دواین هەواڵ

ئاژاوەی بێ تەقە، کەری فەیلەسوفێک...!

‌غازی حەسەن

28/05/2024

دونیا لەبەردەم گۆڕانکاریی و کێشە و قەیرانی نوێیە هەندێک بەم جۆرە قەیرانانە دەڵێن ئاژاوەی دەستکرد. هەموو جەنگەکان لە قەیرانی ئابووریییەوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئابووریەکی باشتر دەستی پێکردووە و خاوەنی تیۆری جەنگ هەمیشە پێی ئاسایی بووە ملیۆنەها مرۆڤیش ببنە قوربانی. من بیر لەوە دەکەمەوە ئایا بەڕاستی دونیا زمان بەڕێوەی دەبات، یان عەقڵ؟ ئەگەر مەسەلەکە پەیوەستە بە عەقڵ ئەوە بیردۆزەکەی فەیلەسوفی فەرەنسی (ژان بۆردیدان) لەبارەی فەلسەفەی ئەزمووناندنی کەرەکە پیادە دەکرێت لەپێناو تێگەیشتن لە ڕەفتار و ڕەوشت و عەقڵ و بڕیاری مرۆڤ دەکەن. ئەگەر زمانیشە ئەوە هەموومان لە نێو زماندا دەژین وەکو (هیگل) ناوکۆڵی بۆ کردووە.

چیرۆکی بیرۆکەی ئەم فەیلەسوفە پشتی بەو تیۆرە بەست، کە لەجیاتی تاقیکردنەوەی خودی مرۆڤ، باشترە کەرێک تاقی بکاتەوە، لەپێناو تێگەیشتن لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی بڕیار و ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤ. (بۆریدان) کەرێکی لەپێناو گەیشتنە ئەنجام بۆ ساخکردنەوەی توانای کەر/ مرۆڤ بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی بڕیاری چارەنووسساز، کە پەیوەندی بەژیانەوە دەبێت. بیرۆکەکەی ئەوەبوو بزانێت کەرەکە چ چەشنە کاردانەوە و بڕیارێکی دەبێت و چ بژاردەیەک هەڵدەبژێرێت کاتێک برسی و تینو دەکرێت و بڕیار دەدات کامەیان پێشتر بەکاربهێنێت. بیرۆکەکە بریتی بوو لەبرسی و تینوو کردنی کەرێک. ئینجا ئاخوورێک و ( کۆلی ئاو)ێكی لەدوور هەمان ماوە دانا و لەیەکێکیان کا و و جۆ بوو، ئەوی دیکەشیان ئاوی تێدابوو.

کەرەکە بەلای هیچیان دانەچوو، چونکە نەیزانی و نەیتوانی هیچ کامێکیان هەڵبژێرێت و عەقڵی ئیرادەی ئەوەی پێ نەبەخشی چ بڕیارێکی گونجاو لەپێناو ژیانی خۆی بدات، تاکو کار گەیشتە ئەوەی فەلسەفەی ئەزمووندانی کەرەکە، خودی کەرەکەی تۆپاند. ئەمە بووە رێسایەک کە دەوڵەت و سیاسییەکان و دەسەڵات و هێزە خۆسەپێنەکان لەهەندێک بواردا هەمان ئەزموون دووبارە بکەنەوە.

رێسای فەلسەفاندنی کەر و دروستکردنی کەری فەیلەسوف لەزۆر بواردا بۆتە جێگەی بایەخی بەکردەوەی سیاسەت و ململانێی سیاسی و ئایدیۆلۆژیا و بیرۆکەکانی خۆ سەپاندن و کۆنترۆڵکردنی عەقڵ و وزە و تەفروتونا کردنی هێزی ئەوانی دیکە. ئەم جیهانە پڕە لە چیرۆکی تاقیکراوە و ئەزمووێندراوی کەر، یان کەرەکان.

دونیا بەرەو ئاژاوەیەکی دوور لە تەقە دەڕوات، ڕوسیا نەیدەویست پێی لەنێو قوڕەلیتە خەستەکەی ئۆکرەین بچەقێت و پێی وابوو کاتی ئەزمووناندنی کەرەکە هاتووە، بۆ ئەوەی (ئەمەریکا و ڕۆژئاوا) بناسێت و تێیان بگات. دەیوست ئاژاوەیەکی گەورەی بێ تەقە ئەنجام بدات، بەڵام وا دەرنەچوو. چین هێشتا هەڕەشە لە تایوان دەکات و ئاژاوەیەکی دەروونی گەورەی دەستپێکردووە و ئەویش دەیەوێت عەقڵ و توانا و کاردانەوەی ئەمەریکا نەک تایوان تاقی بکاتەوە، بۆیە بێ تەقە دەیەوێت وەکو کەرەکە (تایوان) لە برسان بکوژێت. ئێران سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق لەنێو ئاژاوەیەکی فرەڕەهەند تاقی کردۆتەوە و کەرە تاقیکراوەکان دەیانەوێت هەمان ئاژاوە لەدژی هەرێم تاقی بکەنەوە. لەبیری نەکەین ڕوسیا و ئێرانیش تاقیکراوەن.

ئێران بەهەمان پرۆسەدا تێ دەپەڕێت و لە سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق و غەزە هەمان شتی کرد، پێم وایە لە غەزە تیۆرەکەی (بۆریدان)ی بەنەزانینێکی زۆرەوە تاقی کردەوە، لەبڕی (کاو و جۆ و ئاو)، شەڕ و نەهامەتی بەکارهێنا. کە ئێستا کارەساتەکانی یەکجار قووڵ و فراوانن. ئەمە چ ئاژاوەیەکی مەزنە، هێندە مەزنە کارە دەستکردەکەی ئاژاوەکەش ئاشکرا بووە چەند ئاژاوەیەکی نەفرەتییە.

ئەمەریکا لەنێوەخۆیدا لەئاژاوەیەکی سیاسی بێ تەقە دەژیت، هەقدەستی کرێکاران لە پاشەکشەیە، مافی ئافرەت و لەبەرچوواندن و هەقدەست و یەکسانی و توندوتیژی و مافی منداڵ و برسیەتی پرسێکی جددین، تەقەی نێوەخۆی ئەمەریکا بە قسە ئەنجام دەدرێت و  شەڕی دادگا دژی (ترەمپ) و جەنگی (پیری و تووشبوون بەنەخۆشی لەبیرچوونەوەی بایدن)، واتە (وشە) بەکاردەهێنن. لەکاتێکدا وشە لەهەندێک دۆخدا زۆر لە تەقە و فیشەک کاریگەرترە. ئەوان دەیانەوێت دەنگدەر وەکو کەرەکەی (بۆریدیان) تاقی بکەنەوە (بەرنامە و کەسایەتی خراپی سەرۆک)  و (گوزەرانی باشتری ئابووریان) پیشان دەدەن، دەیانەوێت بزانن دەنگدەر کامەیان هەڵدەبژێرن. هەموو هەڵبژاردنێک وایە دەنگدەر تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجام دەدرێت.

ئاژاوەیەکی گەورە دونیای گرتۆتە، ئاژاوەی دیموکراسی، ئاژاوەی داگیرکردن و سڕینەوەی ئەوانی دیکە، ئاژاوەی ئابووری و گرانبوونی هەموو شتێک، ئاژاوەی بچووکردنەوە دەوڵەت و کرانەوەی بازرگانی و ساخکردنەوەی چەک و تاقیکردنەوەی بەرهەمە سەربازییە نوێیە مۆدێرنەکان و سەرباری ئاژاوەی دیپلۆماسی، ئاژاوەی لەناوبردنی نێوەخۆیی لەنێوان دەسەڵاتەکان، ئاژاوەی بەپاشکۆکردنی دەوڵەت و  حکوومەتەکان و هاووڵاتیان. ئاژاوەی بەکۆیلەکردنی تاک سەرتاپای دونیای گرتۆتەوە. ئاژاوەی بە دیموکراسی کردنی، گەندەڵی و تاکڕەوی و ڕووتاندنەوەی میللەت، ئایا بیرتان لەوە کردۆتە تاک لەسەرتاسەری دونیا چۆن بۆتە کۆیلەی (ئەنەترنێت و فەیس بووک و تویتەر و فیلمی سینەمایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.. تاد) بێ ئەوەی تەقەی تێدا بکرێت. ئاژاوەکە بە ڕاگەیاندن و زمان و وشە بەڕێوە دەچێت. لەنێو هەر وشەیەکدا ژیانێکی جیاواز و تایبەتی ئاخێوەرەکانیان بەدی دەکرێت. وشەیەکی ئەمەریکی، وشەیەکی ڕوسی، چینی، فەرەنسی، ئەلمانی و عەرەبی و ئیتالی... تاد نیشانە و هێمای ئاژاوەی ژینگەی بەکارهێنەرەکانیانە.

کورد گوتەنی فیکەی حەرامزادەیی لە دوورەوە دیارە، لەنێو وشەکانیشدا فیکەی ئاژاوەیەکی گەورە، گەورەتر لەململانێیە نێو دەوڵەتییەکان هەیە، گەورەترە لە کەرە فەیلسوفەکەی (بۆریدیان). گەورەتر لە تاقیکردنەوە و ئەزمووناندی شتەکان لەپێناو دۆزینەوە و (ئاشکرانی توانای عەقڵیی خودی مرۆڤ لە کردار و ڕەفتار و بڕیارەکانی).

دەبێت لەپێناو ئاژاوەیەکی گەورە لەم دونیایەدا چەند کەری گەورەی فەیلەسوف هەبێت، دیموکراتەکان شانازی بە ڕەمز و هێمای (کەر) دەکەن، ئایا بەڕاست ئەوان بەکردەوە نوێنەرایەتی ڕەفتار و ڕەوشتە بەنرخ و میهرەبانەکانی کەر وەکو فکر و هەڵسوکەوت و خۆڕاگریی و دانبەخۆداگرتن و خزمەتگوزاریی دەکەن. کەر هێمای هێز و خۆڕاگریی و دانەبەخۆداگرتن و کۆڵهەڵگریی قورس و بەکارهێنانیان لەلایەن پیاوە مەزنەکانی ئایینەکانە، لە سیاسەتدا زیرەکی و خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنە. لە ئابووریدا بەرهەمهێنان و بارهەڵگرتن و خزمەتگوزارییە، لە نێو زمان و  ئەدەبیشدا (نیشانە و هێما و سیمیۆلۆژیاییەکی ماناداری خوازە و گوزارشتە) لە دۆخێکی دەروونی و ئەخلاقی و پەروەدەیی و عەقڵی و نیشاندانی توانای عەقڵی لەنێو کۆمەڵگە.

خودایە دەبێت لەم جیهانە گەشەکردووەدا چەند کەری مەزن هەبن و چەند کەری فەیلەسوف هەبن و چەند ملیارەها کەری ڕەنج بەخەسار و قوربانی و چەوساوەش هەبن، ڕۆژانە ئاژاوەیەکی گەورە و گەورەتریان لەسەر تاقی دەکرێتەوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP