دواین هەواڵ

تاران یەکێک دەکاتە قوربانی

‌تەنیا کوردی

پێش 4 هەفتە

دروست وایە، رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ پرسی مووچە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا، دوو بژاردەی بۆ ئێران ھێشتووەتەوە:

یەکەم، تاران لە نێو سەبەتەی ئەمریکا بڕیاردەدات بە نزیکبوونەوەی ھێزە شیعەکانی نێو ئیدارەی دەوڵەت لەگەڵ پارتی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی پێوەندار بە ھەڵبژاردن و پرسی حکمڕانی و زۆر بابەتی تر..

دووەم، تاران یان لەنێو سەبەتەی خۆیدا ئەم رێککەوتنەی ھەولێر و بەغدا دەکاتە فەوزاو بە خەتی سلێمانی بەدیلێک بۆ ھەولێر لە بەغدا دروست دەکات.

لەئەگەری سەرخستنی خاڵی یەکەم، ئەوا دەبێ مەرجەکانی پارتی جیبەجێبکرێن، کە ئەمە بۆ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەبێتە ھەنگاوێکی باشتر کە لە روانگەی نێودەوڵەتی پێشوازی باشتر لەم بابەتە دەکرێت، وەک پێشوەختە ئەمریکاو بەریتانیاو ھاوپەیمانان پاڵپشتیان بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕی، ئەوکاتە دەبێ ئێران ھێزە کوردییەکان لە سلێمانی بخاتە نێو سەبەتەی بڕیاری رێککەوتنی پارتی و ھێزە شیعەکان، واتە ئێران قوربانی بە خەتی خۆی لە سلێمانی بدات، لە پێناو بەھێزکردنی شەرعیەتی خەتی خۆی لە بەغدا بۆ پارێزگاری لە داھاتووی پێگەی شیعەی سیاسی.

لە خاڵی دووەمدا ئەگەر ئێران بیەوێ بەرێگەی خەتی سلێمانی ئەم رێککەوتنە تێکبدات، ئەوکاتە ئاڵۆزی دروستدەبێ، رەنگە ھاوشێوەی ئێران، تەدەخولی نوێی ئیقلیمی دروستببێ و دەستوەردان لە کاروباری عێراق و ھەرێم بکات، ئەمەش لە ئەنجامدا ئاڵۆزی سیاسی لێدەکەوێتەوە کە لێکەوتەکانی بە دڵی ئەمریکاو ھاوپەیمانانیش نابێ، رەنگە زەنگێکی مەترسیداریش بێت بۆ داھاتووی ھێزە شیعەکانی نێو ئیدارەی دەوڵەت، چونکە ئەمریکا فشاری زۆرتر دەبێ...رەنگە ھێزە شیعییەکانی وەک سەدر و سوونەیش خۆیان بۆ بەدیلی ئیدارەی دەوڵەت ئامادە بکەن، ھاوسەنگی ھێزیش لەبەرامبەر ئێران لەناو عێراق بگۆڕێت.

بۆیە بابەتەکە تارانە، کە لەناو سەبەتەی ئەمریکا بڕیاردەدات کە ھەولێر و بەغدا زیاتر لێک نزیکببنەوە، یاخود لە لەناو سەبەتەی خۆیدا ئەم نزیکبوونەوە دەگۆڕێ بۆ ئاڵۆزی.

باشترین بژاردەیەش ئەمەیە کە خەتی سلێمانی لە نێوان ئەم دوو بژاردەیەی تاران، پاڵپشتی لە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا پێشوەختە ھەڵبژێرن و لەگەڵ شاندی باڵای پارتی ھاو ھەڵوێست بن، ئیتر ھەر ھەنگاوێک بڕیاری لێبدرێت، رای گشتی کوردستان ھەموو شتێک دەبینێ و مێژوو شاھێدی ھەڵوێستەکان دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP