دواین هەواڵ

خاتوو جەیکبسن و ئایندەی کورد و ئێران

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

18/06/2024

پێنج شەممەی ڕابردوو، واتا سیازدەی ئەم مانگە (ترەیسی ئان جەیکەبسن) وەک کاندیدی باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لە عیراق لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیراندا وتەی خۆی پێشکەش کرد. ئەوەی سەیرە و جێێ داخە کە لە کاتێکدا میدیا و سیاسیی و سەرکردەکانی عیراق لە یەکەم ڕۆژەوە بە توندیی و چڕیی کەوتنە باسکردن و وەڵامدانەوەی، لەهەمان کاتدا زۆر بەدەگمەن نەبێت میدیای ئێمە بەلای ئەو باسەدا نەچوو، بەجۆرێک کە بەشێکی کەناڵە ئاسمانییەکانمان ئەمڕۆ وەکو هەواڵ باسیان کرد. واتا ڕێک پاش پێنج ڕۆژ.

لەو دانیشتنەدا کە سەعات و نیوێکی خایاند، ڕۆژی دواتر بە وردیی لە کەناڵی تایبەتی وێبسایتی ئەنجومەنی پیرانەوە هەموویم سەیر کرد، جگە لە خاتوو جەیکبسن، چوار باڵیۆزی دیکەش بە خۆیان و خێزان و هاوڕێکانیانەوە بۆ هەمان مەبەستت خاتوو جەیکەبسن ئامادە بوون، کە بریتین لە:

جینیفەر گاڤیتۆ: کاندیدی باڵیۆزی (فوق العادە) لە لیبیا.
جۆشوا هاریس: کاندیدی باڵیۆزی (فوق العادە) لە جەزائیر.
پیتەر لۆرد: کاندیدی باڵیۆزی (فوق العادە) لە سەنیگال و غینیا بیساو لە یەک کاتدا.
خوان کارلوس ئیتۆریغی: کاندیدی باڵیۆزی (فوق العادە) لە کۆماری دۆمینیکان.

زۆر بە وردیی سەرنجم دایە وتاری هەر یەکەیان و پرسیاری سیناتۆرکان و وەڵامەکانی کاندیدەکان، کە بەشی هەرە زۆری پرسیار و وەڵامەکان بۆ خاتوو جەیکبسنی لەمەڕ خۆمان بوو.

ئەم پێنج کاندیدە و ئەو وڵاتانەی کاندیدن کاریان تێدا بکەن، هەروا ڕێککەوت نین و دەتوانین وەک پاکێجێک سەیریان بکەین، هەربۆیە وا بەو کورتییە خستمنە ڕوو، هیوادارم بتوانم لە دەرفەتێکدا یەک بابەتی هەمەلایەنەیان لەسەر بنووسم، تا ئەو کاتەش بەخێرایی چەند دێڕێکتان لەسەر خاتوو جەیکبسن و وتە و سیاسەتەکانی پێشکەش دەکەم:

تەمەنی ٥٩ ساڵە و بەکالۆریۆس و ماستەری لە زانکۆی جۆنز هۆپکنز خوێندوە.

٢٠٠٣ باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکمانستان.
٢٠٠٦ باڵیۆزی ئەمریکا لە تاجیکستان.
٢٠١٢ باڵیۆزی ئەمریکا لە کۆسۆڤۆ.

٢٠١٧ یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕێکخراوەکان. ئینجا خانەنشین بووە، بەڵام لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بانگ کرایەوە بۆ خزمەت و کرایە بەرپرسی پرۆسەی (پەناگەی هاوپەیمانان) کە ئەرکەکەی دەربازکردنی دەیان هەزار ئەفغانی بوو کە کاریان لەگەڵ هێضەکانی ئەمریکادا کردبوو.

براوەی چەندین خەڵاتە لەوانەش خەڵاتی ئیبراهیم رۆگۆڤای یەکەمین سەرۆکی کۆسۆڤۆ لەپاش سەربەخۆیی.

هەڵبەتە جگە لەوانەی سەرەوە چەندین پۆستی جیاجیای وەرگرتوە، و خاوەن زیاتر لە (٣٥) ساڵ ئەزموونە لە بواری دیپلۆماسیدا. بە سەرنجێکی خێرا بومان دەردەکەوێت کە بەهۆی کارکردنی لە وڵاتانی ناوچەی ئێران، ئێزموونێکی زۆری سەبارەت بە ئێران و هاوپەیمانیی و کێشەکانی هەیە، جگە لەوەش کارکردنی لە کۆسۆڤۆ بایەخی تایبەتی هەیە، چونکە ئەزموونی کۆسۆڤۆ تاڕادەیەک لە ئەزموونی ئێمەوە نزیکە.

زۆر بە کورتی ئەم خاتوونە هێڵە سەرەکییەکانی لە ناو وتەکەی خۆی و وەڵامەکانی بۆ ئەندامانی لیژنەکە و بەتایبەتیش سیناتۆر تۆم کرووز کە زمانێکی زۆر توندی سەبارەت بە ئێران بەکار هێنا، لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەمەوە، بەو هیوایەی بتوانم دواتر قسەیان لەسەر بکەمەوە:

پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەڕێگەی پاراستنی ئەمریکاییەکانەوە -کە ئەمە ڕێک دژی فەسائیلە- وپەرەپێدانی سەقامگیریی و ئاسایشی عیراق.

گۆڕینی ئەرکی سوپای ئەمریکا لە عیراق. کە ئەمەش دەلالاتی زۆری هەیە. کە لەم سیاقەدا گرێی دایەوە بە شکاندنی داعش و ئاسایشی عیراقەوە.

جەختی کردەوە سەر شەراکەت و پەیوەندیی زۆر باش لەگەڵ سەنات.

گرنگترین تەوەری قسەکانی سەبارەت بە ئێران بوو:

ئێران ڕۆڵێکی خراپ و هەژموونێکی تێکدەری سەقامگیریی ناوچەکەی هەیە. میلیشیاکانی هەموو جۆرە پاڵپشتیەکیان هەیە، بۆ زامنکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەستاندنی ئەو هەژموونە، جەختی کردەوە کە کۆمەڵە کەرەستەیەکی سیاسەتی ئەمریکا بەکار دێنێت لەم بوارانەدا:

سەربەخۆیی عیراق لەبواری وزەدا، کە ئەمە کەمەرشکێن دەبێت بۆ ئێران.

سەربەخۆیی ئابووریی عیراقی و هاندانی وەبەرهێنان. فشارکردن بۆ باشکردنی ژینگەی وەبەرهێنان، کەمکردنەوەی گەندەڵیی.

پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، چارەسەری هەمیشەیی کێشەی ئاوارەکان و کەمینەکان لەعیراقدا وەکو مەسیحی و یەزیدی.

لەمانەش هەمووی گرنگتر قسەکانی بوو سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بوو کە وەک کۆڵەکەی سەرەکی پەیوەندییەکانیان لە عیراقدا وەسفی کرد. لەوەش گرنگتر باسی لە پەرەپێدانی پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ هەرێمدا کرد.
هەمان ڕۆژ واتا هەینی ڕابردوو، (ماتیۆ میلەر)ی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە تێوەگلانی حەشدییەکان لە پەلاماردانی چێشتخانەکانی بەغدا کرد.

وەک دەبینن، ئەم دانیشتنەی لیژنەکە و هاتنی ئەم خاتوونە لە دۆخێکدایە کە پووتن ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ کۆریای باکوور ئیمزا دەکات، وەزیری دەرەوەی ئێران دێتە عێراق و کوردستان، گرژییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵا دەگاتە ترۆپکی. هاوکات قسەوباس هەیە کە بارەگای مەکتەبی سیاسی حەماس بگوێزرێتەوە بۆ عیراق. بە هەموو پێوەرێک دۆخێکی نوێ بەڕێوەیە کە دەبێ لەم لۆکاڵیبوونەمان دەرچین و کەمێک ئاگامان لە دنیا بێت.

هاوکاتیش دەبێ ئەوەش زیاد بکەین کە ئەم کاندیدکردنە چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکایە، نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە ئەم خاتوونە بە دەسەڵاتی زۆر فراوانترەوە دێتە عیراق.

سەرەتای باسی ئەم خاتوونە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ، ئەو کاتەی بایدن ڕایگەیاند کە بە نیازە کاندیدی بکات. هەر لەو کاتەدا هەندێک لە سەرکردە شیعەکانی عیراق بە ترسەوە باسیان کرد، دواتریش جۆرەها مەترسییان خستۆتەڕوو، جۆرەها ناو و ناتۆرەیان پێوە ناوە، یەکێکیان ئەندازیاری کودەتا خارجییەکانە، کەچی پاش نزیکەی پێنج مانگ هێشتا میدیای ئێمە و سیاسییەکانمان بە دەگمەن نەبێت ئاگایان لەم قسەوباسانە نیە، و غەرقی کێشە لابەلا هەمیشەییەکانیانن.

لەم دەرفەتەدا بەمە ئیکتیفا دەکەم، هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا وردتر قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکەمەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP