دواین هەواڵ

پوتین و تەکەر کارلسن: دیکتاتۆر و گەمژەی بە سود!

‌د.سەردار عەزیز

10/02/2024

دوێنێ لە کاتی پیتزا دروستکردندا لە گەڵ سارای کچمدا گوێمان لە چاوپێکەوتنەکەی پوتین گرت لە لایەن پێشکەشکەری مەسیحی، سپی پێستی، دژە بیانی و ڕەگەزپەرست تەکەر کارلسن. تەکەر نوێنەری ماگایە، کە گروپی ئەو خەڵکانەیە لە ئەمریکا کە بڕوایان وەهایە کاتێک ئەمریکا تەنها لە لایەن پیاوی سپی پێستی مەسیحییەوە بەڕێوەدەبرا مەزن بوو، ئێستا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

زۆرێک لەم مەسیحییە توندڕەوانە پوتین وەک کەسێکی ئاینی، سپی پێستی، پراگماتیستی دژە ئیسلامی، دژە جیاوازەکان دەبینن. بۆیە پوتین لە نێو فاشیزمی نوێی ئەمریکی و ئەوروپیدا وەک ڕزگارکەر دەبینرێت.

تەرکەر بۆ ئەوە هاتبو کە لێی بپرسێت، خەڵک لە ئەمریکا دەسەڵاتیان نیە، گوایە دەوڵەتی قوڵ هەیە. سەرۆکی ئۆکرانیا بوکەڵەی دەستی ئەمریکا، ئیدارەی بایدن دۆلار لاواز دەکات، ئایا پوتین سەرکردەیەکی مەسیحییە، و هەندێ پرسیاری تر، کە ئامانج لێی دنەدانی جەماوەری سپی پێستی ڕەگەزپەرستی ئەمریکییە.

بەڵام پوتین ئەجیندای خۆی هەبوو. هەر لە سەرەتاوە کاتێک بە غەمزەیەکی تێکەڵ بە گاڵتە و هەڕەشە لێی دەپرسێت ئایا ئەم دیدارە شۆیە یان جیددی، تەکەر پێکەنینێکی دەستکرد دەکات و دەڵێت جیدیی. جگە لە ژێرچەپۆک کردنی تەکەر مەبەستی پوتین ئەوەبوو کە دەیەوێت بە ئارەزوی خۆی قسە بکات. لە وەڵامی یەکەم پرسیاردا، نزیکەی نیوکاژێر دەخایەنێت، بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی مەغۆلەکان و دروستکردنی ئەو وێنایەی کە گوایە ١٠٠٠ ساڵە ڕوسیا هەیە، بەڵام ئۆکرانیا بونی نیە. لە راستیدا پوتین زیاتر جەختی لە نەبونی پۆڵۆنیا دەکردەوە، لە هەمانکاتدا. کە جۆرێکە لە هەڕەشەی ئاشکرا. پۆڵۆنییەکان باش ئەمە دەزانن.

پوتین دەیوست خۆی وەها وێنابکات کە قوربانییە، هەمیشە داوای ئەوەی کردوە کە ببێت بە بەشێک لە ناتۆ و سیستەمی ڕۆژئاوایی و وەک دۆڕاوێک مامەڵە نەکرێت، بەڵام قبوڵ نەکراوە.
دیارە مامەڵەکردنی ڕۆژئاوا وەک دۆڕاو لە گەڵ ڕوسیادا هەڵەبوو.

ئەوەی جێگای سەرنجە باسی لە یەلتسن کرد کە گوایە کەسێکی ئالودە بە کحول نەبوە. لێرە لە ئایرەلەندا چیرۆکێک هەیە، دەڵێت، جارێک یەلتسن لە ڕێگایدا بۆ ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی شانۆن دەنیشێتەوە بۆ بەنزینکردن. لەو کاتەدا سەرۆک وەزیرانی ئایرلەندا دەچێت بۆ دیداری، بەڵام ئەو هێندە سەرخۆش دەبێت لە فڕۆکەکەی دانابەزێت. ئەوەی باشە ئایرلەندییەکان لە هەموو کەس باشتر لەمە تێدەگەن، لە هەشتاکان کاتێک دوو پەنس باج خرایە سەر بیرە، بوە هۆی ئەوەی کە بودجە تێنەپەڕێت و حکومەت هاڕە بکات، بە زمانی گاڵتەجاریی میدیا کوردی.

پوتین لەو جۆرە سەرکردانەیە کە بڕوای وەهایە کە دەبێت تەنها بەهێزەکان بونیان هەبێت. بەهێزەکان بۆیان هەبێت خاک و سەرزەمینی ئەوانیتر بگرن چونکە پێویستیان پێیەتی. کیسنجەریش وەها بوو. بەداخەوە ئێمە دەگەڕێنیەوە بۆ دونیای خاوەن هێزەکان

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP