دواین هەواڵ

گەندەڵی سیاسی ڕێکخراو، بڵێسەی شۆڕش و هەرەسی ڕژێمی سوریا

‌بڵند دلێر شاوەیس

5 رۆژ پێش ئێستا

گەندەڵی دیاردەیەکی جیھانییە و بە ڕێژەی جیاواز لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا بوونی ھەیە، بنبڕکردنی مەحاڵە، یەکێکە لە ترسناکترین ئەو دەردە کوشندانەی کە دوچاری کۆمەڵگاکان 
دەبێتەوە و بەرەو لەناوبردنیان دەبات، ھۆکاری لەناوچوونی چەندین شارستانیەت و ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە گەورەکان بووە، بڵێسەی زۆرێک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانە.

گەندەڵی وەک شێرپەنجە وایە گەر لە قۆناغەکانی سەرەتادا بەری لێنەگریێت و سنوردار نەکرێت و لەسەرەوە بۆ خوارەوە دژایەتی نەکرێت، تەشەنە دەکات و بڵاو دەبێتەوە بەناو ھەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا، دواتر بەرەنگاربوونەوەی ئەستەم دەبێت بەشێوەیەک مەگەر بە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی چارەسەر بکرێت، گەر لەم قۆناغەشدا چارەسەر نەکرا و گەندەڵی بەردەوامی ھەبوو و زیادی کرد و گرفتەکان کەڵەکە بوون ڕێگاچارەی کۆتایی ھەرەسھێنانی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی و پاشان بونیادنانەوەیەتی دووبارە بە فۆڕمێکی نوێ.

شارەزای بواری ستراتیژی و ئابوری (عبدالخالق فاروق) دەڵێت: ڕەگ و ڕیشەی تەشەنەسەندنی گەندەڵی لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی سێیەم بریتییە لە یەکگرتنی هەردوو ڕووی هێز "دەسەڵاتی سیاسی و سامان" لە سیستەمە حوکمڕانییە ستەمکارەکاندا.

جیاوازی وڵاتە پێشکەوتوو و شارستانیەکان لەگەڵ وڵاتانی دواکەوتوو و جیهانی سێیەم بریتییە لە شێوازی مامەڵە کردنیان لەگەڵ دیاردەکانی گەندەڵی و گەندەڵکاران و ئاستی جێبەجێ کردنی یاسا بە سەریاندا، لەکاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە بەرزترین ئاستدا یاسا جێبەجێ دەکرێت بەسەر گەندەڵکاران و تاوانەکانی گەندەڵی، بەپێچەوانەوە دەبینین لە وڵاتانی دواکەوتوو گەندەڵکاران بۆ خۆیان یاساکان دادەڕێژن لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و هەندێک جار دادوەریش.
گەر چاوێک بە دۆخی (سوریا) دا بخشێنینەوە دەبینین گەندەڵی هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ناجێگیربوونی سیاسی لەو وڵاتەدا، بەهۆی ستەمی چینێکی سیاسی گەندەڵ و دروستبوونی بۆشایی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات و نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بە حکومەت و دامەزراوە سیاسیەکان و لەدەستدانی ڕەوایەتییان و قوڵبونەوەی جیاوازی چینایەتی.

ئەو ئازادی و چاکسازییەی لەڕۆژانی سەرەتای شۆڕشەکە داوادەکرا لەئەنجامی نادادپەروەری و بڵاوبونەوەی جۆرێک لە گەندەڵیبوو کە ناسراوە بە گەندەڵی سیاسی ڕێکخراو (الفساد السياسي المنضم) و ئەنجامدانی لە لایەن دەستەبژێری سیاسییەوە کە لە توانای دامەزراوەکانی چاودێری و بەدواداچوون و دادوەری ئەو وڵاتەدا نەبووە ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر بگرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، لەگەڵ ڕۆچونی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دامەزراوەکانی بەدواداچون و چاودێری و بڵاوبونەوەی گەندەڵی لە ناو خودی ئەو دامەزراوانە خۆیان، هۆکارێکی سەرەکی شۆڕشی سوریا و هەرەسهێنانی سیستەمە سیاسیەکەیەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP