دواین هەواڵ

مەلایانی خودا، دووجەمسەرییکردنی دەزگای ئایینی

‌ هەردی مەهدی میکە

31/01/2024

ئیبراهیمی کوڕی محەمەد عەلی پاشای میسر (1789 –1848)، کە حاکمی شام دەبێت و بە برایمی تۆقێنەر (لەبەر ستەم و چەوساندنەوەکانی) ناسراوە، دەچێتە مزگەوتی (جامیع)ی ئەمەوی لە دیمەشق، لە نێو مزگەوتەکەدا حەڵقەی وانەوەتنەوەی شێخ سەعیدی حەڵەبی زانای دیاری ئەو سەردەمەیە، شێخ سەعید بێئەوەی خۆی تێکبدات و وەک عادەتێکی خۆی قاچی ڕاکشاندووە و وانەی خۆی بە شاگردانی دەڵێتەوە، برایم پاشا ئەمەی زۆر لانەنگ دەبێت و دەگەڕێتەوە کۆشکەکەی و بیر لە سزادانی دەکاتەوە لەبەرئەوەی کە ڕێزی لێنەگرتووە و هەڵنساوەتەوە لەبەری، بەڵام پاشتر زیرەکانە دەیەوێت بە تیرێک دوونیشانە بپێکێت و منەتبای بکات، بۆیە دەڵێت: ئەو کیسەزێڕە (یان دراوە) بنێرن بۆی و پێی بڵێن “فەرمانڕەوا” سەلامی لێکردی ئەم دیارییەشی بۆ ناردوویت، بەڵام شێخ سەعید لە پەیامی حاکم تێدەگات و هیچ کە ڕەتی دەکاتەوە، بە نوێنەرەکەشی دەڵێت: “بە ئەمیرەکەت بڵێ هەرکەس قاچی درێژ کردبوو دەستی درێژ ناکات”.

مامۆستای ئاینی، گەر مووچەخۆری دەوڵەت یان حزبێک بوو چ وەسفی حاکم بکات و چ لێی بخوێنێت، هەر سیاسییە و نوێنەرایەتی گووتارێک دەکات نەک کۆمەڵگە و ئاینەکەی. تا ئەوکاتەی مەلایەک بە شایەکدا هەڵبدات و ئەوی دیکەیان بە حزبێکی ئۆپۆزسیۆندا هەڵبڵێ، دۆخەکە هەروا دەبێت، چونکە لە بنچینەدا مەلا موڵکی کۆمەڵگەیە و سەر بە خودایە نەک دەسەڵات، بەپێچەوانەوە گەر مووچەخۆر و سەربە دەوڵەت و حزبێک نەبێت، ئەوا هەم نیشتمانپەروەرێتی و هەم ڕەخنەگرتنەکانیشی دڵپەسەند و کاریگەرن. چونکە مەلا و مزگەوت خۆیان سەرمایە و دەسەڵاتن، سەرمایەکی مەعنەوی و دەسەڵاتێکی کولتووری بەهێز، گەر نەیگۆڕنەوە بە سەرمایەی مادی و دنیایی.

بەگشتی دەزگای ئاینی گەر بە دەسەڵاتەوە خۆی پێچدا وەک ئەو تەریقەتەی لێدێ کە خۆی بە میرانی میرنشینەکاندا گرێدا و هەم تەریقەتەکە و هەم چەندین میریشی بە لاڕێدا برد وا ئەمڕۆش میراتەکەی دیسانەوە یەخەی سلێمانی و کوردستانی گرتووەتەوە و وەک ئەفیونێک هەم دینێکی خورافی و هەم ستەمبەرهەمهێن و بتسازیشە. خۆ گەر سەر بە کۆمەڵگە بوو و ئەوا لە خەمی ئیرشاد و پەروەردەی تاکاندا دەبێت و وەک مەولانای نەقشبەندی دەبێتە چرای ناتوندوتیژی و پەروەردە، لە هەر جێیەک بوو دەدرەوشێتەوە بێ ئەوەی منەتی سوڵتان و میران هەڵگرێت.

دووجەمسەرکردنی کۆمەڵگە زۆر مەلامان بینی لەپەنای مووچەکەیاندا ملی مایکەکانیان بەدڵی سەرۆک و وەلینیعمەتەکانیان لارکردەوە تا چاوی سۆزیان بۆیان بجوڵێت، زۆریشمان دی بۆ ئەوەی کاندیدی بکەن یان کاندیدیان نەکرد و ڕێک لەهەمان ئەو مینبەرەوە کە وەسفی تەوژمێکی پێدەکرد کەوتە لێخوێندنی هەمان تەوژم. من ئێستاش تێنەگەیشتم بۆ ئایەتی {فاذا عزمت فتوکل علی اللە}(آل عمران١٥٩)، کاریگەرییەکی وای لەوان نەکرد. هەردوو هەڵوێستەکە لادان و وەرچەرخاندنی دەزگای ئایینی و مەلاکانە لە سەر بەکۆمەڵگەوە بۆ سەر بە لایەنێک یان دەسەڵاتێک، کە دواجار مەلایەتی لە ڕێنوێنیکار و کوڕی کۆمەڵگەوە دەکاتە دەرباری سیاسییەکان، ئیتر جیاوازی نییە مەلا موفتی بێت یان قازی، سەرلێشێواوی بۆ موسڵمانی دڵساف دەسازێنێ، شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە دۆخێکی ئاوادا دەیووت: ماڵــــــــی موفتی لەمبەر و مەعلـــــــوومە قازیش لـــــــەوبەرە من فەقیــــــرم؛ ڪـــێ ئەزانـــێ لەم‌بەرم یا لەوبەرم؟ وەزارەتی ئەوقاف داهێنراوی ئینگلیزە لە ئێراقدا، تا کلیل و زمانی مەلاکان لای خۆیان بێت، تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە جەزائیری سەردەمی ئیستیعماری فەرەنسییدا بۆ نموونە، زانایانی ئاینی داوای جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتیان دەکرد چونکە ئیستعمار مەلاکانی بەکاردەهێنا و ئایین وەک پەردەپۆشیی تاوان و ستەم بەکاردەهێنا.

زۆرینەی مەلا و مزگەوتی هەنووکە، سەربەحکومەتن (بڕوانە: تابلۆکای مزگەوتان، دێڕی یەکەم حکومەت، پاشان ئەوقاف پاشتر ناوی مزگەوتەکە هاتووە)، لە کاتێکدا لەسەردەمی پێغەمبەرەوە(د) کە مزگەوت بیناکراوە لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و گرتنەئەستۆی داراییەوە موسڵمانان وەئەستۆیان گرتووە، پاشتر و لە دوا قۆناغی عەباسییەکاندا کە مەلای مزگەوتەکان داهێنران و دانران بۆ بەڕێوەبردنی مزگەوت و فێرکردنی مناڵانی موسڵمانان، خێرخوازان بە وەقف و خێر بژێوی ئەوانیشیان دابینکرد و بێمنەتیان دەکردن لەدەسەڵات، تەنانەت پاشا و سوڵتانەکانیش وەک وەقف مزگەوتیان دەکردەوە کە لەگەڵ کردنەوەیدا دەبوویە موڵکی خودا و بەندەکانی بۆ خزمەتی کۆمەڵگە، سوودی عانەیەکی لە واقیف حەرام بوو، چونکە فرۆشتبووی بە خودا. ئێستا مەلاکان بەر لەوەی سەر بە خوا و کۆمەڵگە بن سەر بەو بەڕێوەبەرەی ئەوقافن کە مانگانە مووچەکانیان بۆ دابین دەکات، نکوڵی ناکرێت لەهەر کایەیەکدا وابەستەیی دارایی هاتەکایەوە، پاشکۆیی سیاسییش بەدوویدا دەهێنێت، پێچەوانەکەشی گەر سەر بە لایەنێکیش بن هەر هەمان سیناریۆ چارەنووسیانە.

