دواین هەواڵ

شی و فشە

‌د.سەردار عەزیز

13/03/2024

شی xi مەبەستم سەرۆکی چینی شی ژیاوپینگە. هەتا ماوەیەک لەمەوپێش شی ژیاوپینگ زوو زوو قسەی زل و هەڕەشەی دەکرد، بە تایبەتی بەرامبەر ئەمریکا. لەو قۆناغەدا چین جۆرێک لە خیتابی پیادە دەکرد کە بە خیتابی گورگی شەڕانی ناسراوبوو. دیارە هۆکاری زۆر و ئاڵۆز لە پشت ئەم جوڵانەوانەوە بونی هەیە، لەوەی کە پاڵنەرەکانی ئەم ڕەفتارانە چین، بۆ وڵاتی چین لەو کاتەدا بەو شێوەیە دەدوا، چین دەیویست چۆن وێنابکرێت و مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت؟ زۆر پرسیاری تر کە ڕەنگە بۆ خوێنەری کورد هێندە گرنگ نەبێت. بە گشتی دوو تیورە لێرەدا ئاماژە پێدەدەم، بەبێ چونە ناو تانوپۆیانەوە. یەکەم، تیورەی ناسیونالیزم، بەو مانایە چین گەشتوەتە قۆناغی ئەوەی کە بەخۆیدا بنازێت و بیەوێت خۆی بۆ دونیان نمایش بکات. هەمیشە لە هەناو ناسیونالیزمدا بڕێکی زۆر لە بە خۆنازین و لوتبەرزی و فشە هەیە، بە تایبەتی کاتێک گەلان خۆیان گەورە و تاقانە و مەزن و بێ وێنە دەکەن. ئەمە دەکرێت لە ڕوانگەی ڕێڕەوی شی خۆشیەوە بخوێنرێتەوە، بەوەی کە دەیەوێت هەتا مردن سەرۆک بێت، ئەوا دەیەوێت خیتابی شانازی و گەورەیی و بەرگریی پیادەبکات هەتا وەک پێویست و بێڕکەبەر و تاقانە ببینرێت.
دیدێکی تر، لە ڕوانگەی ئابوری سیاسیەوەیە. هەندێک دەڵێن، چین گەشتوەتە قۆناغێک لە ئابوری کە چیدی وەک جاران گەشە ناکات، هال براند و مایکڵ بیکڵی Hal Brands and Michael Beckley ئەم دیدە تەبەنی دەکەن. بەم پێیە چین چونکە وەک جاران گەشە ناکات و گەشەی ئابوری بنەمای شەرعیەتی دەسەڵاتە، ئەوا لە ژێر فشار یان ترسی لاوازبوندا گیڤ و گاڤی زۆر دەکات.

بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، کە خراپ تێگەیشتنێک لە هەناو نوخبەی چیندا هەبوو بەوەی کە گوایە ئەمریکا بەرەو لاوازبون دەڕوات و سەردەمی ئەوان دەستی پێکردوە. لە هەمانکاتدا وەک دوان شیالین سەرنجی لێدەدات، پاڵنەری ناوخۆییش بۆ ئەم ڕەفتارانە بونیان هەیە.

بەهەرحاڵ من لێرەدا باس لە فشەکانی شی دەکەم، مەبەستم لە چەمکی فشە ئەوەیە کە کەسێک یان هێزێک یان وڵاتێک لە سەر تێگەیشتنەکی هەڵە بۆ خود، یان هەستی خۆ بە کەمزانین، یان غرور لە خۆی و ئەوانیتر دەڕوانێت. فشە، هەمیشە نمایشە بۆ ئەویتر، بەو مانایە، کەسێک کاتێک فشە دەکات، وەها مامەڵە دەکات کە خۆی لەئەویتر باڵاتر دەزانێت، بەڵام لە هەمانکاتدا لە ئەویتر دەپاڕێتەوە کە سەرنجی بداتێ، بایەخی پێبدات. وەک پەیوەندی نێوان کۆیلە و ئاغای هێگڵە.

فشە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا زۆر باو و بڵاوە، بە تایبەتی کاتێک دێتە سەر پیادەکردنی دەسەڵات، چونکە گەلان و تاکەکان لەو دونیایەدا بە قوڵی و بە خەستی بریندارن بە ڕۆژئاوا. چین بۆ نمونە، کاتێک سەدەیەک زیاتر بە دەستی ڕۆژئاوا زەلیلکراوە، هەمیشە دەیەوێ خۆی لە بەردەم ڕۆژئاوادا وەها بنوێنێت، کە چیدی ناتوانرێت وەهای لێبکرێتەوە. بەڵام زەلیلبون بەشێکی سەرەکی دونیابینی چینیە. ئەم قۆناغە 百年国耻 بە شەڕی ئەفیون دەستپێدەکات. ئەم دۆخی دەرونی و سیاسی و جیوپۆلەتیکیە بۆ ئەحمەدی نەژاد و قەزافی و سەدام و ئەردۆگان و زۆری تر ڕاستن.

ئەم دیاردەیە لە هەناو سیاسەتی کوردیدا زۆر باوە، کە ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی دەسەڵات. گەر سەیری سیاسەت، یان ئەوەی پێی دەوترێت سیاسەت، لە کوردستان بکەیت، دەبینیت، هەر لە دروستکردنی کۆشک و باڵەخانەکانەوە، هەتا جۆری ئۆتۆمبیلەکان، شێوازی لە بەرکردن و قسەکردن، هەموو پاڵنەرەکەی غرورێکی خۆ بەکەمزانینە.

بەڵام ئەوەی جیاوازە لە نێوان شی و ئەوانیتردا، شی ئێستا قسە ناکات، کە یانی شی وانە وەردەگرێت و فێر دەبێت. ئەمە بە گشتی سروشتی فشەکەران نیە. فشەکەران خۆیان وەها دەبینن کە هێندە پڕن بەشی فێربونیان تیادا نەماوە. ماوەیەکە شی ژیاوپینگ وەک جاران دەرناکەوێت و وتاری ئاگرین نادات. لە ڕاستیدا ماوەیەک لەمەوپێش ئەو کەسەی کە لە پشت دیدی دیپلۆماسیەتی گورگی هارەوەبوو، لە کارەکەی دوور خرایەوە و برا بۆ کەرتی کشتوکاڵی. کەرتێک کە ئەوەندە بواری فشەی تیادانیە.

لێرەدا دێینە سەر ڕەهەندێکی تر فشە، ئەویش ئایا فشە بە ئاستێکە کە کەسی فشەکەر چیدی توانای ئەوەی نیە بگەڕێتەوە بۆ واقیع و ئەو دونیا دۆنکیشۆتەی کە بۆ دروستکراوە، لێی دەبێتە واقیع، یان هەر زوو هەست بە واقیع دەکات؟

لێرەدا خەسڵەتێکی تایبەتی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی دێت کاتێک کەسی دەسەڵاتدار بە خەڵکانی بەڵێ قوربان و گەورەم و ئەمانە دەورە دەدرێن. ئەم ڕۆژانە تەماشای بەرنامەیەکی ئەحمەد مەلا تەلالم دەکرد دەربارەی دیدارێکی قەیس خەزعەلی. قەیس بە شێخ الامین ناو دەبرا و ئەندام پەرلەمانێکی کتلەی سادقونیان هێنابوو، کە کاری ئەوەبوو بڵێت عێراق یانی خەزعەلی و خەزعەلی یانی عێراق. دیارە هەڵکشانی خێرای خەزعەلی مایەی تێڕامانە لە شانۆی سیاسەتی عێراقیدا. بە تایبەتی دەست گەیشتنی بە دەسەڵات و هەوڵی بۆ گواستنەوە لە جیهادەوە بۆ دەسەڵات. ئەم دۆخە لێرەدا جێگەی قسە لەسەرکردن نیە.

ئەم دۆخی پیرۆزی و گەورەیی دروستکردنە، لە ئێستای عێراقدا بە کەسانی ئەندام پەرلەمان و ڕاوێژکاران دەبەسترێت. بەجۆرێک کاری هەرەسەرەکی ڕاوێژکاران و ئەندام پەرلەمانان، زۆرێک لە بەناو ڕۆژنامەنوسان و موحەلیلی سیاسی، پێاهەڵدانە بە سەر سەرۆک یان سەرکردەکەیاندا، ئەمە لە دۆخی سودانیشدا دەبینرێت، کە نزیکی ١٠٠ ڕاوێژکاری هەیە.

ئەوەی لە دۆخی فشەی کوردستان و عێراقدا، جیاوازە ئەوەیە کە فشەکەران، دونیای فشیان لێدەبێت بە واقیع و نایانەوێت لەخۆیانی تێک بدەن. بەڵام شی ژیاو پینگ وەها نەبوو. دیارە گەرچی هەتابێت شی دەسەلاتی زیاتر دەبێت بەڵام هێشتا گروپێکی حەوت کەسی هەن کە دەسەڵاتدارن و کەسانی وەک Cai Qi

چای چی هەتابێت پێگەیان پتەوتر دەبێت.

هۆکاری وازهێنانی شی لە فشە، دەرککردنی بوو کە ئابوری چین و پێگەی چین لە دونیادا، بەوجۆرە نیە کە ئەو وێنای دەکات. لە دوای پەتای کۆرۆناوە، ئابوری چین نەک توانای هەستانەوەی نیە، بەڵکو لە قەیرانی گەورەدایە، بەوەی ناتوانێت کاری نوێ دابین بکات، کەرتی خانوبەرە، کە کەرتێکی سەرەکی ئابوری چینە، ڕوو لە داڕمانە. ئیفلاسکردنی کۆمپانیای گەورەی ئێڤەرگراند، یەکێکە لە ئاماژە گەورەکان. دیارە فشەکانی شی هۆکاربوون لەوەی کە چین زیاتر بکەوێتە ژێر فشار و ئابلۆقەو و وڵاتانی تر بە زیاتر مەترسی بیبینن، ئەمەش زیانی گەورەی لە ئابوری چینی دا، چونکە چین خۆی وەها دەبینی کە کارگەی بەرهەمهێنانی دونیایە. دروشمی made in China تەنها بە مانای ئەوە نایەت کە لە چین دروستکراوە، بەڵکو لەو چوارچێوەدا بەمانای ئەوە دێت کە چین ولاتی دروستکردنی کاڵا و شمەکەکانە.

بەڵام بۆ ئەوەی چین وەها بمێنێتەوە دەبێت جێگای سیقەی وڵاتانی تر بێت، فشەش زیانی زۆر بۆ سیقە. مرۆڤی فشەکەر جێگای سیقەنیە.

دیارە لاوازبونی ئابوری چینی هۆکاری بونیادی زیاترە، وەک نەبونی گەنجی پێویست، کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی یەک منداڵە، هەروەها بونی ژمارەیەکی زۆری پیر، ئەمە کاریگەری زۆری هەیە لە سەر کەمبونەوەی دەستی کار و کۆتایی دەستی کاری هەرزان و لە دەستدانی توانای کێبڕکێ لە گەڵ وڵاتانی تری وەک ئەندەنوسیا، فلیپین و هەروەها کەمبونەوەی کڕیاری ناوخۆیی، کە هەمویان کاریگەرییان لە سەر بازاڕ هەیە بە شێوازی جیاواز. شی بۆی دەرکەوت کە گەشەی چین بەرهەمی جیهانگەرییە، هەر پەرچەکردارێک دژ بە جیهانگەریی، ئابوری چین زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە وازی لە فشەکانی هێنا.

لێرەدا جۆری ئابوری و دونیابینی سیاسی گرنگە. نەوت بنەمای فشەیە. پاڵنەری سەرەکی کرداری سیاسی قەبەی بئ سودە. کاتێک نەوت دەبێتە بنەما، ئەوا دەبێتە ڕێگر بۆ گەشەی بنەماکانی تر و داهاتەکەی بەکاردەبرێت بۆ ڕازاندنەوەی دەسەڵات و ڕازیکردنی حەشامەت. ئەم دیاردەیە بە پارادۆکسی فرە، ناسراوە لە ئەدەبیاتی نەوتدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP