دواین هەواڵ

ترەمپ و پووتین؛ بەرەو گەمارۆدانی ئەوروپا!

‌عادل باخه‌وان

18/12/2023

ساڵی 2024 بۆ یەکێتیی ئەوروپا ساڵێکی ئێجگار ئاڵۆز دەبێت. شانسی سەرهەڵدانی قەیرانی مەزن، تەواو بەهێزە. گریمانەی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لێی دەترسن، جگە لە ئیتاڵیای میلۆنی و هەنگاریای ئۆربان، لە ئاستێکی باڵادایە و گفتوگۆی پلە یەکی پشت پەردە دیپلۆماسییەکان بریتیە لە: گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی!

ئەوروپییەکان زۆر بە وردی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکەن، چونکە دەزانن چ کاراییەکی مێژوویی بەسەر ئامادەبوونی یەکێتیی ئەوروپا لەنێو مێژووی پەیوەندییە جیهانییەکاندا هەیە. هێشتا ترەمپ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام کۆنگرێس، کە کۆمارییەکانی هەژموونیان بەسەریدا هەیە، ئەو 60 ملیار دۆلارەی بلۆککردووە کە دەبێت واشنتۆن وەک یارمەتی بە ئۆکرانیای بدات، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر رووسیای پووتیندا نەکەوێت. 

ئەمە، پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەوروپییەکان، چونکە ئەو جەنگەی لە ئێستا و ئێرەدا بەڕێوەیە، لەسەر خاکی ئەوانە نەک ئەمریکا و، رووسیای پووتینیش بە پلەی یەک هەڕەشەیە لەسەر ئەوان نەوەک ئەمریکا. بلۆککردنی ئەو 60 ملیار دۆلارە، ئاماژەیەکی بەهێزە بەوەی؛ لە ساتەوەختی گەڕانەوەی ترەمپ، مەرج نییە چیدیکە پووتین وەک دوژمن سەیر بکرێت و مەرج نییە جەنگی ئۆکرانیاش بە جەنگی هەموو رۆژئاواییەکان بزانرێت. بەپێچەوانەوە، دۆناڵد ترەپ لە چەندین شوێندا دووپاتیکردووەتەوە پڕۆژەی پێداچوونەوەی ناتۆ، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەستیپێکرد و بۆی تەواونەکرا، دەستپێدەکاتەوە و باس لەوە دەکات؛ بە کۆی میکانیزمەکانی ناتۆدا دەچێتەوە و چوارچێوەی نوێی بۆ دادەنێت. بێگومان بۆ ئەوروپییەکان، ئەمە تراژیدیایەکی گەورەیە، چونکە لە دۆخی پاشکۆیی رادیکاڵیی سەربازیدان (دێپاندانس رادیکال) لەبەرامبەر ئەمریکا.

ترەمپ تەنها لە دەرەوە هەڕەشە لە یەکێتیی ئەورپا ناکات، بەڵکو لەنێو خودی یەکێتییەکەشدا ترەمپێکی بچووک هەیە کە ناوی ڤیکتۆر ئۆربانی هەنگاریە، پەیڕەی ناوخۆی دەزگاکانی یەکێتیی ئەوروپا، مافی ئەوەی دەدەنێ زۆربەی زۆری بڕیارەکان ڤیتۆ بکات. ئۆربان، دۆستی نزیکی ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپە، رێک وەک کۆمارییەکانی کۆنگرێس، دوێنێ ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا نەتوانێت ئەو 50 ملیار یۆرۆیەی پێشنیار کرابوو، وەک یارمەتی بە ئۆکرانیای زیلینسکی بدرێت.

هەموو ئەم رووداوانە لە بەرژەوەندیی پووتینێکدان کە چەند مانگێک لەمەوپێش ئەوروپییەکان دەیانویست بیگرن و بەتۆمەتی تاوانی جەنگ بیدەن بە دادگە! بەبێ ئەو 60 ملیار دۆلارە ئەمریکییە و ئەو 50 ملیار یۆرۆ ئەوروپییە، ئۆکرانیا بە هیچ شێوەیەک توانای جەنگی لەگەڵ رووسیادا نییە و نابێت، ئەمەش دەستی ڤلادمیر پووتین دەکاتەوە بۆ ئەوەی تەواوی مەرجەکانی بەسەر زیلینسکی پەڕوباڵکراودا بسەپێنێت و بەسەرکەوتوویی لە جەنگەکە بێتە دەرەوە.

ڤلادیمیر پووتینێکی سەرکەوتووی جەنگ لەلایەک و دۆناڵد ترەمپی ڤێرژنی دوو کە بە گیانی تۆڵەوە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی لەلایەکی دیکەوە، ئەو دوو مەترسییە هەرە گەورەن، کە ئارامیی دەروونی و دیپلۆماسیی ئەوروپییەکانیان تێکداوە، چونکە دەزانن ترەمپ توڕە و ناڕازییە لە بەشێکی زۆر لە سیستمی مامەڵەی ئەوان لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکاندا، لە پێش هەمووشیانەوە ناتۆ.

هەروەها دەزانن جیهانبینیی ترەمپ 180 پلە جیاوازە لە جیهانبینیی ئەوان. دواتر دەزانن کە لە هەموو مەیدانەکاندا دەست دەخاتە بینەقاقایان و فشاریان بۆ دێنێت. وشیاریشن بەوەی دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت هەموو پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ پووتیندا ئاساییبکاتەوە و هیچ دوور نییە لە کۆشکی سپی و بەهەموو کۆدەکانی پرۆتۆکۆلەوە پێشوازیی لێبکات، یان خۆی سەردانی مۆسکۆ بکات و وەک دەڵێت "بە 48 کاژێر، کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت!"

لە دۆخێکی ئاوادا، ئەوروپییەکان دەکەونە نێوان تاعونی دۆناڵد ترەمپ و کۆلێرای ڤلادیمیر پووتینەوە و زۆر بە لاوازی و دۆڕاوییەوە دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ بەهێز و سەرکەوتووەکاندا. ئەوروپییەکان هێشتا وەک پێویست تێنەگەیشتوون لەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر جیهاندا هاتووە و بەشێکی زۆر، بەلای کەمەوە لە سیاسییەکانیان، پێیانوایە هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان هاوسەرگیرییەکی کاسۆلۆیکییە بۆ هەمیشەیە! ئەم وەهمە لای وڵاتانی کەنداوی پێش محەممەد بن سەلمانی سعودیە و محەمەد بن زایدی ئیماراتیش هەبوو، بەڵام ئەم دوو ئەکتەرە بەخێرایی لە گۆڕانکارییە مەزنەکان، بەتایبەتی جیۆپۆڵەتیکەکان تێگەیشتن و کارتۆگرافیای سیاسی وڵاتەکانیان لەنێو جیهاندا سەرلەنوێ دروستکردەوە.

هەرچەندە درەنگە! بەڵام ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا بەخێرایی بە سیاسەتی سەربازی، ئابووری، دیپلۆماسی و تەنانەت بە پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی یەکێتییەکەدا نەچێتەوە، هیچ دوور نییە لە ساڵانی داهاتوودا، هەموو شتێک لەدەستنەدات و لەکۆتاییدا تەنها وەک ئەکتەرێکی ناکارای نێو پەراوێزەکان بمێنێتەوە.

یەکێتییەکی ئەوروپای بێ سوپایەکی بەهێز کە نەتوانێت بە 27 وڵاتەوە لەبەرامبەر رووسیای پووتیندا بەرگری لە خاکەکەی خۆی بکات، یەکێتییەکی ئەوروپا کە 447  ملیۆنە، بەڵام ئۆربانێکی هەنگاری کە تەنها نۆ ملیۆنە بتوانێت بلۆکی بکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێت لە ئاستی گۆڕانکارییە مەزنە مێژووییەکاندا بێت و بۆخۆی لە پەراوێزەکاندا ئەگەر نەشمرێت، دەمێنێتەوە. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP