خەڵکی مووچە خۆری هەرێمی کوردستان ماوەی چەندان ساڵە بە دەست کەمی داهات دەناڵێنێت کە لە رێگەی مووچەوە دەستی پێدەگات و لە ماوەی نزیکی رابردووشدا زیاتر فشاری لەسەر قووت و بژێوی و ژیانی بۆ دروستکردووە و عەوداڵی ریشەکێشکردن و چارەسەری یەکجاری و بنەڕەتی کێشەی مووچەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. ناشکرێت بە پرسێکی ئاڵۆز بمێنێتەوە و یەکلاکردنەوەکەشی ئاسان نەبێت. پێویستە نیگا کردن و تێڕوانینی بەرپرسان لەو پشوو درێژییەی مووچە خۆران بڕیاری یەکلاکەرەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت بۆ خۆشگوزەرانی زیاتری تێکڕای مووچە خۆران و هاوڵاتیان.
بێدەنگبوونی مووچە خۆران لە ئاست تێپەڕبوونی ئەو هەموو کات و رۆژ و مانگە زۆرانەی بەسەر مووچەکەیان دا هاتووە تەنانەت هێشتاش لە گوزەرانی خراپەوە دەستیان بۆ هیچ بژاردیەکی تر نەبردووە جگە لە خۆڕاگری.
کە وا چاوەڕی دەکرا لە بەرپرسان ئەمە نادیدە نەگرن و زۆرتر بەرز بینرخێنن و هەروەها پاداشتی رەمزی و کردەیی بهێنێت، لە تەواوی گۆی زەوی مشتومڕی جددی و سەرنجڕاکێش لەسەر بابەتی نان پەیدا کردن دەکرێت کە ئایا پێش ئایینە یان پێش ئازادییە یان پێش و پێش... هەر تاکێکی مووچە خۆری هەرێمی کوردستان بە بیرو بڕوای مووچە خۆری هەردوو زۆنی زەرد و سەوزیش وا لە رەوشەکە دەڕوانن و کۆکن کە ناکرێت چیتر چارەنووسی مووچە دابەشکردن و دواکەوتنی نادیار بێت، بۆیەش بەکارهێنانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەر جۆرێک لە فشار درێغی تێدا نەکرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە باشترە بۆ مووچە خۆر و بازاڕ و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا دابینکردن و دابەشکردنی مووچە دەبێت لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ماوەی زۆر کورت دا بە رازیکردنی حکومەتی عێراق و هیچ بیانوو و پاساوێک نەهێڵدرێتەوە بۆ حکومەتی عێراق و نەدۆزرێتەوەش بۆ مووچە خۆری هەرێمی کوردستان لە پای دواکەوتندا، ئەم داوا رەوایە لەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک دەمی هەر مووچەخۆرێکی گیرفان بەتاڵی کوردستانی واڵا دەکەیت هێشتاش بە دروشمی " ئێمە شۆرش و راپەڕینمان بۆ مووچە نەکردووە " دێتە گۆ کردن.
لەم سۆنگەوە دەگووترێت هاوتا کردن یان نزیککردنەوەی جۆرێک و هەندێک لە لێپرسراوی گەندەڵ و بێ ئاست لە هەرێمی کوردستان لە ئاست هەستی بەرپرسیارانە و هۆشیاری تاکێکی مووچە خۆری هەرێمی کوردستان بکرێت بە دیاردەی سەردەمی کوردستانی ئازیز، تا وای لێبێت وانەی ئاکاری نیشتیمانپەوەری بەسەریاندا بخوێنێت و فێریشیان بکات کە چۆن دوای خەباتکردن بە چەک لە شاخ بە قەڵەم بەرگری بێوچان و خاوەنداریەتی ئەدا ئەکرێت.
ناششاردرێتەوە و زانراویشە لای مووچە خۆری پشوو درێژ کە چۆن کەسانێکی زۆر لە ناو حکومەتی عێراق لەو پەڕی نانبڕین و بێهیواکردن بە سەختی کۆشش دەکەن بۆ لەرزۆککردنی ئیرادەی پتەوی مووچە خۆری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەردوو بارەکە دووبارە نابێت دەست ببردرێت بۆ شایستەکانی مووچە خۆر لە لایەن هەرێم و عێراق ، لەسەر مێزەکانی گفتوگۆ و دانوستان لە وادەی ئاسایی خۆی دەستی دەستی و درەنگ بکەوێت و تاوانبارکردنی یەکتریان لەسەر هەژماری مووچەخۆر بێت، بەڵێنی شەڕەف بدرێت بە مووچە خۆر لە لایەن هەولێر و بەغدا کە شایستەی مووچە خۆر نەبردرێتە ناو هیچ ململانێ و ناکۆکییەک.
قەرزی مووچە خۆری پشوو درێژیش بەمە تا رادەیەک راستدەکرێتەوە کە وا لە دەستنیشانکردنی شاندی دانوستاندنکاری کوردستانی بەرەو عێراق قسەیان هەبێت بۆ شیاوییەتی و دانانی کەسی دانوستاندنکار و بە شەفافی و روونیش داهات و خەرجی کوردستان ئاشکرا بکرێت و باج و سزا و رۆتینات کەمبکرێتەوە لەسەریان لە قەرز و پێشینەکانیش بە لێخۆشبوون هاوکاری بکرێن.
دواجار پشوو درێژی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان کە پێشمەرگە ئاسا هەموویان هەڵویستی مێژوویان نواندووە، ئەو پشوو درێژییە خۆڕسکەیان تێکەڵ نەبێت بە ئەجێندای هیچ یەکێک لە هێزی سیاسی و ئایدیۆلۆژی.
نەفرین لە ئاشووب و ئاژاوەگێڕی و دووبەرکی، سۆز بۆ مەردایەتی و نەبەردی و قارمانییەت و شارستانییەتی مووچە خۆری پشوو درێژ.