کەم و زۆر شتێکم بەرچاونەکەوت، دوای ڕاگەیاندنی ڕەوتەکەی لاھور شێخ جەنگی، لەو بارەیەوە چاک یان خراپ ھەڵسەنگاندنێکی بۆ بکرێت، بە تایبەتیش لەو دۆخە ئاڵۆزەی ھەرێم وعێراق و ناوچەکە و جیھانی تێدایە، یەک پارچە شەڕ و پێکدادان بووەتە ھەواڵی ڕۆژانە، لە نێو ھەموو ئەو ئاریشانەشدا ھەرێمی کوردستان بەھۆی جەمسەرگیری ناوچەییەوە بەردەوام پڕیشکی ئاڵۆزیەکانی بەردەکەوێت، ئەوە سەرەڕای خراپی باری گوزەرانی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانە.
پرسیارێکی گونجاوە ئەگەر خەڵک بپرسێت، ئایا ڕەوتە تازەکەی لاھور شێخ جەنگی، وەڵام یان پێداویستی قۆناغی ئێستای ھەرێمی باشورە یان ھەڵقوڵاوی خەم و ئازارەکانیانە، بە دیوێکی تردا یان کاردانەوەی ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە، بۆ تۆڵەکردنەوە و کەمکردنەوەی سەنگی یەکێتی لە سنوری ناوچەی سەوز.
یەکەم: لە ساڵی ( ٢٠٠٩ ) ەوە، سنوری ناوچەی سەوز بۆتە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆنی ساختە، جەماوەر وێڕای بێ متمانەیی ھیوای بە ھێز و لایەنێک نەماوە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوونی جەماوەری، ئەوەش دەرەنجامی ئەزموونی چەند ساڵەیان.
ئەگەر ڕەوتەکەی لاھوری شێخ جەنگی وەکو ئۆپۆزسیۆن دێتە گۆڕەپانەکەوە، دەبێت ئەو سنورە جوگرافیەی ئۆپۆزسیۆنی پێش خۆی ببڕێت و سنوری کار و چالاکیەجەماوەریەکانیان فراوان بکەن بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ناوچە داگیرکراوەکانی پەیوەست بە ماددەی سەت و چل.
دووەم: ئەگەریش ڕەوتەکە قورسایی ھێز و کاری ڕێکخراوەیی خستە سەر ناوچەی سەوز و ھاوسەنگی لەگەڵ پارێزگا و ناوچەکانی تردا نەبوو، بێ شک جەماوەریش وەکو کاردانەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و کاریگەریەکی بەرچاوی نابێت لە گۆڕینی ھاوکێشەی سیاسیەکان لە ھەرێمی کوردستاندا.
سێیەم: کۆمەڵێک سەرکردە و فەرماندەی یەکێتیی لەگەڵ ڕەوتەکەی لاھوری شێخ جەنگیدان، بەشی زۆریان بارگاوین بە گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی لەو چەند ساڵانەی لەناو یەکێتیدا بوون، ئەگەر ڕەوتەکە جڵەوی ڕێبەرایەتی بداتە دەست ئەو کەسانە، ھەر لە سەرەتاوە تووشی شکست دەبن و خەڵکیش ھێندەی تر نائومێد دەکەن، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ڕەوتەکە لە ئاستی خوارەوەی جەماوەر متمانە بداتە کەسانێک کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ئەزموونی شکستخواردووی حزبەکانی دەسەڵات، بەدڵنیاییەوە دەتوانن بنەمای متمانە لە نێوان خۆیان و جەماوەردا دابڕێژن.
چوارەم: کێشەی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا لە دوای ( ٢٠٠٣ ) ەوە چۆتە قۆناغی یاسایی و دەستوری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەغدا، ھەرێمی کوردستانیش تا ئەو ساتە بەھۆی نەبوونی دەستورێکی نیشتیمانی دیموکراسی گیرۆدەی چەندین کێشە و تێکگیران بۆتەوە لەگەڵ بەغدا، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ناوخۆی ھەرێمیشدا بەھۆی ئەو بۆشاییە دەستوری و یاساییە،ھەر حزبە و بە دەستوری حزبی تایبەتی خۆی بەشێکی ھەرێم بەڕێوە دەبات.
دەرفەتێکی باشە بۆ ڕەوتەکەی لاھوری شێخ جەنگی، پێش پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان ھەوڵ بدەن بۆ نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستوری ھەرێمی کوردستان و ھاوکات لەگەڵ دەنگدانی پەرلەمان لەڕێگەی ڕاپرسیەکەوە دەنگیش بۆ دەستورەکە بدرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت نەک ھەر ئەو ڕەوتە، ھیچ حیزب و ڕێکخراوێک ناتوانێت ئازادانە و لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا ھەنگاو ھەڵبێنێت و کلیلی چارەسەری کێشەکانی دەستبکەوێت، چونکە زامنکردنی ماف و ئازادی ھاوڵاتیان تەنھا بە یاسا و پرانسیپ دەستەبەر دەبێت نەک بە دروشم و جوڵاندنی سۆزی خەڵک، بۆیەشە ئەگەر ئەو ڕەوتە تازەیە لەو دەروازەوە نەچێتە ناو کێبرکێی سیاسی لە پێناو ماف و ئازادییەکانی خەڵک، بێگومان سەرکەوتن بە دەست ناھێنن و ئەوانیش دەبنە بارێکی دیکە بەسەر
شانی خەڵکەوە.