دواین هەواڵ

بایدن: ئەگەر خوا داوام لێبکات، دەکشێمەوە

‌غازی حەسەن

20/07/2024

بەپێی هەواڵەکانی نێو ئەمەریکا نێو ماڵی حزبی دیموکرات بەرەو ناکۆکی و بیروڕای جیاواز دەچن لەبارەی مانەوەی (بایدن) وەکو کاندێدی سەرەکی ڕکابەری (ترەمپ).  ئەویش پێداگرە و بەدەنگی بەرز دەبێژێت: "نەخێر، من دەتوانم و توانام هەیە، ئیلا و بیللا ترەمپ دەبەزێنم!". لە کردەوەدا ڕکابەرەکەشی پێداگرە و پێی خۆشە (بایدن) وەکو ڕکابەر بمێنێتەوە، چونکە پێی وایە و وای مەزەندە کەن بردنەوە و سەرکەوتنی لەکاتی مانەوەی (بایدن) مسۆگەرتر دەبێت. قسەی نیمچە فەرمی و نافەرمی ئەوەیە کە هەندێک لە دیموکراتەکان بەئاشکرا داوایان لە (پیرە بایدنی کەموزە لە بیرهاتنەوە) کردووە، شەرم نەکات و دەست لە خۆ کاندێدکردن بکێشێتەوە.
ڕاپرسییەکان بەشێوەیەکی گشتی ئەوە نیشان دەدەن، کە ترەمپ لەپێشەوەیە، تەقەکردنەکە پێگە و لایەنگری (ترەمپ)ی لەنێو حزبی کۆماریی یەکلاکردەوە و بێ ڕکابەر، بێ نقە و بە پشتگیرییەکی بەهێز و دژە کردەوە گوتیان بەڵێ ئەمە سەرۆکی ئایندەیە. ئەویش "پێشوازی لە بڕیاری کۆنگرەی حزبەکەی کرد و قبووڵی کرد کاندێد بێت" وەکو ئەوەی چوار ساڵە ترەمپ کار بۆ ئەم چرکە ساتە نەکات!! هەندێک جار سیاسەت کۆمیدیایەکی ڕەشە، پڕە لە نوکتەی سەیر و بێ زەوقیش و لەتەک ئەوەشدا (جی دی فانس)ی گەنجێکی ٣٩ ساڵی بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسی ئەمەریکا وەکو جێگری خۆی بەربژێر کرد. ئەمە دیموکراتەکانی تووڕە کردووە، گۆیە جێگرەکەی کەسێکی ڕاستڕەوە.

کات کەم بۆتەوە و دیموکراتەکان دەبێت یەکلای بکەنەوە (بایدن)، یان کەسێکی دیکە هەڵدەبژێرن. دوور نییە بەمانەوەی (بایدن) لە ڕکابەرییەکە نەک (ترەمپ) بباتەوە، لەوانەیە لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانیش دەنگەکانیان کەم بکات، ئەو کاتە پارسەنگی هێز و بڕیار و دانانی یاسا هەمووی دەکەوێتە دەست کۆمارییەکان و بەکردەوە (ترەمپ) ئەگەر دەرچێت دەبێتە (پاشای ئەمەریکا)، بەڵێ بۆ چوار ساڵی بانگی دەکەن (پاشا ترەمپ!!) و (ترەمپیزم) دەبرێتە قۆناغێکی باڵاتر و نەک هەر لەناوەخۆی ئەمەریکا، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ڕەنگە شتی چاوەڕوان نەکراو بهێنێتە پێشەوە.

کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئەمەریکی ئاشکرای کردووە هەولی غافلکوژییەکەی دژ بە (ترەمپ) دەستی ئێرانی تێدابووە، ئێرانیش ئەمەی ڕەتکردەوە. ئێمە دەزانین ئێران پێیان خۆشترە (بایدن) و دیموکراتەکان دەسەڵاتیان پتر بێت و براوەبن، چونکە سوود لەسیاسەتی دیپلۆماسی و تێڕوانینی ئەوان و درێژەدان بە هەنگاوەکانی (ئۆباما)  وەردەگرن، بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام (ترەمپ) پێشتر و ئێستاش نایشارێتەوە ئەو دژی سیاسەت و ڕەفتاری ئێرانە، واتە گوریسی ناوتەنگەی کێشەکان توندتر دەکات. هیچ شتێك لە سیاسەت موستەحیل نییە، ئێران دەبێت چ قازانجێک بکات (ترەمپ) بکوژێت؟ لەکاتێکدا گەمەکە بەهۆی ڕزگاربوونی ئەم سەرکردە پێچەوانەوە هەڵگەڕایەوە. بەپێی ئەزموون و مێژووی پێشتر کۆمارییەکان بەشێوە چارەسەری دیموکراتییەکانیان لەبارەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ڕازیی نین.  ڕوسیاش بۆ ئەوەی لە کێشەکان دوور بێت ڕایگەیاند ئەوان "مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک دەکەن، کە ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا). ئەم گوتارەی کرێملن وەکو گومان و ترس لەخۆکردنە، نەبادە بڵێن ڕوسیا دەستی لە غافلکوژییەکە هەبووە، پێ دەچێت جۆرێک لە خؤشەویستی لەنێوان (ترەمپ و بۆتین) هەبێت. 

دوور نییە (بایدن) کە هەنووکە ڕایگەیاندووە تووشی پەتای کۆڤید- ١٩ بووە، ئەم بابەتە بکاتە دەریچەیەک و هۆکارێک تاکو خۆی بکێشێتەوە، ئەگەر ڤایرۆسەکە پتر هانی نەدات پێداگریی  بکات و بیەوێت بەهێزتر  (ترەمپ) لە عەردی بدات. کورد گوتەنی نازانین "مرۆڤ شیری خاوی خواردووە". ئەگەر بکشێتەوە لە دەرگایەکی گەورە دەچێتە نێو ڕووداوە گەورە مێژووییەکان، پێچەوانەش هەنگاو بنێت نادیارە چ دەقەومێت. (بایدن) کەسێکی سیاسیی دوور بینە، بەئاسانی تەسلیم نابێت و ئاسانیش نییە حزبی دیموکرات و ئەمەریکا بەقوربانی خواستە خودییەکانی خۆی بکات و مل نەدانە قسە و ڕەخنە و ئامۆژگاریی و داوای هیچ کەسێک.

گوتاری هەردوو کاندێد پێداگرییە لە سەر (یەکگرتووی ئەمەریکا)، کەچی ململانێی ئەم دوو سەرکردە بەکردەوە خەریکە شەقامی ئەمەریکا دابەش بکات،  ناکۆکی سیاسی تا ئەم ساڵانەی دوایی لەتوندوتیژی و ناکۆکی وشک و  ڕەق و یەکتر شکان دوور بوو، کەچی لەم چەند ساڵەی دوایی کردەی توندوتیژی لە دوای دۆڕانی، یان دان نەنان بە  خۆدۆڕانی (ترەمپ) زیادی کردووە و کێرڤی پەنابردنە بەر توندیی لە (قسە و گوتار و ئینجا کردار و ڕەفتار)دا بەئاشکرا ئەنجام دەدرێت. هێرشکردنە سەر کەپیتۆل و کۆنگرێس و دامەزراوە شەرعییەکان نیشانە و  هێمایەک بوو بۆ (بەپەڕۆکردنی سیستەمی دیموکراسی لە ئەمەریکا) سەرەتا لە قسە دەستی پێکرد و دواتر دیموکراسی ئەمەریکایان ئەتک کرد.

پەنابردنە بەر تیرۆر و کوشتنی سەرۆکەکانیش جاری یەکەم نییە، بەڵام ئەمە دیاردەیەکی ناشارستانی و شێواندنی دیموکراسی و بیرکردنەوەیە لەتۆڵەکردنەوە و سڕینەوەی جەستەیی و فکریی و ئەخلاقی.

لەوانەیە بەپێداگری (بایدن) لەمانەوەی لە ڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی (ترەمپ) بە (پاشابوونەکەی خۆی لە ئەمەریکا) مسۆگەر بکات، بەڵام بەکشانەوەی (بایدن) دوور نییە ڕیسکەی لێ ببێتەوە خووری، هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریی و پێداگرییەی کەسیی و خودیەی لەپێناو مانەوە هەیە، زیانێکی زۆر بە پێگەی جەماوەری دیموکراتەکان بەگشتی دەگەیەنێت.

هەڵبژاردن ژمارەیە و ستراتیژێکی قووڵە لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتێكی مسۆگەری پاک لەڕێگەی (دەنگدانەوە، نەک بەکارهێنانی هێز و سڕینەوە  و توندوتیژی)، ڕکابەریی (بەوشە و فکر و پەیڤین و پڕۆژە) نەک (هێز و خۆسەپاندن و ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە).
دیموکراسی پشت بەستوو بە وشە، هێزی نەرم و گوتاری عاقڵانەی پڕ لە پڕۆژە و فکر، جیاوازە لە گوتاری (غافلکوژیی و توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی یەکتر).

(بایدن) بانگەشەی ئەوە دەکات (ترەمپ) هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی ئەمەریکییی، لەکاتێکدا ئەو لەگەڵ ئەوەی بەهۆی تەمەنەوە ناتوانێت تەواوی ئەزموونی سیاسی و ئیداری خۆی وەکو پێویست لەپێناو (هەموو ئەمەریکا ڕاپەڕێنێت و هەندێک بە عەقڵ پووکاوەی مێشک لاوازی ناو دەبەن) دیموکراتەکان دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی سەخت و دژوار. گفتوگۆکانی نێو میدیای ئەمەریکا سەرتاپا قسەکردن و چاوەڕوانییە لە (کاردانەوە و دوا بڕیاری بایدن).

گوتاری (بایدن) و دیموکراتەکان بەکردەوە ئەم هەفتەیە بریتییە لە یەکبڕیاری و یەکخستن و یەکگرتوویی ناوماڵی حزبی دیموکرات، گوتاری (ترەمپ) و کۆمارییەکانیش بریتییە لە یەکگرتوویی ئەمەریکا و (ترەمپ) بە دەرکەوتنی بە گوێی بریندارەوە دەیەوێت وەکو هێما و نیشانەی یەکگرتوویی هەموو ئەمەریکا ڕەفتار بکات. ئەمەش لەکردەوەدا دیموکراتەکان دەخاتە پلەی دووەم.    

  بەپێی لێکدانەوەکانی ڕۆژنامەی (لۆتان)ی سویسری، و (نیۆریک تایمز) و  (واشنتن پۆست) و(نیوزویک) و کەناڵە ئاسمانییە بەنێو بانگەکانی ئەمەریکا  (بایدن) دواجار گوتیەتی: "ئەگەر خوا داوام لێبکات، دەکشێمەوە" بەمانای ئەوەی ئەگەر خوا پێی خۆشبێت، ئەوە لە ڕکابەری دەکشێمەوە. چەند ڕۆژێک دواتر هەندێک نەرمی نواندووە و گوتیەتی ئەگەر ژمارەی دروستم بدەنێ، کە من نابەمەوە، ئەو کاتە فکر لە خۆکێشانەوە لەڕکابەری دەکەمەوە. ژمارەکان هیچ لە قازانجی (بایدن) نین  ٪٢٩ دەنگدەرەکانی دیموکرتەکان پێیان وایە نوێنەرەکەیان توانای عەقڵی وەکو پێویستە، کەچی ٪٤٨ی کۆمارییەکان دڵنیایان داوە، کە نوێنەرەکەیان ئەم توانایەی هەیە.  لە ڕاپرسییەکی (ئەسۆشێتد پرێس) دەرکەوتووە لە ٪٦٥ی دیموکراتەکان لەگەڵ ئەوەن (بایدن) واز بهێنێت و تەنیا  ٪٢٦ی کۆمارییەکان بە (ترەمپ) ڕازیی نەبوون. ئەمەش جیاوازییەکی یەکجار گەورە نیشان دەدات و ترووسکایی خێری بۆ سەرۆکی ئەمەریکا تێدا نییە.

بۆ زانیاریی پتر هێشتا (بایدن) چاوەڕوانە پەیامێکی لە خوا پێ بگات، ٢١ نوێنەری دیموکراتەکان و ٢٩ کەسایەتی سیاسی داواین کردووە (بایدن) دەرفەت بە کاندێکی دیکە بدات، چونکە پێیان وایە ئەنجامەکان بۆ دیموکراتەکان باش نابێت. ئەو هەموو خەڵکە داوا لە (گەورەترین سیاسی دیموکراسی و ئەمەریکای ئازادی شاناز بەخۆ) دەکەن، کەچی ئەو هێشتا بیر دەکاتەوە چۆن (ترەمپ ببەزێنێت) لەکاتێکدا هەموو ئاماژەکان ئەوەمان نیشان دەدەن لەیەکەم دیداری ڕووبەڕوو ئەو بەزیی و خەرمانی تونا و سیاسی و لێهاتوویی و قسەزانی چەند ساڵەی سووتا.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ (بایدن) خەونی (ترەمپیزمی) لە گۆڕ نا، کەچی خەریکە ئەمجارە خەونی دیموکراتەکان پێش دەنگدان بکوژێنێتەوە!.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP