دواین هەواڵ

ڕوسیا و ڕیفراندۆمی کوردستان

‌د.سەردار عەزیز

21/02/2024

وەک لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی کار بۆ ناوەند و دەزگا و وڵاتانی جیاواز دەکەم. یەکێک لەو کارانەم لەم دواییانەدا بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بوو دەربارەی پەیوەندی نێوان روسیا و کوردستان و عێراق، لە ئەگەر دروستبونی بۆشایی پاش ئەمریکا. لە میانەی کنە و پشکنین و پرسیارکردندا پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕیفراندۆمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ زۆر جێگای سەرنجم بوو.

وەک میدیا جیهانییەکان ڕاپۆرتیان کرد، ڕوسیا هەڵوێستی جیاواز دەبێت بەرامبەر ڕیفراندۆم. ڕۆیتەر وەهای ناو دەبات کە تەنها زلهێزی گەورەیە کە دژ بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نیە. [دیارە ئەم دەربڕینە زیاتر هەڵئاوسێنراوە بە مەبەستی ختۆکەدانی ڕۆژنامەوانی، ئەگینا بە ووردی تەماشای لێدوانەکان بکەیت وەها نیە، وەک لێکۆڵەرێکی کاروباری ڕوسیا لە ناوەندێکی بیر لە واشنتۆن پێی گوتم، لێدوانەکان زیاتر لە مانایەک لە خۆیان دەگرن و مەترسی ئەوە دروست دەبێت لە کاتی خوێندنەوەیاندا خواست و خەون بە سەریاندا زاڵ بێت]. ئەوەی ڕوسەکان لە گەڵ کورددا دەیکەن ئەوەیە کە بە مافی کوردی دەزانن، بۆیە دەستوەرنادەن و ڕێگریی ناکەن، هەروەها بە باشی دەزانن کە کورد لە گەڵ حکومەتی عێراقیدا ڕێکبکەوێت. ئەم هەڵوێستە کە دروستکردنی ناڕونییە، لە پلانی ستراتیژی وڵاتاندا دیاردەیەکی باوە، کە زۆرجار بەهەڵە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ڕەنگە لە زۆر ڕوەوە دیداری سەدام بە باڵوێزی ئەمریکی ئەپریل گلاسپی لە عێراق، پێش شەڕی کوێت، هاوشێوەبێت. هەرچەندە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دوو دەربڕینەکەدا.

هەڵوێستی ڕوسەکان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە لە لایەن چاودێرانی ڕوسەوە. هەندێک کەلتور لە بەرچاو دەگرێت، گوایە لە نێوان کورد و ڕوسدا مێژویەکی دێرن هەیە و ڕوس نەیانویستوە پەیوەندییەکەیان تێکبدەن. من بەش بە حاڵی خۆم ئەم ڕاڤەیە بە لاواز دەبینم، چونکە دیدی ڕوسی زیاتر دیدێکی جیوپۆلەتیکیە نەک کەلتوری یان دەسەڵاتی نەرم. هەروەها لە پرسێکی وەک سەربەخۆیی کورد و ڕیفراندۆمدا، ڕوس تەنها بیر لە لایەنی کوردی ناکەنەوە، بەڵکو هەموو پێودانگە جیاوازەکانی لە بەرچاو دەگرن.

دیدێکی تر هەیە کە ڕەخنەگرانی ڕوسیا تەبەنی دەکەن گوایە ڕوسەکان لە لاوازییان و نەبونی دیدێکی ڕون هەوڵدەدەن لە هەردوو لای جۆگەکە بخۆن. ئەم دیدە زیاتر لە لایەن نەیارانی ڕوسەوە کاری لە سەر دەکرێت وەک ناوەندەکانی توێژینەوە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات. من بەش بە حاڵی خۆم ناڕونی و نەبونی ستراتیژ نابینم. هەرچەندە بەپێی ۆرکشۆپێکی خانەی بیری ڕاند، هەندێک روس وەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن کە هێندە خێرا دەگۆڕێت ناتوانرێت ستراتیژی وورد و درێژخایەنی بۆ دابڕێژرێت.

بەڵام ڕوسەکان کۆمەڵێک ئامانجی ڕونیان هەیە، لەوانە، یەکەم، ڕێگریی و کێبڕکێ لە گەڵ ئەمریکادا. دووەم، هەبونی دەست لە کەرتی وزەدا، چونکە ئەو کەرتە تیایدا شارەزان و هەروەها وەک بنەمای سیاسەتی ناوچەکە دەیبینن. سێیەم، هەتا پێش هێرشی ئۆکرانیا، ئامانجیان ئەوەبوو کە نەهێڵن ئەوروپا بە ئاسانی فرە سەرچاوەیی گاز بکات. چوارهەم، ڕێگرییکردن لە سەرهەڵدانی یەکە و دەوڵەتی سەر بە ئیسلامی توندڕەو، لە بەر هەبون و گەشەکردنی خێرای ئیسلام لە ڕوسیا.

بەڵام بۆ پیادەکردنی ئەمانە روس توانای ئەوتۆی نیە. لەمەدا زۆر هاوشێوەی ئێرانە. بۆیە لە بڕی ئەوەی دەرفەت برەخسێنێت، هەوڵدەدات هەل بقۆزێتەوە.

لە پرسی ڕیفراندۆمدا چەند فاکتەرێک پێکەوە کاردەکەن. یەکەم، ڕوسەکان لە سەرەتای ٢٠١٠ەکانەوە دێن بۆ هەرێم. ئەم هاتنە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان نیگران دەکات. بەڵام پەیوەندییەکە دەست پێدەکات. لە ٢٠١٢ مەسعود بەرزانی سەردانی مۆسکۆ دەکات. بەڵام هاتنەناوەی ڕوسەکان لە ٢٠١٦ دەستپێدەکات کاتێک هەرێم بە دوای پارەدا دەگەڕێت و کەس قەرزی پێنادات، نە تورک، نە ئەمریکا. ڕوسەکان ئامادەیی دەردەبڕن و قەرز و ژێرخانی وزە و نەوت و غاز پێکەوە گرێدەدەن.

کە پرسی ڕیفراندۆم گەرم دەبێت، ڕوسەکان بە نافەرمی جۆرێک لە پشتیوانییەکی نەرم دەردەبڕن و هەروەها بە فەرمی پشتگریی هەردوو کوردستان و عێراق دەکەن. لەم سیاسەتەیاندا دەیانەوێت هەرێم هانبدەن بۆ ڕیفراندۆم، بەڵام لە گەڵ عێراقیشدا تێکی نەدەن.

وەک پشتگیرییەک و هاندانێک بۆ ڕیفراندۆم، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ڕۆژی ڕیفراندۆم گورژمێکی تر لە پارە دەدەن بە هەرێم.

ئامانجی ڕوسەکان لە خۆدەرخستنیان گوایە پشتیوانی ڕیفراندۆمن، ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم، ڕوسەکان لە ساڵی ١٩٩٦ەوە سیاسەتیان لە سەر دەستی یەڤگینی پریماکۆڤ لە هاوکاری ئەمریکاوە دەگۆڕدرێت بۆ ڕکەبەری ئەمریکا. یەکێک لە میتۆدەکانی ڕکەبەری دروستکردنی درز و پشێوییە. ڕیفراندۆم درزی لە نێوان هەرێم و ئەمریکادا دروست کرد و زەمینەی بۆ هاتنە ناوەوەی ڕوسیا ئاسانتر کرد.

دووەم، ڕیفراندۆم ئەو دەرفەتە بوو کە هەرێم هەستیکرد پشتیوانی ناکرێت لە دەرەوە، ڕوسیا نەرمی نواند، وەک هاندانێک بۆ تەریککردنی هەرێم و نواندنی زۆی وەک پشتیوان. ئەمە ئەو ڕاستیە تالە دەردەخات لە گەمەی وڵاتاندا کە مەرج نیە هەمیشە پشتیوانی هادیدی و ڕاستەقینە بێت بەڵکو دەکرێت یاری بێت یان بە ئامانج و مەبەستی تر بێت. دیارە ئێمە نازانین کە سەرکردایەتی کوردی ئەو کاتە چەندێک ئەم دیدەیان لەبەرچاو گرتوە و چۆن ئەم نەرمیەی ڕوسیایان مامەڵە کردوە. بەڵام پێکەوەگرێدانی پارە و وزە و سیاسەت لە ساتەوەختێکی هەستیاردا هەمیشە دەبێت بۆنی مەترسی لێبکرێت.

سێیەم، جگە لە دروستکردنی پشێوی و شوێن پێی خۆ کردنەوە، ڕوسیا ئامانجی ئەوەبو کە دەستی هەبێت لە کەرتی غازی هەرێمدا، وەک سەرچاوەیەک نزیک بە ئەوروپا، هەتا ئەوروپا بە ئاسانی نەتوانن سیاسەتی فرە سەرچاوەیی کەرتی وزەیان پیادە بکەن، بە تایبەتی پێش هێرشی ئۆکرانیا. دەبوو هەرێم ئەو گەمە جیوپۆلەتیکیەی ببینایەی کە بونی دەستی روسەکان لە کەرتی غازی هەرێمدا درێژەپێدانی سیاسەتی قۆرغکاریی غازی ئەوروپایە لە لایەن ڕوسیاوە.

چوارهەم، جگە لە کورد، ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە ڕەهەندی کێبڕکێی زلهێزەکانی هەیە، ئەمە بۆ چینیەکانیش ڕاستە. دەبوو ئەوە ڕون بوایە کاتێک ئەمریکا دژە، ڕوسیا نەرمە، کەواتە یارییەک هەیە، بەڵام یاری زلهێزەکان مەرج نیە بە قازانجی یاری پێکراو بشکێتەوە.

ڕیفراندۆم هەوڵێک بوو بۆ دەستکاریی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا. جوڵەیەکی وەها لە دونیای وەک ئەمڕۆدا، خێرا دەبێتە مایەی سەرنجی هێزەکانی تری هەرێمیی و نێودەوڵەتیی. وەک پریماکۆڤ لە عەقیدەکەیدا داوای دەکات، دونیا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتیی، بە مانای ئەوەی بەهێزەکان پێکەوە دونیا بەڕێوەبەرن بۆ سود و قازانجی خۆیان، لە سەر حسابی لاوازەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP