دواین هەواڵ

عێراقی برادەرانی ئیتار تەنها لە بیست و چوار سەعاتدا : وڵاتێک لەسەر لەپی شەیتان !

‌عادل باخه‌وان

26/12/2023

1. ڕەزا موسەوی، کە سایەتی هەرە گرنگی ئێران لە سوریا، پردی نێوان ئێران و حیزبوڵای لوبنانی، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکوژرێت و سەرۆککۆماری ئێرانیش هەڕەشەدەکات و داوای تۆڵەکردنەوەی دەکات.

2. ڕێک دوای ئەو ڕوداوە، میلیشیاکانی عێراق پەلاماری بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە هەولێر دەدەن و چەندین ئەمەریکی بریندار دەکەن و یەکێکیشیان لە دۆخێکی یەکجار خراپدایە. ئەم پەلاماردانە بەیەکێک لە پەلامارە هەرە بەزەبرەکانی حەشد لە دژی ئەمەریکا دادەنرێت، بەتایبەتی لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە. تەنانەت سیستمی دژە فڕینی ئەمەریکیش کە لە هەولێر جێگیری کردوە، نەیتوانی ڕێگا لەم پەلاماردانە ئاسمانیە بگرێت. لە دوێنێوە رۆمانسکی زۆر توڕەیە لە حکومەتەکەی ئیتار.

3. لێدانی بنکەکانی حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگای واست و بابل لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە کە کوشتن و بریندارکردنی چەندین ئەندامی حەشدی لێکەوتەوە. ئەم لێدانە خودی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن واژوی لەسەر کردوە.

4. کوژرانی دوو ڕاوچی سعودی و کویەتی لە پارێزگای ئەنبار کە لە ڕوی ئاسایشەوە لە ژێر کۆنترۆڵی کەتائیبی حیزبوڵادایە و ئەمەش زەنگێکی ترسناکە بۆ ئیمتیحانی حکومەتەکەی ئیتار سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.

5. جەنگی نێوان عەسائیبی ئەهلی حەقی خەزعەلی و سەرایا سەلامی سەدر لە گەڕەکی عامل لە بەغداد، بەبەرچاوی حکومەتەکەی ئیتارەوەو چەندین کاتژمێری خایاند بەبێ ئەوەی حکومەت بتوانێت دەستێوەردان بکات.

6. تورکیا زۆر بەچڕی چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانی بۆمبارانکرنکردوە، بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ ئەوە بکات کە هەرێم بەشێکە لە عێراقێک کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکانە و بڕیارە ڕێز لە سەروەریەکەی بگیرێت.

7. بلۆکێکی نێو ئیتار دڵداری لەگەڵ ئەمەریکا دەکات، بلۆکێک جەنگی لەدژ ڕادەگەیەنێت، بلۆکێکیش هێشتا لەو نێوەندەدا خۆی یەکلایینەکردوەتەوە و چاوەڕوانی ئەوەیە بزانێت ئەم کەڵەکە کەی دەڕوخێت.

8. لەنێو ئەو دۆخە گڕگرتوەدا، بێدەنگیەکی لە شۆک ئاسا باڵی بەسەر سووننە و کورددا داپۆشیوە. ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر، ئەم دوو گروپە پێویستیان بە ستراتیژیەتی نوێ و کارا و خێرا و قوڵ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا هەیە، گەرنا زیاتر لە جاران فڕێدەدرێنە پەراوێزەکانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP