دواین هەواڵ

ئەی کوردستان بگەڕێوە بۆمان !!

‌محەمەد خۆشناو

پێش 3 هەفتە

ئەی کوردستان ! من دەزانم ئەوە سەد ساڵ زیاترە هیچ نەما لەگەڵ تۆی نەکەن….ئەم خاکە هی کێیە ؟! پاڵەوانی سپی پێست دەپرسێت ، هیندیە سوورەکەی گەلی «ئۆسیدج » لە ئۆکلاهۆمای ئەمەریکا وەڵامدەداتەوە ، خاکی منە !! بەڵام سپیی پێست لەگەل دەرکەوتنی نەوت لەناوچەکەدا هەوەس و چڵێسی و ڕەگەزپەرستی ورووژاندویەتی و مەسەلەکە یەکلابۆتەوە کە ئەوە خاکی «ئەو » دەبێت ، هەندێک لە کوڕانی ئۆسیدج گوولەباران کران و ، هیندیە سوورەکان قڕکران….کوردستان ! 

من دەزانم چ دۆزەخێک وەک هیندیە سوورەکان دایانبەزاندە سەرت  کە وێنەی نەبووە و هاوارەکان بۆشایی ئاسمانی دەتەقاندەوە و دووچاری سزای بەکۆمەڵ-یان کردی سزای بەکۆمەڵ یەکێکە لە دڕندترین سزا کە مێژوو بەدرێژایی سەردەمەکان ناسیویەتی ، بەڵام نەیاتوانی قڕت بکەن ، ئەی دەرختە بەڕووە خەمناکە ڕەگداکوتاوەکە ، کێ دەتوانێت روحە مەزنەکەت بۆ بگەڕێنێتەوە !! ئەی کوردستان من دەزانم ڕێگاکە بە تەقەمەنی بۆمبڕێژ کراوە ، دەزانم بەچاوی سیخوڕەکانی سنووربڕ چاودێری دەکرێیت ، کوردستان ! ناونیشانەکەت وەک خۆی نەماوە ، هەروەکچۆن چاوە جوانەکانت لە ڕەنگی سەوزی چیا و کێلگە و میهرەبانیەکەت کردیانە ڕەنگی بیابان ، کوردستان لە هەموو شوێنێک بەدوای تۆدا دەگەڕێن ،

ماوەیەکە وایانلێکردی خۆت حەشاردەی و ئێمە ئێستا لەحالەتێکی خەمناکدا دەژین ، وڵاتە زلهێز و دەوروبەرمان پێیانڕاگەیاندین کە ئێوە بێ«دایک»ن و ، داوای لێبوردنیان کرد بۆ یارمەتیدانمان و ، پێیانگوتین ئەوە ئێوە بوون ئەو دایکە جوانەتان ناچارکرد لەبەرچاوان وونبێت و ، ئێوە قوربانی دەستی یەکترین و ئێمە خەتابار نین ، ئەو دابەشبونەتان گەورەترین پاڵپشتیە بۆ پڕۆژەی دوژمنەکانتان ، ئەوەتا ئێستا نرخەکەی دەدەن…کوردستان من دەزانم ئەو لەبەرچاوکەوتنەی تۆ بە ویستیی تۆ نیە بەڵکە ناچاریان کردی ، پەنجە مۆرەکانت لێرە و لەوێ پەرشوبڵاون و شوێن پێ و پێڵاوەکانی بەرپرسانت لەگەڵ تایبەتمەندی شەهید و قوربانی و بەرپرسانی ئەوان ڕۆژان ناگونجێن !
وایانلێکردی بەڕۆژی ڕوناک لەبەردەم خزم و کەسوکار و دۆستان لە لایەن دوژمنانی چاڵدێران و کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی تۆیان ڕفاند و لەتیان کردی و ، هەر لەوکاتەوە تا ئێستا پلانەکان نوێدەکرێنەوە و تەکتیکەکان دەگۆڕێن و ڕەنگی دەمامکەکان دەگۆڕێن ، هەر لایەک وەک غەنیمە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت ، ئەی کوردستان ! ئەوە سەد ساڵ زیاترە دووچاری گەورەترین دزیی لە مێژووی مرۆڤایەتیی بویتەوە «خاکەکە و ناوەکەیان» دزی «ڕوخسار»یان دزی ، «کلتوور و گۆرانیەکانیان» دزی ، «ئاو و سەرچاوەکانیان» دزی «خۆشیی لە چاوی منداڵەکانیان» دزی ، ئێستا تۆ «کوردستانەکەمان» نیت کە پێشتر دەمانناسی و ، ئەو کوردەی جارانیش نیت کە ژینیی سووکایەتی و زەلیلیی پێ قبوڵ نەدەکرا ،

وەرە بڕوانە کاربەدەستانت  چۆن لەبەردەم تڕۆلەیەکی شروگی نەدیتکە چۆک دادەدات و شکستخواردوانە بە ملشۆڕی دەستپاندەکەیتەوە و شکۆی بۆ هیچ شتێک نەهێشتۆتەوە ، کە دەبا ئەوان دەیان جار داوای لێبوردنیان لێکردبای و قەربووی ئەو هەموو قوربانی و دزیی و ماڵوێرانیانەیان کردباوە وەک ئەوەی ئێستا بۆ چەندین وڵاتیان کردووە ،   ئەی کوردستان بە شکۆ و یەکڕیزیەوە بگەڕێوە بۆمان لەو چرکەساتە گرنگەدا بەجێمان مەهێڵە ، هیچ نیشتیمانێکمان نیە جگە لەتۆ نەبێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP