لە ساڵێکدا، بڕینی ڕۆژێک بە باڵای ژنان واتە ڕۆژەکانی تر، پەیوەندیان بە ژنانەوە نیە لەڕووی ئەرک و مافەوە، تەنھا لەو ڕۆژەدا باسی ماف و یەکسانی گەرمدەبێتەوە.
ژنی ئازا و ئازاد پێویستی بەوەنیە جیھانی سەرمایەداری ڕۆژێکی بۆداتاشێت و چیرۆکێکیش بۆ یادەکە بکاتە پاڵپشت، ژنی وشیار ھەرگیز خۆی وەکو ژن نابینێت و لە ڕوانگەی جیاوازی ڕەگەزیەوە داوای مافەکانی ناکات، ئەوەی پێویستە دەبێ وەکو مرۆڤ خۆی ببینێت و ھەر لەڕوانگەی مرۆییشەوە داوای ماف و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی بکات.
ژن یان پیاو خاڵە ھاوبەشەکەیان مرۆڤبوونە، نەک نێرینە یان مێیینە، پیاوان یان ژنان،
ھەرکاتێکیش لە ڕوانگەی ڕەگەزی جیاوازەوە بەدوای ماف و ئازادیدا بگەڕێین تووشی بەریەککەوتن و کۆسپ دەبین، بەڵام لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە داواکاری یان ھەوڵدان بۆ ماف و ئازادیەکان فۆرمێکی ڕوونتر وەردەگرێت و گومانە ڕەگەزیەکانیش دەڕەوێنێتەوە.
ئەگەرکات و ساتەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەڵسەنگێنین، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژنان زیاتر کارلێکیان لەگەڵ سات و ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەیە، ئەوەش واتا ئەرکی زیاتریان لەسەرشانە، تاوەکو ئەرکیش زیاتربێت دەبێت لەبەرامبەردا مافیش زیاتربێت.
کەچی تائێستاش ھەڵسوڕاوەکانی بواری ژنان و ڕێکخراوە کارتۆنیەکانی کوردستان ھەر داوای یەکسانی دەکەن بەپلەی یەکەم، لەڕاستیشدا دەبێ دروشم و ئامانجەکە دادپەروەری بێت.