بەهۆی ووتنەوەی وانەی (مێژووی نوێی و هاوچەرخی ڕۆژهەلاتی ئاسیا) لەبەشی مێژوو لە قۆناغی سێیەمدا کە دوو ساڵێکە بەردەوامین تێدا. کە بەشێک لە ووڵاتانی قارەی ئاسیا دەگرێتەوە لەنێویاندا ووڵاتی چین کە دەکەوێتە نێو ئەم کاتیگۆرییە دابەشکارییە جیۆسیاسیەوە. زۆر کات قوتابیەکانم دەپرسن بۆچی مامۆستا چنور هەموو شیکارییەکانت دەبەستیتەوە بە سیاسیەتەوە؟
هەمیشە ئەمە وەڵامی ئێمەیە بۆ قوتابیە ئازیزەکانم: مێژوو و سیاسیەت دوانەیەکی دانەبڕاون سیاسیەت ڕۆحی زیندووی مێژووە، شیکاریی مێژووییەکان بێ گەڕانەوە لە شارەزا بوونمان لە جۆری پەیوەندییەنێودەوڵەتیەکان و شارەزا بوون لە چەمکە سیاسیەکان مەحاڵە ڕۆڵی سەرەکی بدەینە مێژووی هەر میللەت و نەتەوەیەک.
ڕەنگە زاراوەکان کە بەکاریان دەهێنین زۆر جار بووببێتە گرفت بۆ ئاستی تێگەیشتنی قوتابیەکانمان، بەڵام لێرەدا ئامانج فێربوونە نەک بەڕێکردن.
کاتێک شەوانە بەهەواڵە جیهانیە مێژووییەکان ڕاگوزەر دەکەین، وەڵامی ئەو پرسەتان ئەدەینەوە چین ووڵاتە بەهێزە ئاسیاییەکە، ئەمڕۆ لەکوێی معادلە سیاسیەکانی ڕکابەرە سەرەکیەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ئاستی جیهاندا؟.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ سەرۆکی چین ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەراوێزی لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن دا، لەم هەفتەیەدا کۆببنەوە. لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان نەتەوەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا، دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک گرنگترە.
بەڵام لە دەرەوەی هێماسازی دوو بەهێزترین سەرکردەی جیهان کە تەوقە دەکەن، بینەرانی نێودەوڵەتی دەبێ لە ڕووی جەوهەرییەوە چاوەڕوانی چی بکەن؟ بایدن ئامانجی چی دەبێت؟
شی جین پینگ، سەرۆکی چین لەم هەفتەیەدا یەکەم سەردانی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، بۆ ئەمریکا ئەنجامدا و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا. کە بریتین لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان و وەستاندنی ڕۆیشتنی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە دەچنە ناو بەرهەمهێنانی فێنتانیل کە دەرمانێکی دەستکردی ئۆپیۆیدە. لە کاتێکدا پێدەچوو کۆشکی سپی ئیمتیازاتی گرنگی لە شاندی چینی بەدەستبهێنێت، بەڵام هەنگاوەکان یارمەتیدەر بوون بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین- بۆ ئێستا. کە زیاتر بوار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر باشترکردنی ئابووری وڵاتەکەیان بێت.