دواین هەواڵ

کورد و دەسەڵات: دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان

‌مەیسەم مورادی

17/12/2024

ساڵی ٢٠٢٣، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، کتێبێکی چاپ کرد بە ناوی ”دیپلۆماسی و هزری سیاسی کوردستانی”. کتێبەکە ئاورێکی تیۆریک لە جۆری دروستبوونی دەوڵەت لە ڕوانگەی جیاوازەوە دەداتەوە و هەروەها باس لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە درێژایی مێژوودا دەکات. لە بەشێکی کتێبەکەدا باس لەوە دەکات بۆچی کورد نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات. لە بەشێک لە کتێبەکەدا باس لەوە دەکات: 
بازیل نیکیتین لە پەرتووکەکەیدا بەناوی (کوردەکان) ماوەی سیاسی کورد و جووڵەی ناسیۆناڵیستی کورد بۆ هەلی هەبوونی دەوڵەت دەکات بە سێ بەشەوە. لە ماوەی یەکەمدا; بازیل نیکیتین، ئەو ماوە سیاسیەی کە کورد نەیقۆستەوە وەک هەلێکی مێژوویی دەگەڕێنێتەوە، بە تایبەت بۆ سەدەکانی سێزدە و چواردەی زایینی، کە کورد لەو کاتەدا نەیتوانیوە لەگەڵ خودی خۆیدا کۆکراوە و یەکگرتوو بێت. بەشداری جەنگی ئەم و ئەوی کردووە، بەڵام بۆ خۆی نەجەنگاوە بە یەکدەنگی، پەرتەوازەیی هەبووە لە نێویاندا، ئەوەی کە گەلەکانی تر لەو کەتەدا توانیان بەدەستی بێنن، کورد نەیکرد، بەتایبەت وەک تورک و فارس و مەعۆلەکان، کە توانییان خەلافەت، بوەیهیە، دەیلەمی، سەلجووقییەکان دروست بکەن. بەڵام سەردەمی میرنشینەکانی کورد، سەردەمانێک بوون کە ناتەبایی هۆکاری سەرەکی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی بووە. واتە دەتوانین بڵێین هۆکاری دروستنەبوونی دەوڵەت لە ماوەی هەلی یەکەمی کورد، ناتەبایی میرنشینەکان بووە. 
نیکیتین هەلی دروستنەبوونی دەوڵەت لە ماوەی دووەمدا، دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی نێوان شازدە و بۆ نۆزدە، کە لەو کاتەدا دەوڵەتە دراوسێکانی کورد وەک دەوڵەتی فارس و تورک بە تەواوی پێکهاتن، ددووبارە کورد بە هەمان شێوەی ماوەی یەکەم نەیتوانی دەوڵەتتێک بۆ خۆی پێکبێنێت، جگە لەوەش لەو ماوەیەدا لەگەڵ تورکیا گرێبەستێک دەکات کە بیست و سێ یەکەی کوردی ڕێککەوتنی هەماهەنگی پێکدەهێنن لەگەڵ تورک لە پێناو مانەوەیاندا کە نزیکەی بۆ ماوەی سەد و پەنجا ساڵ درێژە دەخایەنێت. کورد لەم ماوەیەدا خۆی دەخاتە ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە پێناو ئەوەی لایەنێکی تر داگیری نەکات کە پشکی سەرەکی ئەم خۆبەدەستدانە بنچینەکانی ئایینی بووە لە جیاتی دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی کە هاوئایین نین، تورکیا هەڵدەبژێرێت، پرسی ناسیۆنالیزمی ئایینی دەچێتە پێش ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی، ئەم خاڵەش دەبێتە لەدەستدانی هەلی دووەم. 
هەرچی ماوەی سێهەمە: لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بۆ شەڕی گەورەی جیهانییە، هۆکاری دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی نیکیتین دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد دوای سیستەمی دەرەبەگایەتی بۆی ئاستەنگ بووە خۆیان بگونجێنن لەگەل سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریدا. دواتر لە ماوەی سێیەمدا وەک ئەوەی نیکیتین پۆلێنی کردووە; جوولەی نەتەوەیی کورد دەستپێدەکات بە شێوازی جیاواز، بەڵام پەرشوبڵاو، هەڵبەت بەبێ پلانێکی داڕێژراو و ییەکگرتوو، هەریەک لە شۆڕشی عەبدولرەحمان پاشا، بەدرخان بەگ، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، کورد جووڵانەوەی پەرشوبڵاوی هەبووە کە نیتوانیوە کوردەکانی بەشەکان و ناوچەکانی تر کۆ بکاتەوە. 
ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، پاشخانێکی مێژوویی هەیە، وەک نیکیتین لە ماوەی یەکەمدا باسی کردووە، کوردەکان نەیانتوانیوە یەکگرتوو بن. رۆژئاوای کوردستان خاوەن ٤٨ پارتی سیاسییە کە دوو پارتی سیاسی لەوێ لایەنی سەرەکین; پەیەدە و ئەنەکەسە ئەو دوو لایەنە کوردییەی ڕۆژئاوای کوردستانن کە لە ئێستادا ئامریکا، فەڕەنسا، بریتانیا، ئیسرائیل و زۆر وڵاتی دیکە و زۆربەی کورد، هەوڵی سەرەکیی دەدەن کە یەکبگرن و یەکدەنگ بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین دەستکەوتیان هەبێت. 
بوونی ئامریکا و فەڕەنسا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت حکومەتێکی لا-مەرکەزی لە سووریا دروست بکەن و لەم ئاراستەیەدا تەنانەت بەرنگاری تورکیا بوونەتەوە. 
بەڵام لە دۆخەکی لەمجۆرەدا، کە یەک کاتژمێریش کات نابێت بەفیڕۆ بڕوات، لە قازانجی کوردە بەمشێوە بێت؟
بەبۆچوونی من، تورکیا دەیەوێت دۆخەکە بەمجۆرە درێژەی هەبێت و کورد یەکنەگرێت تا ئەو کاتەی کە دەسەڵات لە ئەمریکا دەستاودەست دەبێت و کابینەی نوێی ئامریکا دێنە سەر دەسەڵات. نیکی هێلی کەسایەتی دیاری کۆمارییخوازی ئامریکا، دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکیدا باسی لەوە کردبوو; تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگ و بەهێزی ئێمەیە و دەبێت هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی زیاتر دەستی ئێران لە ناوچەکە کورت بکاتەوە و پاڵپشتی هەولەکانی بین. ئەم قسانەی نیکی هێلی دەتوانێت زەنگێکی مەترسیدار بێت بۆ کورد، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان. بۆ دۆناڵد ترەمپ زۆر ئاساییە کە لەگەڵ تورکیا ڕێکبکەوێت بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکە و هەموو ویستەکانی تورکیا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ بکات. زۆر لەمێژە باسی ئەوەم کردووە کە تێڕوانینی ئامریکا و تورکیا بۆ وشەی "تیرۆر" زۆر جیاوازە؛ ئەوەی کە ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "بەرنگاری تیرۆر لە سووریا دەبینەوە"، هەمان قسەی وەزیری دەرەوەی ئامریکاشە، بەڵام بۆ ئامریکا، داعەش وەک "تیرۆر" دەبینرێت، بەڵام بۆ تورکیا، کورد وەک "تیرۆر" پێناسە دەکرێت. قسەکان یەکێکن، بەڵام واتاکەی زۆر جیاوازە، بەڵام ئەم دۆخە ناتوانێت بەمجۆرە درێژەی هەبێت و دەوڵەتێکی زلهێز وەک ئامریکا، وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی خۆی بۆ هەمیشە بخاتە بەردەستی کورد. ئەگەر کورد لەم کاتەی ئێستادا نەتوانێت لە مێکانیزمەکانی فەڕەنسا، ئامریکا و بریتانیا لە سووریا کەڵکوەرگرن، دۆخەکە دەتوانێت لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا گۆڕانی بەسەردا بێت و کورد ببێت بە دۆڕاوی هاوکێشەکانی سووریا؛ لە ڕاستیدا تا ئێستا ئامریکا، ئیسرائیل و فەڕەنسا، نەیانهێشتووە کورد لە سووریا پشکی دۆڕاوی بەرکەوێت، بەڵام ئەگەر خۆی کۆنەکاتەوە، زۆر ئاسانە کە هەموو ڕۆژئاوا ببێتە قوربانی ململانێی حیزبی. 
ئەوەی کە ئەرکە لەسەر شانی هەموو کورد، دەبێت لەم کاتەدا هەوڵی سەرەکی بدرێت ئەنەکەسە و پەیەدە یەکبگرن و لە زووترین کاتدا بچنە دیمەشق بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا. شێوازی مامەڵەکردن و جۆری جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاستەوخۆ پێوەندی هەیە بە ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە; من باوەڕم وایە کورد لە ڕۆژئاوا سەرکەوێت، باشوور سەقامگیرتر دەبێت و ڕۆژهەڵات دەتوانێت لە گۆرانکارییەکانی داهاتوودا باش بجووڵێتەوە و ئەزموونی یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوا دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام شکستی کورد لەو بەشەدا، هاوکات کورد تووشی گرفت لە ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکات. 
لە کۆتاییدا، ئەرکی سەرشانی هەموو حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە بە کردەوەیی پاڵپشتی یەکگرتنی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بن و نەهێڵن ئەم هەلە مێژوویە لە دەست کورد بچێت. من گومانم لەوەدا نییە کە ئەم دۆمینەی گۆرانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەگاتە ناوخۆی ئێران و هەموو ناوچەکە تووشی گۆرانکاری بنەڕەتی دەکات، بۆیە پێویستە کورد وەک یەک نەتەوە، نە وەک پارچە، بجووڵێتەوە، واتە تاکی کورد دەبێت بەو تێڕوانینەوە چاو لە گۆرانکارییەکانی سووریا بکات کە ئەمە هێشتا سەرەتای گۆرانکارییە و زۆر ناوچە و وڵاتی دیکە دەگرێتەوە، بۆیە دەبێت خۆڕێکخستنێکی ناوخۆیی هەبێت بۆ ئەوەی وەک ڕۆژئاوای کوردستان، تووشی گرفتگەلێک وەک ئەوەی ئێستا نەبێتەوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP