هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە جیهان کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیستەمی پوچگەرایی (نظام التفاهة) و بە قۆناغێکی مێژوویی ناهەمواردا گوزەر دەکات، بە شێوەیەک پوچگەرایی و بێ بەھایی باڵی کێشاوە بەسەر کۆی سێکتەرە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکاندا.
دەسەڵاتە گشتییەکان لەسایەی سیستەمی پوچگەرایی بوونەتە ناو و بێ ناوەڕۆک، لە کاتێکدا پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییە و بڕیاردەرە لە پرسە گرنگەکان و پەرلەمانتار وەک یاسادانەر و دەستەبژێری سیاسی دەبێت نوێنەرایەتی گەل و داخوازیەکانی بکات و چاودێر بێت بەسەر کارەکانی حکومەتەوە، بەداخەوە لە سایەی سیستەمی بێ بەھاکردنی دامەزراوەکان و پوچگەرایی و نەبونی پێوەرێکی دروست و کەم و کوڕی لە یاساکاندا بە تایبەت "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان -عێراق ژمارە(١) هەموارکراو"، ڕێگە پێدراوە لە ژێر ناوی ئازادی و ڕەخساندنی هەل بۆ تەواوی تاکەکان لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بەربژێربن بۆ ئەندامێتی پەرلەمان.
لە ڕابردوودا و لە خولی پێنجەم بینیمان بەند بێژ بوو بە یاسا دانەر (مشرع)..
بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەشدا بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان جگە لە بەند بێژ، فەیسبوکەوان و تیکتۆکچی و کارەکتەرە پڕوپوچەکانی سۆشیال میدیا، تەنانەت تاکە لاواز و دۆڕاو و کەوتووەکانی کۆمەڵگاش بەربژێرن بۆ ئەندامێتی پەرلەمان، کە هەندێکیان نەرێنی کار دەکەنە سەر دەنگی گشتی لیستەکەیان و هەڵوێست وەرگرتنی دەنگدەرانی ئەو حزبانەی بەربژێریان کردوون ..
بەهۆی ئەوەی یاسا ڕێگر نییە دەبوایە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە پەیڕەوێک پێوەری قبوڵ کردنی بەربژێرەکانی دیاری بکردایە و داواکاری گشتی ڕۆڵی هەبوایە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سیستەمی گشتی و نەریتی گشتی (النظام العام والاداب العامة).
گەر هەموو لایەک لە خەمی وڵات و دامەزراوە سیاسیەکان و دەسەڵاتە گشتیەکاندا نەبین ئەگەر هەیە وەک ئیتالیا چۆن (Cicciolina) کە پۆرن ستابوو و بوو بە ئەندامی پەرلەمان ئەو قۆناغەش ببینین.
بۆیە لە ئێستادا بە مەبەستی پاراستنی دامەزراوەی یاسادانان و بەها مەعنەویەکەی پێویستە گەل هەڵوێستی جدی هەبێت و دەنگدەر ڕۆڵی خۆی ببینێت لە دیاریکردنی نوێنەرەکانی، هەڵبەتە مەبەست لە(گەل) ئەو جەماوەرە نییە کە بەئاسانی فریو دەدرێت، ئەوەی جارێک چەپڵە لێدەدات و جارێک نەفرەت دەکات، بەڵکو مەبەست لە (گەل) ئەو مرۆڤانەن کە بیردەکەنەوە و ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و پێشخستنی کۆمەڵگادا.