا و هەروەها پاڵپشتی کردن لە هەڵبژاردنەکان، ئەردۆغان دەیەوێت کە کورد پشتی بگرێت و لەم ئاراستەیەدا بەشێوەی ڕێککەوتنی "دۆڵمە باخچە"، ئەردۆغان نایەوێت دۆراوی پرسەکە بێت. هاوکات باخچەلی بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە ئاراستەی گۆڕینی دەستووری تورکیا دەوری ئیسلامییەکان کەم بکاتەوە، نایەوێت پرۆسەکە بە تەواوی بە قازانجی ئەردۆغان کۆتایی پێبێت. هاوکات لەنێوان پارتەکانی دیکەی تورکیادا کێشەی بنەڕەتی هەیە، بۆ نموونە سەرۆکی ئی پارتی، لە یەک مانگی ڕابردوودا ناوەڕاستی وتارێکی خۆیدا، گریسێکی فڕێدایە ناو خەڵک و باسی دەوڵەت باخچەلی کرد. کەواتە لەناو ئەو لایەنەکانی دیکەی تورکیاشدا هێشتا نایەکگرتووییەک بوونی هەیە سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی".
کێشەکانی بەردەم ”پرۆسەی ئاشتی” و داهاتووی ئەم پرۆسەیە چۆن دەبێت؟
ئەم پرۆسە نوێیەی کە لە تورکیا دەستیپێکردووە، لە چەند بەشدا دەتوانێت کێشەی تێدابێت، لەوانە شوێنی دانوستان، جۆری بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان و بڵاوکردنی پەیامەکان، نەبوونی لایەنی سێیەم لە نێوان تورکیا و پەکەکە، نەبوونی گەرەنتی لە لایەن تورکیاوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، بەڕێوەبردنی سیاسەتی (Sticks and Carrots) لە لایەن تورکیاوە (ڕێگەپێدان بە درێژەی دانوستان، هاوکات دانانی قەیوم و لادانی سیاسەتمدارەکانی باکووری کوردستان)، ناونەنانی پرۆسەکە لە لایەن لایەنی فەرمی حکومەتی تورکیاوە، داهاتووی عەبدۆڵا ئۆجەلان و گەریلاکان و سەرکردایەتی پەکەکە، نەبوونی میکانیزمی یاسایی، دروستنەکردنی شاندی دانوستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، نەبوونی هیچ داواکارییەکی فەرمی و کۆنکرێت لە لایەن پەکەکەوە سەبارەت بە چەکدانان و زۆر بابەتی دیکە دەتوانێت گرفت بۆ پرۆسەی ئاشتی نوێی تورکیا دروست بکات و تەنانەت دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان، هیچ گەرەنتییەک نییە کە پرۆسەکە وەک خۆی درێژەی پێبدرێت. ئەزموونی پرۆسەی چارەسەری ٢٠١٣، ئەوەمان پێدەڵێت کە عەبدۆڵا ئۆجەلان ئەگەری هەیە ئەمجارەش وەک پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣، داوای کۆتایهێنانی شەڕ و چەکدانانی پەکەکە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ پلان و گەرەنتییەکی ڕوون بوونی نییە بۆ ئەوەی کە بیستونۆیەمین خەباتی کوردان دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی عەبدۆڵا ئۆجەلان، کۆتایی پێبێت.