لە مێژووی ئیسلامدا، کەسانی وەک ئەبووحەنیفە، ئەحمەدی کوڕی حەنبەل نەک ملیان بۆ دەسەڵاتی خەلیفەکان نەدا، بەڵکو منەتیشیان هەڵنەگرتن. ئەبووحەنیفە (خوا لێی ڕازی بێت) پشتیوانی دوو یاخیبوونی هەردوو سەردەمی ئەمەوی و عەباسیش بووە(زیدی کوڕی عەلی و محەمەد نەفوزەکیە)، بۆیە میحنەتی هەردووکیانی بینی. تەنانەت قازیلقوزاتی ئەبوجەعفەری مەنسووریشی ڕەتکردەوە، تا ستەمەکانی بە فەتواکانی ئەم دانەپۆشێت. پێچەوانەی سەردەم، مامۆستایان و زانایانی ئاینی لە پێشتردا بە وەقف، زەکات و خێری موسڵمانان دەژیان، زانا هەرەباشەکان ئەوانەبوون کە منەتباری وەقف و خێری کۆمەڵگەبوون نەک خەلیفەکان، تەنانەت هەردوو مەدرەسەی موستەنسەرییە و نیشابور کە چرای زانست و قیبلەی زانایان بوون، بە وەقف بەڕێوەدەبران نەک بە پارەی دەوڵەت یان تەوژمە نەیارەکان، بۆیە زانای مەزنیان لەبوارەکانی دین و دنیادا پێشکەشکرد. ئەوان بە هۆی وەقفەوە سەربە کۆمەڵگە بوون، منەتباری کەس نەبوون، چونکە وەقف تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە واقیفەکە مەمنوونە وەقفەکەی بەکاربهێنرێت. بەشێکی زۆری مەلاکانی ئەمڕۆمان بەداخەوە هەم خێرەکە و هەم مووچەکەش وەردەگرن! لە کاتێکدا یەکەم بۆ ئەوەیە کە دووەم وەرنەگریت.

گوتارێکە و دووهەوا لێرەدایە پرسەکانی بێلایەنکردنی دەوڵەت و چەسپاندنی هاونیشتمانێتی خۆیان دەسەپێنن، دەبێت هەم دەسەڵات و هەم حزبە ئیسلامییەکان چاویان لەم ڕۆژە و لەم بەریەککەوتنە بێت، چونکە ئەو تیرەی دوێنێ بەناوی پاراستنی دینەوە هاویشتیان ئەمڕۆ یەخەی هەردووکیانی گرتەوە، هەم دەسەڵاتێک دینی قۆرخ کردبێت وەک ئەوەی لەم هەفتەیەدا گوتاری موعەلەبیان بۆ مەلاکان نارد، هەم بۆ ئەو حزبە ئیسلامیانەش کە دژی جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت بوون، وا تیرەکە سنگی خۆیانی پێکا. ناکرێت لەو جێگایانەی کە موسڵمانان زۆرینەن داوای دەستوور و دەوڵەتێکی دینی بکەیت، لەو جێگایانەش کەمینەن داوای سیکۆلارکردنی دەوڵەت بکەیت، دەوڵەت کایە و بواری هەمووانە بە هەموو ڕەنگێکەوە، بۆ نموونە لە هندستان زیاد لە ١٥٠ملیۆن موسڵمان دەژی، گەر دەوڵەت ئایینی بێت، دەبێت هندۆسی بێت، ئەی مافی براموسڵمانەکان چی؟ لە وڵاتێکی وەک ئێراق، گەر دەوڵەت ئاینی بێت دەبێت هەمووان پابەندی شەریعەت و دەوڵەتی شیعە بن، چونکە زۆرینەن، هەر ئاوا گەر وێنەکە بچووک بکرێتەوە، ناشکرێت لە هەرێمی کوردستانیش داوای دەوڵەت و دەستووری ئاینی بکەیت و بەڵام دژی ئەوەش بیت ئەوقاف دەستوەردەداتە وتار و وەقفەکانەوە.

دەی دەوڵەتی ئاینی ئاوایە، بۆیە گەر دەوڵەت ڕێچکەی ئاینی نەبێت هەم دین و هەم دنیاش لە ئەماندا دەبن. هەموو ئەوانەی ئێستا دەنگیان لێ بەرزدەبێتەوە کە بۆچی وەزارەتی ئەوقاف دەستوەردەداتە کارووباری مزگەوت و مەلاکان، بەشێکیان ئەو گرووپە سیاسییە دینیانەن کە لە پێشتردا بە تایبەت لە ئانی نووسینەوەی دەستووردا، دژایەتی ئەو تەوژمەیان دەکرد کە داواکاری جیایی دین و دەوڵەت بوون، دەی ئێستا وا تێکەڵە و هەر ئەو ئیماندارانە باجەکەی دەدەن. وایاندەزانی جیاکردنەوە بۆ بچووکردنەوەی ئاینە، لەکاتێکدا پرۆسەی ڕۆڵپێدانەوە و جیاکردنەوەی ڕۆڵەکانە. ئەم دوو جەمسەرییکردنە تا ئەوکاتەی مەلا نەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە و دەسەڵات و حزبەکان واز لە دەزگای دینی نەهێنن، “لەمبەر” و “لەوبەر”ییەکی شێخ ڕەزا هەر بەردەوام دەبێت و کۆمەڵگەیەکی چەندپارچەش لە ئارادا دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP