دواین هەواڵ

بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز

‌سەلام عەبدوڵڵا

30/06/2024

لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، رۆژی 20/10/2024 بۆ هەڵبژاردن دیاریكرا، كە بەهۆی بارودۆخی هەرێمەوە چەندجارێك دواخرا، ئێستا ئیدی گرنگ ئەوەیە، هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەماو هەموو لایەك دەبێ بە گوڕوتینەوە خەریكی ئامادەسازی بۆ ئەو هەڵبژاردنە بێت كە بۆ حزبەكان و بۆ تەواوی دانیشتووانی هەرێم چارەنووسسازە، چونكە زۆر دواكەوت لەم كاتە هەستیارەدا كە ناوچەكەو جیهان لە دۆخێكی نائاساییدایەو پێشبینی رووداوی زۆر ترسناك دەكرێت.

ئەوەی گرنگە ئێستاو پێویستە لەسەر هەموو لایەك ئەوەیە كە زەمینەیەكی لەبارو شارستانیانە بۆ ئەو ململانێیەی لە نێوان پارتە سیاسییەكانی هەرێمدا بڕەخسێندرێت ئەوەیە كە مەبەست لەم پڕۆسەیە لە پلەی یەكەمدا نوێكردنەوەی كاری پەرلەمانە لە هەرێم بۆ ئەوەی لەوە زیاتر هەرێم بێ ئەو دەستگا شەرعییە گرنگە نەبێت و پەرلەمان بەزوویی بەكارەكانی خۆی هەڵبستێت.

پەرلەمانی هەرێم لە ساڵانی پێشوودا، دەیتوانی گەلێك كاری مەزنی وەك دانانی دەستوورێك بۆ هەرێم ئامادەو بڕیاری لەگەڵ خەڵكدا لەسەر بدات كە ئەمڕۆ بەرامبەر بەغدا دووچاری ئەو بۆشاییە گەورەیە نەدەبووین كە بەغداو وردتر بڵێین دادگەی فیدڕاڵ بڕیار لەسەر هەموو شتێكی هەرێم بدات ئەویش لە ڕاستیدا لە ئەنجامی ئەو ململانێ ناتەندروستەی نێو پەرلەمان بوو كە رێگر بوو بڕیاری لەسەر بدات، دەبێ هەموو لایەك ئەو ڕاستییە بزانێت كە هەوڵێكی شێلگیر هەیە بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم و بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێم كە كەس ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات.

شتێكی تازە ناڵێین گەر بڵێین ئەم هەرێمەو دەستكەوتەكانی لە ئەنجامی هەزاران شەهید و بریندار و پەككەوتەوە هاتۆتە بەرهەم و ناكرێ هەروا بە ئاسانی لە دەست بدرێت و گەلەكەشمان لە هیچ لایەكمان ئەو كه‌مته‌رخه‌مییه‌ قەبوڵ ناكات، بۆیە پێویستە كەشوهەوایەكی نیشتمانپەروەرانە و ئارام بڕەخسێندرێت كە هەموو لایەك بە ئازادی و لە چوارچێوەی یاساوە بە ئارامی بانگەشە بۆ خۆی بكات و نموونەیەكی شارستانی نیشانی جیهان و دەورووبەر بدات، چونكە سووككردن و شكاندنی یەكتری هیچ خزمەتێك بە هەرێم و خەڵكەكەی و دەستكەوتەكانی ناكات.

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینرێت نمونه‌یه‌كی باش نیشان نادات

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP