زۆر قسە دەكرێت لەبارەی كەمبوونەوەی كورسییەكانی پارتی، بەڵام بەشێوەیەكی لۆژیكی و ورد، باس لە پێگە و هێزی دەنگدەری پارتی نەكراوە، لەم نووسینە كورتەدا، وەكوو پێشبینی خۆم و ئەو داتایانەی وەرم گرتووە، رێژەی كورسییەكانی پارتیتان بۆ باس دەكەم.
هەندێك لایەن دەڵێن، پارتی كۆتایی پێدێت و ئیدی یەكەمی كوردستان نییە، دروشمی (كۆتایی پێدەهێنین)یان بەرز كردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەموو ئەو داتا و پێشبینییانەی كراوە، پارتی براوەی یەكەمە، تەنانەت ئەگەر تەنیا بەكورسییەكانی دهۆك بێت، لەپێشەوەی هەموو پارتەكانی تری كوردستانە.
یەكێتی نیشتیمانی، لە باشترین بواردا، كورسییەكانی ١٨ تێپەڕ ناكات، رەنگە یەك دوو كورسی زیاد و كەم بكات، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، قورسایی یەكێتی ١٨ كورسییە. بە بۆچوونی من ئەگەر ئەو پارتە ١٨ كورسی بهێنێت، سەركەوتنە بۆی، چونكە باڵێكی گەورەی لێبووەتەوە، كە بەرەی گەلە، بتوانێت بەیەك باڵ، ١٨ كورسی بهێنێت دەستی خۆش بێت.
وای دابنێ، پارتی لەم هەڵبژاردنە، تەنیا لە دهۆكدا دێتە ناو هاوكێشەی هەڵبژاردن، واتە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بۆ پارتی حیساب مەكە، بە یەك شار بێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردن، دەبێتە براوەی یەكەم، ئەی ئەمە قورسایی پارتی نەبێت چییە؟
دهۆك ٢٤ كورسی هەیە، یەكیش كۆتا، زانیاریم وەرگرتووە پارتی شەڕی ٢٠ كورسی لەو شارە دەكات، لە خراپترین بواردا ١٩ بەدەست دەهێنێت، كەواتە پارتی تەنیا بە دهۆك، براوەی هەڵبژاردنە.
هەندێك هاوكێشەی سیاسی هەیە، دەبێت وەكوو خۆی باسی بكەیت، تەنانەت ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردنیش بكەیت.
تۆ سەیری كە، كاتێك كەمال كلیچدارئۆغڵو و ئەردۆغان، لە ٢٠٢٣ ركابەری یەكتری بوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، كلیچدارئۆغڵو دەیگوت، رەنگە ٥١٪ بهێنم و ئەردۆغانیش ٤٩٪، ئەردۆغانیش دەیگوت ٥٢٪ دەهێنم و كلیچدارئۆغڵو ٤٨٪. ئەنجام پێشبینییەكەی ئەردۆغان تەواو بوو.
وردبینی لە سیاسەت ئەوەیە، هیچیان نەیانگوت ٦٠٪ی دەنگەكان دەهێنم، چونكە ئەو گوتانە دەیانكاتە مایەی گاڵتەجاڕی لەناو دەنگدەر.
شەڕی ئەمجارەی پارتی بۆ هێنانی ٤٥ كورسی نییە، بەڵكوو ٥٠+١ە، ئەگەر نەگەیشتە ئەو رێژەیە، دەبێت بەدواداچوونێكی ورد بەخۆیدا بكات و هەڵەكانی بدۆزێتەوە و كاری جیدی لەسەر بكات، چونكە ناكرێت بەو هەموو خزمەت و كارە گەورانەی جەنابی كاك مەسروور لەم كابینەیەدا كردویەتی، نەتوانرێت ٥٠+١ بەدەست بهێنرێت، حەق و حیساب لەناو پارتی، دەبێت دوای ئەو كاتە دەست پێ بكات، كە رێژەی دەنگەكانی نەگاتە ٥٠+١، كە بڕوای تەواوم هەیە، لەو رێژەیە نزیك دەبێتەوە.
هەر پارتێكی تری سیاسی توانی دەنگەكانی لە پارتی زیاتر بێت، پیرۆزی بێت و دەستخۆشی لێدەكەم، پڕۆسەی دیموكراسی ئەوەیە، دەبێت بڕوامان بەئەنجامی سندوقی دەنگدان هەبێت، ئەوێ سەنگی مەحەكە، بەڵام شڕۆڤەی لۆژیكیش گرنگە، نەك شڕۆڤەی وەهم و نا مومكین.