دواین هەواڵ

گرژییەكانی نێوان پرۆكسییەكانی ئێران و ئەمریكا بەرەو كوێ دەچن؟

‌نەوزاد هێتوتی

08/01/2024

شەڕێكی سنوردار

ھاوكات لەگەڵ پێشھاتە سەربازییەكانی شەڕی غەززە و توندبوونی پێكدادانەكانی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و پێداگریی تەلئەڤیڤ لەسەر تێكشكاندنی حەماس لە كەرتی غەززە، لە عێڕاقیشدا ململانێی نێوان ئەمریكا و ھێزە پرۆكسییەكانی سەر بە ئێران بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات. ھەر چەندە ھێشتا ململانێی نێوان ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران كە ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە گەل ئەمریكا لە ئاستێكی سنووردار دایە. بەڵام دەكرێت ئەم ململانێیە لە كۆتاییدا ئەگەر كۆنترۆل نەكرێت، بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدارتر بڕوات، بەتایبەت ئەگەر ھێرشی گرووپە چەكدارەكانی شیعە بۆ سەر ھێزەكانی ئەمریكا بەردەوام بن. لە دوای دەستپێكردنی شەڕی غەززە بەتایبەتیش لە 17ی ئۆكتۆبەر تاكوو ئێستا ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە عێڕاق و سووریا نزیكەی 115 ھێرشیان بە دڕۆن و مووشەك كردووەتە سەر ھێزەكانی ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكانی عێن ئەسەد لە ئەنبار، ھەرێمی كوردستان و سووریا.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە بەردەوامەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، ئەمریكا ئەمە چەندین جارە وەك كاردانەوە ھێرش دەكاتە سەر پێگەی میلیشیا شیعەكان و سوپای قودس لە عێڕاق و سووریادا. لە تازەترین و دیارترین ھێرشیشدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەوە چەند سەرکردەی حەشد کوژران دیکەش برینداربوون.

گرووپە پرۆكسییەكانی ئێران و بە ئامانجگرتنی ئەمریكا

لە ڕاستیدا ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی زۆر ئامانج و مەبەستیان ھەیە لە بەئامانجگرتنی ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا كە دیارترینیان بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە: یەكەم، ئێران دەیەوێت گوشارێك لەسەر ئەمریكا درووست بكات بۆ ئەوەی لە لایەك یارمەتییەكانی بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت لە شەڕی غەززە. لە لایەکی تریشەوە تەلئەڤیڤ ناچار بكات بۆ ئەوەی ھێرشەكانی بۆ سەر حەماس ڕابگرێت. دووەم، ئێران بە تایبەتیش سوپای قودس ڕۆلی سەرەكی ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشكردنە سەر ئیسڕائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەردا. ئێران و حەماس پێیان وابوو كاردانەوەی ئیسڕائیل ھاوشێوەی جارانی پێشوو سنووردا دەبێت و بیر لە داگیركردنی كەرتی غەززە ناكاتەوە. وتەبێژی سوپای پاسداران رمضان شەريف لە 28 ی دیسەمبەری 2023 لە لێدوانێكدا باسی ئەوەی كرد کە ھێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ئەنجامی تۆڵەكردنەوەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بووە.

ھەرچەندە دواتر بە ھۆی كاردانەوەكان و نیگەرانییەكانی حەماس، سوپای پاسداران لەو لێدوانە پەشیمان بوویەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئێران ڕۆلی كاریگەری ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشكردنە سەر ئیسڕائیل. ھەربۆیە ئێستا ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بەرامبەر ڕای گشتیی جیھانی ئیسلامی و عەڕەبی تووشی جۆرێك لە شەرمەزاری بوونە بەوەی لە سەرەتادا ھانی حەماسیان داوە و ئێستاش وەك پێوێست بەرگری لێ ناكەن. بەتایبەت دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت حساباتیان ھەڵە بووە و ئەمجارە ئیسڕائیل مەبەستیەتی بەتەواوتی حەماس تێكبشكێنێت.

سێیەم، كشانەوەی ئەمریكا لە عێڕاقدا یەكێكی ترە لە ئامانجە سەرەكییەكانی گرووپە چەكدارەكان لە ھێرشكردنە سەر ئەمریكا. ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بە چڕی كار لەسەر ئەو خاڵە دەكەن كە ئەمریكا بە تەواوەتی لە عێڕاق بكشێتەوە. بێگومان ئەمەش لەو ڕوانگەیەوەیە كە ھەبوونی ئەمریكا لە عێڕاقدا بە گەورترین بەربەست دادەنرێت لەبەردەم سیاسەت و ئەجندەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، بەتایبەت لە عێڕاق و سووریادا. لە دوای ھێرشی ئەمجارەی ئەمریكا بۆ سەرگرووپی نوجەبا، ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە ھەموو لێدوانەكانیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت بە زۆترین كات ھێزەكانی ئەمریكا لە عێڕاق بكشێنەوە. تەنانەت سوودانیش لەمیانەی وتارێكیدا لە 5 ی كانوونی دووەمی 2024دا لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانیدا باسی ئەوەی كرد كە هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە سەروەریی عێڕاق پێشێل بكات و لێژنەیەك بۆ كشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێڕاقدا پێكهێناوە. چوارەم، ڕەنگە ھۆكارێكی تری ئەو ھێرشانە ھاندانی ڕووسیا بێت، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە ڕووسیا لەوانەیە زیاتر ھانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بدات تا ھێرش بكەنە سەر ئەمریكا، تاكوو زیاتر سەرقاڵ بكرێن و كەمتر گرنگی بە پرسی ئۆكڕانیا بدەن.

سیاسەتی بایدن بۆ ڕاگرتنی ھێرشی گرووپە میلیشیاكان

سیاسەتی ئێدارەی بایدن بەرامبەر ھێرشی پروكسییەكانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانیان بە دوو ئاراستە بووە. لەلایەك لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ھەوڵ دراوە گوشار لەسەر ئێران و حكوومەتی عێڕاق دروست بكات بۆ ئەوەی ھێرشەكانیان ڕابگرن. لەم ڕووەوە لە 5ی نۆڤەمبه‌ری 2023 ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای كرد و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوودانی كۆبووەوە و ھۆشداریی تووندی دایە بەغداد سەبارەت بە بەردەوامی ھێرشی گرووپە شيعەكان بۆ سەر ئەمریكا. لەو سەردانەدا ئەمریكا چوار پەیامی گرنگی بە بەغدا دابوو:

یەكەم، بلینكن زۆر ڕاشكاوانە بە حكوومەتی عێڕاقی ڕاگەیاندووە كە دەبێت ئەركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت لە ڕێگریكردن لە گرووپە میلیشیاكان لە ھێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا. لەم ڕووەوە بلینكن ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن، بە تەواوەتی قبووڵ نەکراون. دووەم، ئەمریكا بەرامبەر ھێرشكردنە سەر بەرژەوەندی و بنكە سەربازییەكانی بێدەنگ نابێت. لەم ڕووەوە جەختی لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە ئەگەر ھێرشەكان بەردەوام بن، ئەمریكا ڕاستەوخۆ گرووپە میلیشیاكان دەكاتە ئامانج و ڕووبەڕووی گورزی سەربازی دەبنه‌وه‌.

سێیەم، خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەبووە كە ھانی حكوومەتی عێڕاقی داوە كە ڕێگە لە گرووپە میلیشیاكان بگرێت لەوەی بە مووشەك و دڕۆن له‌ ڕێگەی عێڕاقەوە ھێرش بكەنە سەر ئیسڕائیل و دەبێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت. چوارەم، بلینكن جەختی لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە لەگەڵ ئەوەدا نین بازنەی جه‌نگەكەی غه‌ززە فراوان بێت؛ بەڵام ئەگەر ئێران یان ھاوپەیمانەكانی بەرەیەكی تری جه‌نگ بكەنەوە، ڕاستەوخۆ لە ئێران دەدەن. لەم ڕووەوە ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە كرد كە نایانەوێت لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبێت، بەڵام هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانیان و هاووڵاتیانیان دەگرنە بەر.

لە لایەكی تریشەوە كاتێك ئیدارەی بایدن دەبینێت حكوومەتی سوودانی دەستەوەستانە بەرامبەر ھێرشی گرووپە چەكدارەكان و وەك پێوێست كار ناكات بۆ ڕاگرتنی ھێرشەكانیان، ئەوا لە ڕووی سەربازییەوە لە ئاستێكی سنوورداردا گورزی سەربازی لەم گرووپانە وەشاندووە. خاڵی ھەرەگرنگ لەم ھێرشانەدا ئەوەیە كە جاران زیاتر لە سووریا لە گرووپە میلیشیاکان دەدرا، بەڵام ئێستا ئەمریكا لە خاكی عێڕاق و لەناو جەرگەی بەغدا لەو گرووپانە دەدات. بێگومان ئەمەش كۆمەلێك پەیامی گرنگی ھەیە: یەكەم، ئەمریكا نیگەرانە لە سیاسەتی حكوومەتی سوودانی و ئەو بێھەڵوێستییەی كە ھەیەتی بەرامبەر پرۆكسییەكانی ئێران لە ھێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی لە عێڕاق و سوریادا. لەم ڕووەوە پێدەچیت ئەمریكا بێ ھیوا بووبێت لە بەغدا كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ھێزانە ببێتەوە. بۆیە ئەمریكا چیتر موراعاتی حكوومەتی سوودانی ناكات، بەڵكوو خۆی ڕاستەۆخو وەڵامی ھێرشەكان دەداتەوە و گورزی سەربازییان لێ دەدات.

دووەم، خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ئەمریكا چیتر پارێزبەندی ناداتە گرووپە میلیشایاکان لە عێڕاقدا دەیانكاتە ئامانج. بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی بایدن تاڕادەیەك لە هەوڵی ئەوەدابوون كە ئەمریكا تۆمەتبار نەكرێت بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێڕاق. لەبەر ئەمەش ئەمریكا لە جارانی پێشوودا زیاتر ھێزە شیعەكانی لە سووریا دەكردە ئامانج نەك لە عێڕاقدا. بەڵام ھێرشاكانی ئەم دواییەی ئەمریكا بۆ سەر پرۆكسییەكانی ئێران بەتایبەتیش لە جرف سەخەر و لە بەغداش ئەوە دەردەخات كە ئەمریكا ئیدی وازی لەو سیاسەتە ھێناوە و ڕێگە نادات میلیشیا شیعەكان بە ئازادی لە عێڕاقدا بجووڵێنەوە و بەرژوەندییەكانی ئەمریكا بخەنە مەترسییەوە.

سێیەم، سیاسەتی بایدن لەڕووی سەربازییەوە بەرامبەر گرووپە میلیشیاكان زیاتر خۆی لە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە (Deterrence policy) دەبینێتەوە كە مەبەسەت لەم سیاسەتە ئەوەیە وا لە دژمن بكەیت كە ترسیان ھەبێت یاخود خۆیان بپارێزن لە ھێرشكردنە سەرت، چونكە دەزانن ڕووبەڕووی سزا و وەڵامی تووند دەبنەوە. ئێستا سیاسەتی بایدن بەرامبەر ئێران و ئەو گورزە سەربازییانەی كە لە پرۆكسییەكانی دەدات زیاتر بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت ھەر ھێرشێك بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا بێ وەڵام نابێت و ڕووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە. ھەرچەندە ھەندێك چاودێری سیاسی پێیان وایە ھێشتا بایدن سەركەوتوو نەبوو لە پراكتیزەكردنی ئەو ستراتیژییەتە، بەتایبەت وەڵامەكانی بۆ سزادانی گرووپە چەكدارەكان لەو ئاستەدا نییە كە وا بكات ئەم گرووپانە ترسیان ھەبێت لە ھێرشكردنە سەر پێگەكانی ئەمریكا. چوارەم، پاراستنی بەرژەوەندی و پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ھۆكارێكی دیكەیە كە ئەمریكا لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا ھێرش دەكاتە سەر پێگەی گرووپە میلیشیاكان. لەم ڕووەوە ل لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە "پێویستە حکومەتی عێڕاق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن" ھەروەھا گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند: "ئێمەش هەمیشە گوتومانە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر".

بە شێوەیەكی گشتی ھێشتا ئاستی گرژییەكانی نێوان ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران وئەمریكا لە عێڕاقدا لە ئاستێكی سنوورداردایە و نە ئێران و نە ئەمریكاش لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو گرژییانە لە كۆنتڕۆل دەربچن. لەلایەك ئیدارەی بایدن لە مانگی 11 ی ئەم ساڵەدا ھەڵبژاردنی لە پێشە و ھەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە زیانی گەورە لە پێگەگەی دەدات. بەھەمان ئاراستەش ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی لە بەرژەوەندییان نییە شەڕەكە لە عێڕاقدا گەورە ببێت، چونكە لە زۆر لایەنەوە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت. بەتایبەت ئێستا ھاوپەیمانەكانی ئێران جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتیان لە عێڕاقدا لە دەستدایە و حكوومەتیش سەر بە خۆیانە. ھەورەھا لە ھەڵبژاردنی پارێزگاكانیش بەھۆی غیابی تەیاری سەدر لە زۆربەری ناوچە شیعەكان سەركەوتوون. بۆیە بەرزكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لە گەڵ ئەمریكا مەترسی ڕاستەقینە لە سەر دەسەلات و بەرژەوەندی و حكوومەتەكەیان درووست دەكات و تەنانەت ئەگەری ڕووخاندنی حكوومەتی سوودانی دێتە ئاراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP