هەموو ئەوانەی شارەزای زانستی مێژوون یان خواستی خوێندنەوە و گەڕانیان هەیە بە کون و کەلەبەرەکانی مێژوودا، بە تایبەتیش مێژووی کورد و نەتەوەکانی دیکەی دەوروبەری کوردستان، بەڕوونی ئەم چەند خاڵە سەرەکییە دەزانن.
یەکەم: مێژووی ئێمەی کورد بەشی زۆری لەلایەن بێگانەکانەوە نوسراوەتەوە، بەشێکیان مێژوونووس و گەڕیدە ئەوروپاییەکانن، بەشەکەی تریشیان ئەو مێژوونووسانەن کە سەر بە نەتەوە داگیرکەرەکانن و نیشتیمانی کوردستانییان داگیرکردووە.
ئەوەی پەیوەستە بە ڕۆژئاواییەکان،
زۆرینەیان وێنا ڕاستەقینەکەی مێژوویان گواستۆتەوە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، بە پێچەوانەشەوە زۆرینەی مێژوونووسە عەرەب و تورک و فارسەکان، بە خواستی دەسەڵاتی داگیرکەر، مێژووی کوردییان شێواندووە، زیاتر لەوەش کۆمەڵێک تۆمەت و ئەفسانەی دڕندانەیان بۆ کورد دروستکردووە، بۆ نمونە مەسعودی مێژوونووسێکی عەرەبە، ڕەچەڵەکی ئێمە دەباتەوە سەر دێو و درنجەکانی حەزرەتی سولەیمان، وەک چۆن گورگە بۆرەکان بە تورکی شاخاوی ناومان دەهێنن، واتە لەدەرەوەی شارستانییەت و مێژووی مرۆڤایەتیداین.
دووەم: لە دوای ڕاپەڕینەوە، کۆمەڵێک قەڵەمفرۆشی کورد پەیدابوون، لە ژێر ناوی دین و ورووژاندنی سۆزی دینیەوە، گەرەکییانە ڕەچەڵەکی ئێمە بەرنەوە سەر ئەو داگیرکەرانەی کە سەدان ساڵە کوردستانییان داگیر کردووە و ڕووباری خوێنیان لە قڕکردنی کورد هەڵبەستووە، شارستانییەتەکەی کوردیان شێواندووە،
هەوڵدەدەن کورد شانازی بەو مێژووە خوێناویەی ئەوانەوە بکات کە پڕە لە تاوانی دڕندانە.
ئەشکەوتی شانەدەر.
لە ساڵی ١٩٥٧ ەوە، تیمە بیانییەکان کۆڵین و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەردا دەکەن، بەڵام دۆزینەوەی ئەمساڵیان و تۆمارکردنی بە ناوی کوردستانەوە، بوو بە بابەتی میدیای جیهانی بەوپەڕی گرنگییەوە، واتە کوردستان کەوتەوە سەر نەخشەی پێش پەیدابوونی شارستانێتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
ئەوەی یارمەتیدەری سەرەکی بووە لەو بابەتەدا، پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەمە، هەرچەندە پێشتریش گوندی چەرموو وەک کۆنترین گوندی جیهان دیاریکراوە کە مرۆڤ کشتوکاڵی تێدا کردووە، بەڵام ئەوەندە بەس نییە و ئێمەی کورد لە سەردەمی ئێستادا، دەتوانین لە ڕێگەی زانست و تەکنەلۆژیاوە، مێژووی ساختە و شێوێندراوی خۆمان و ناوچەکە ڕاست بکەینەوە.
یەکەم: کوردستان یەک پارچە شوێنەوارە، شوێنەواری سەرجەم قۆناغەکانی مرۆڤایەتی و شارستانییەتە جیاوازەکانی تێدایە.
دووەم : پێویستە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری بەشی شوێنەوارەکان، بانگهێشتی ئەو زانکۆ بیانیانە بکەن کە بەشی ئارکیۆلۆجییان هەیە، بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین لە شوێنەوارەکانی کوردستان و تۆمارکردنییان لەسەر نەخشەی جیهانی شوێنەوارەکان.
سێیەم: بەشیێکی شوێنەوارەکانی کوردستان، بە مەبەستی تایبەت شێوێندراون یان لە داهاتوودا دەکەونە بەر هەڵمەتی لەناوچوون یان شێواندن، بۆیە گرنگە لەو سەردەمەدا کە زانست و تەکنەلۆژیا هاوکارێکی باشە بۆ ناساندن و تۆمارکردنییان، ڕێگە خۆش بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەریان و تۆمارکردنییان.
چوارەم: لە هەرێمی کوردستانیشدا، هەوڵ بدرێت بەشی ئارکیۆلۆجی لە سەرجەم زانکۆکاندا بکرێتەوە و ساڵانە خوێندکاران توێژینەوە لەسەر ئەو هەموو سەرمایە بەجێماوەی شارستانییەتەکان بکەن.
پێنجەم: کوردبوونی ئێمەو کوردستانیبوونی نیشتیمانەکەمان، بەو پێوەرە زانستییانە، دەبێتە وەڵامێکی لۆژیکی بۆ مێژووی شێوێندراو و ساختەکراو لەلایەن دوژمنەکانمانەوە و دەبێتە لەمپەرێکیش لە داهاتوودا، هیچ کەس و لایەنێک دەست بۆ شێواندنی مێژوومان نەبات.
ساڵح میراودەلی