دواین هەواڵ

شکاتەکەی سوودانی و ئایندەی کورد

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

14/07/2024

لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ هەر سێ سەرۆکی فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن (مامۆستا عەلی باپیر، کاک نەجیب باڵەتەیی، سەردار عەبدوڵڵا)، خوا لێخۆشبوو جەنابی مام جەلال وتی:
"من گلەییم لە مالکی نیە بەڵکو لە خۆمە کە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمارم بەکار نەهێناوە.". دواتر درێژەی دایە کە مالکی بانگ کردوە و لە دوای کۆبونەکەی لەگەڵ ئێمە، لەگەڵی دادەنیشێت و سنوورێک بۆ زیادەڕەوییەکانی دادەنێت. لە قسەکانیدا بۆ ئێمە خاڵ بەخاڵیش باسی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی کرد کە بڕیار بوو، بۆ مالکییان ڕیز بکات.

هەر ئەو شەوە بۆ دوا جار نەخۆش کەوت و لەدواییدا وەفاتی کرد. ئەم ڕووداوە بۆیە دەگێڕمەوە تاکو لە زاری خۆیەوە بۆتان بسلمێنمەوە کە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار یەکجار زۆرن، بەڵام بەداخەوە خودی سەرۆکەکان کاریان پێ نەکردوە.

زۆریی ئەم دەسەڵاتانە کە هێشتا وەکو پێویست بەکار نەهێنراون، مایەی نیگەرانیی ئەو گرووپ و عەقڵییەتانەیە کە دەیانەوێ دیکتاتۆرییەتی یەکڕەنگ بەسەر عیراقدا بسەپێنن. هەروەها فراوانیی ئەو دەسەڵاتانە، داگیرکەرەکانی کوردستانی سەغڵەت کردوە، هەربۆیە هەوڵیان داوە پۆستەکە لە کورد زەوت بکەن، لە کاتێکدا کە ئەم پۆستە زەرورەتی حەیاتیی بۆ کورد هەیە و نابێ لەژێر باری هیچ دۆخ و فشارێکدا دەستبەرداری ببێت.

تەماشا کردنی شکاتەکەی سودانی لەبەردەم دادگای فیدرالی لەدژی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار وەک کێشەیەکی شەخسی – کە هەڵبەتە دوور نیە ئەم فاکتەرەش هەبێت – دەڵێم کورتکردنەوەی نییەتی پشت شکاتەکە لەمجۆرە تێڕوانینە و پاساوی دیکەدا، کارێکی کوشندەیە، چونکە ئەمە خۆی بەشێکە لە عەقڵییەتێک و ستراتیژێک بۆ لەقاڵبدانی کورد و ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی تەنانەت لەناو دامەزراوە فیدرالییەکاندا.

لەم دۆخەدا سەرۆککۆمار نەک هیچ دەخالەتێکی نەکردوە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران، بەڵکوو ئەو سەرۆکوەزیران و لایەن و دەوڵەتەکانی پشتی بوون هەمیشە هەوڵی تاکڕەوییان داوە. ئەوان بوون هەمیشە کاریان لەسەر ئەوە کردوە جگە لە شیعە و لەناو شیعەشدا وەلائییەکان دەسەڵات و دەرفەت بۆ کەس نەهێڵنەوە. ترسناکیی ئەم شکاتە لەوەدایە کە دەیەوێ لەوە خراپتر بکات، ئەویش لەڕێگەی یاساوە و بۆ هەتاهەتایە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار بەتاڵ بکاتەوە. واتا ئەو عەقڵییەتە هەر بەوە تێر نابێت کە دەسەڵاتەکانی سەرۆک پێشێل بکات، بەڵکو دەیەوێ بەیەکجارەکیی کۆتاییان پێ بهێنێت.

چەند ساڵێکە بەهۆی شپرزەیی و ناکۆکیی ناو ماڵی کورد، داگیرکەران و داردەستەکانیان لەعیراقدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پیلانێکی ترسناکن بۆ لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان، کە ئێمە زۆر دەمێکە باسمان لەوە کردوە کە ئەمە پیلانێکی ڕووسیی و سوریی ئێرانیی تورکییە، ئامانجە سەرەکییەکەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە سوریا و ئینجا لە عیراق، ئەو ئامانجەش تەنیا لە ڕێگەی لەقاڵبدانی هەرێمەوە دەبێت کە لە حاڵەتی سەرگرتنیدا – خوانەخواستە – دەبێتە هۆی نەمانی قەوارەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش.

ئەم شپرزەیی و ناکۆکییانەی ناو ماڵەکەمان، لەوێدا گەیشتە ئاستی زیانگەیاندنی ترسناک کە دوو جار لەسەر یەکە کورد لە ناو پەرلەمان بە ئێسقان شکاندن پۆستی سەرۆک یەکلا دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، بەرلەوەی خوا ئاوا غەزەبمان لێ بگرێ و سەرمان لە تێک بچێت، بە یار و نەیارەوە، بە حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە یەک سەنگەردا ڕووبەڕووی هەموو جیهان دەبوینەوە و سەریش دەکەوتین.

ئەو کاتەی یەکڕیز بووین و بەرژەوەندیی باڵای کوردستان پێوەر و ئامانجمان بوو، کەس دەرقەتمان نەدەهات. ئەو کاتەی هێشتا نوێنەرەکانی کورد لە ئاستی تاکەکەسیشدا سیاسی ڕەسەن و خاوەن قەزیە و بەئەزموون بوون، و هێشتا سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا نەببوو بەم (سێرک)ە بێتامەی ئێستا، دەمانزانی لەکوێدا پیویستە ململانێی یەکتر بکەین و لەکوێشدا دەبێ ئەولەوییەتمان بگۆڕین و پێکەوە شان بدەینە بەر ئەرکە هاوبەشەکان، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ناکۆکییە هەمیشەییەکانمان ببین. ئەو دەمانەی کە بەو جۆرە بووین کەس دەرەقەتمان نەدەهات.

سەرنجتان بۆ قسەکانی بەڕێز فەخری کەریم ڕادەکێشم کە لە ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەتی لەندەنیی کردبوونی. ئەو دەمە هەموو وڵاتانی عەرەب دژمان بوون پۆستەکەمان لێ زەوت بکەن و بیدەن بە دکتۆر ئەیاد عەلاوی، تورکیا زۆر فشاری دەکرد، ئەمریکا فشاری زۆر لەڕادەبەدەری کرد. فشارەکان گەیشتنە ئەو ئاستەی ئۆبامای سەرۆکی ئەو دەمەی ئەمریکا، خۆی قسەی لەگەڵ خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال بکات.

جەنگیز چاندار، لە کتێبی شەمەندەفەری میزۆپۆتامیادا کە سەرلەبەری باسی ڕۆڵی مام جەلالە، باس لەو فشارە زۆر و لەڕادەبەدەرانە دەکات کە ئۆباما و شەخسی ئەردۆغان خستبوویانە سەر جەنابی کاک مەسعود بۆ کشاندنەوەی مام جەلال. کە نەک هەر زۆر و زەوەند بوون بگرە ماوەیەکی زۆریشیان خایاند تا گەیشتە دوا چرکەکانی هەڵبژاردنی مام جەلال لە شەوێکی درەنگدا کە لەپاش هەڵبژاردنی سەرکایەتی پەرلەمانەوە پەرلەمانتارە سوننەکان هۆڵی کۆبونەوەکەیان چۆڵ کرد، ئەگەر ئێمە لەو شەوەدا یەکڕیز نەبووینایە (نیسابی) کۆبونەوەکە دەشکا و سەرۆک هەڵنەدەبژێررا.

ئەو شەوە هەموو پێکەوە بووین. خوا لێخۆشبوو جەنابی کاک نەوشیروان نەنوستبوو لەسەر هێڵ بوو لەگەڵمان. جەنابی کاک مەسعود بە تەنیشتی جەنابی مام جەلالەوە دانیشتبوو، کاک نێچیرڤان لەهۆڵەکەدا بوو سەرگەرمی هەوڵی پەرۆشانەی خۆی بوو. سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی لەسەر هێڵ بوو و فراکسیۆنەکەشیان لە بەغدا مەسئوولانە یەکڕیزییی کوردیان پتەوتر دەکرد، مامۆستا عەلی باپیر کە خۆشی ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان بوو پایەیەکی دیکەی ئەو پەرۆشیی و یەکڕیزییەمان بوو.ئەو شەوە کەسمان وازمان لە هیچ یەک لە کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانمان نەهێنابوو، بەڵکو بەهەستی بەرزی نیشتمانپەروەرییەوە، تەنها لە بەردەم مەترسیی و تەحەدایەکەی قورسدا یەکمان گرتەوە، و ڕۆژی دواتر چوینەوە سەر ڕەوتی ململانێ ئاساییەکانمان. ئەو شەوە هەموو کوردی بەرپرسی ئەخلاقبەرزی سیاسیی بووین. سیاسیی ڕەسەن و پرۆفیشناڵ بووین، بۆیە لەبەرامبەر هەموو جیهان وەستاین و سەریش کەوتین. ئەو شەوە ئیرادەی بەهێزمان، ئیرادەی زەبەلاحی داگیرکەرانی تێکشکاند.

بۆیە ئەم بەسەرهاتانە دەگێڕمەوە تاکو پێتان بڵێم، ئێستا دۆخێکی یەکجار ترسناکە، ئەم جۆرە شکاتانەش لەوە ترسناکترن کە بە سادەیی سەیریان بکەین، بۆیە لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بەوەیە بچینەوە سەر ئەو ڕێچکەیەی سیاسەتکردن. لەم کەیسەشدا نابێ بەهیچ جۆرێک قبوڵی کەین بە زەڕەیەک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار کەم بکرێتەوە، چونکە ئەگەر وەکو پێویست بەکار بهێنرێن دەتوانن زامنی پەکخستنی پیلانی دوژمن و داگیرکەران بن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP