دواین هەواڵ

جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل و لێكەوتەكانی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا

‌نەوزاد هێتوتی

18/11/2023

 پێشەكی

ھێرشی لەناكاوی حەماس بۆ سەر  ئیسرائیل لە 7 ئۆكتۆبەری 2023  كاریگەرییەكی زۆری دەبێت له‌سەر ڕەوتی ڕووداوەكان لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە. ھەر لە دوای ھێرشەكە، ئیسرائیل حاڵەتی جه‌نگی ڕاگەیاند و ئەمەیش یەكەم جار بوو لە دوای ساڵی 1973 بەفەرمی تەلئەبیب ڕادەگەیه‌نێت كە لە حاڵەتی جه‌نگدایە. لە ڕاستیدا  ھێرشە لەناكاوەكەی حەماس زۆر پرسیاری ورووژاندووە سەبارەت به‌وەی بۆچی ئەم ھێرشە لەم كاتەدا ئەنجام دراوە؟ ھۆكار و پاڵنەرە سەرەكییەكانی چین؟ دەتوانین بڵێین كە ئه‌و ھۆكار و پاڵنەرە سەرەكییانه‌ی كە وای كرد حەماس ئەم ھێرشە ئەنجام بدات، خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبێنێتەوە:

تێكدانی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، یەكێك بووە لە ئامانجە ھەرە سەرەكییەكانی ئەم ھێرشەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. دیارە لە دوای رێككەوتنی كامپ دیڤید ساڵی 1979 كە  پەیوەندیی نێوان میسر و ئیسرائیل ئاسایی بووەوە و دوای ئەوەیش ئوردن ڕێككەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ كرد، لە ساڵی 2020 ڕێككەوتنی Abraham Accords واژۆ كرا كە ئیمارات و بەحرێن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كرده‌وه‌. دواتر سوودان و مەغریبیش ھەمان ھەنگاویان ھاوێشت. ئەوەی جێگەی سەرنج بووە ئەوەیە كە، لەم ساڵەدا بە یارمەتیی ئەمریكا ھەوڵەكان چڕ كرابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئەوەی سعوودیا و ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە. بێ گومان ئەم پەرەسەندنە سیاسییانە و ئاساییبوونی پەیوەندییەكانی دەوڵەتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، جێگەی نیگەرانیی حەماس و ئێران بووە. بەتایبەت ئێران پێی وا بووە كە ئەم ھەنگاوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، ھەڕەشەی ڕاستەوخۆیە لەسەر پێگە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی لە ناوچەكەدا. بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم ھێرشە، تێكدانی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی بووە لەگەڵ ئیسرائیل.

یەكێكی تر لە ئامانجەكانی ئەم ھێرشە ئەوە بووە كە، ئەو پەیامە بە ھەموو لایەك بدرێت كە بێ چارەسەركردنی كێشەی فەڵەستین، دەوڵەتانی عەرەبی نابێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە. واتە چارەسەری كێشەی فەڵەستین، دەبێت لە پێش ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل بێت. بەتایبەت یەكێك لە خاڵە گرنگەكان كە لەم ماوەیەدا بەردەوام جێگەی مشتومڕ بووە سەبارەت پەیوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل، ئەوە بووە كە ئایا بەبێ چارەسەری پرسی فەڵەستین، دەوڵەتانی عەرەبی دەتوانن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە یان نا؟ بێ گومان یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم ھێرشانەیش ئەوە بووە كە گوشار لەسەر دەوڵەتانی عەرەبی دروست بكرێت بۆ ئەوەی خۆیان لە ئیسرائیل دوور بخەنەوە و گرنگیی زیاتر بە پرسی فەڵەستین بدەن.

یەكێكی تر لە ھۆكارەكانی ھێرشەكەی حەماس، پەیوەندیی بە دووبارە زیندووكردنەوەی پرسی فەڵەستینه‌وه‌ هه‌یه‌ لەسەر ئاستی ڕای گشتیی عەرەبی و جیهانی. ئەمەیش لەو ڕوانگەیەوە كە پرسی فەڵەستین یەكێكە لە پرسە ھەرە گرنگەكان و، دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بەتایبەت دوای بەھاری عەرەبی و جه‌نگی ئۆكراینا و ململانێی ئەمریكا و ئێران لە ناوچەكەدا، خەریك بوو پرسی فەڵەستین لەبیر بكرێت.  ھەروەھا حەماس لە ڕێگەی ئەم ھێرشانەوە مەبەستی بووە پێگەی خۆی زیاتر لە ھاوكێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلدا بەھێز بكات و وای پیشان بدات كە تاكە لایەنە دەتوانێت ببێتە نوێنەری فەڵەستینییەكان و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی فەڵەستین بكات. بەتایبەت كه‌ ماوەیەك بوو حەماس پەراوێز خرابوو و كەس حسابی بۆ نەدەكرد؛ بەتایبەت دوای بەھاری عەرەبی و شكستی گرووپە ئیسلامییە سوننییەكان لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش ڕەوتی ئیخوانەكان لە میسر و وڵاتانی تردا.

بێ گومان یەكێكی تر لە فاكتەرەكان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە حساباتی ئێرانەوە ھەبووە؛ ئێران بەدڵنیایییەوە ھانی حەماسی داوە بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر ئیسرائیل. تەنانەت زۆر بەڵگە ھەن كە پێش ھێرشەكە، لە لوبنان كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان ئێران و بەرپرسانی حەماس كراوە و، پێ دەچێت ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری ھێرشكردنە سەر ئیسرائیل درابێت. ئەمەیش بۆ ئەوەی ئێران چەند مەسیجێكی گرنگ بە ئیسرائیل بدات: یەكەم، تۆڵەی خۆی بكاتەوە لەو ھێرشانەی، كه‌ ئیسرائیل بەبەردەوامی دەكاتە سەر پێگەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە سووریا و تەنانەت ناوخۆی ئێرانیش. دووەم، ئێران مەبەستی بووە بە ئیسرائیل بڵێت، ھەر كاتێك مەبەستی بێت لە ڕێگەی ھێزە پرۆكسییەكانییه‌وه‌ دەتوانێت ھێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و لەم ڕووەوە كارتی بەھێزی لەدەستدا ھەیە. سێیەم، پەیامەكە بۆ دەوڵەتانی عەرەبییش ئەوە بووە كە پێیان بڵێت، ئێران كارتی فەڵه‌ستینی لەدەستدایە و دەتوانێت ھەموو كات دژیان بەكار بھێنێت؛ بەتایبەت ئێران له‌وه‌ ده‌ترسا كه‌ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی دەوڵەتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، لەسەر حسابی ئێران بێت.

جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل و سیناریۆ جیاوازەكان

سیناریۆی یەكەم، جەخت دەكاتە سەر ئەوەی كە ھێرشی سەربازی بۆ سەر كەرتی غەززە سنووردار دەبێت و ئیسرائیل بەشێكی كەرتی غەززە داگیر بكات، بەتایبەتی بەشی باكووری لەگەڵ سەنتەری شاری غەززە (ئێستایش ھێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی ئیسرائیل زیاتر لەم بەشەدا چڕ بوونه‌ته‌وە)، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا دەسەڵاتی حەماس ھەر دەمێنێتەوە. كەواتە لە حاڵەتێكی وەھادا ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی، بەشداریی جه‌نگەكە ناكەن. ئەگەر ڕووداوەكان بەو ئاراستەیەدا بڕۆن، گۆڕانكاریی گەورە لە ھاوكێشە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل، ھەروه‌ھا لەسەر ئاستی ناوچەكە ڕوو نادەن، چونكە جه‌نگەكە سنووردار دەبێت. بەڵام، بە خوێندنەوەی وردی ھاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان و ئەوەی ئیسرائیلییەكان دەیڵێن، ئەم سیناریۆیە زۆر لاوازە؛ ئەم جارە ھێرشەكەی ئیسرائیل مەبەستی ھەرە سەرەكیی، داگیركردنی تەواوی كەرتی غەززە و لەناوبردنی یەكجارەكیی حەماسە.

بەپێی ئەم سیناریۆیە ئیسرائیل كەرتی غەززە بەتەواوەتی داگیر دەكات و كۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس دەھێنێت. ئەمە یەكێكە لە ئەگەرە ھەرە بەھێزەكان. لێرەدا یەكێك لەو ئەگەرانە لەو حاڵەتەدا ئەوەیە، ئێران و ھێزە پرۆكسییەكان- تەنانەت ئەگەر كەرتی غەززەیش داگیر بكرێت-، بەھۆی زۆر ھۆكار- لەوانەیش ترس لە ئەمریكا- بەرەیەكی تری جه‌نگ لەگەڵ ئیسرائیل ناكەنەوە. لە حاڵەتێكی وەھادا بێ گومان كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕوو دەدەن لەوانە: یەكەم، ھاوكێشەی سیاسی لە فەڵەستین گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەبێتە ھۆی زیاتر بەھێزبوونی دەسەڵاتی “مەحموود عەباس” لە فەڵەستین. دووەم، دەوڵەتە عەرەبییەكان دووبارە پێگەیان لە پرسی فەڵه‌ستین بەھێز دەبێت و كاریگەریی زیاتریان دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی فەڵەستین و ئیسرائیل. سێیەم، ئێران و ھاوپەیمانەكانی بە لەناوچوونی حەماس، “كارتی فەڵەستین” لەدەست دەدەن و تووشی شكستێكی سیاسی و جەماوەریی گەورە دەبن؛ بەتایبەت حەماس، یەكێكە لە كارتە ھەرە بەھێزەكان كە لە پرسی فەڵەستینیدا ئێران گەمەی پێ دەكات و تەنانەت دژی دەوڵەتە عەرەبییەكانیش بەكاری دەھێنێت. چوارەم، دوای نەمانی حەماس و، بەھێزبوونی بزووتنەوەی فەتح بە سەرۆكایەتیی مەحموود عەباس، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە لایەك و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل، زیاتر دەچێتە پێشەوە. پێنجەم، دەكرێت ئەم سیناریۆیە كاریگەریی خراپ بكاتە سەر پێگەی ئێران و گرووپە میلیشیاكان لە سووریا و عێراقیشدا.

لەم سیناریۆیەدا جه‌نگه‌كە فراوان دەبێت و دەبێتە جه‌نگێكی ھەرێمی و؛ ئەمریكا و ئێران بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ھێزە پرۆكسییەكانیانه‌وه‌ بەشداریی جه‌نگه‌كە دەكەن. واتە لەم سیناریۆیەدا كاتێك ئێران و ھاوپەیمانەكانی بۆیان ڕوون دەبێتەوە كە ئیسرائیل نییەتی داگیركردنی كەرتی غەززەی ھەیە و مەبەستیەتی كۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس بھێنێت، لە ڕێگەی ھێزە پرۆكسییەكانیانه‌وه‌، بەتایبەت حزبوڵڵا و ھێزە چەكدارەكانی لە سووریا، بەشداریی جه‌نگه‌كە دەكەن. تایبەتمەندییەكانی ئەم سیناریۆیە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: یەكەم، ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە سووریا، عێراق و لوبنان و یەمەن بەشداریی جه‌نگەكە دەكەن؛ ھەرچەندە بەشێك لەم ھێزانە، بەتایبەت حووسییەكان، بەفەرمی جه‌نگیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگه‌یاندووه‌. دووەم، ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل، گورزی سەربازی لە ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران دەدەن. سێیەم، ئێران ڕاستەوخۆ بەشداریی جه‌نگەكە ناكات، بەڵام ئەگەر لەلایەن ئیسرائیل یان ئەمریكاوە بكرێتە ئامانج، بێ گومان بەشداریی جه‌نگەكە دەكات. چوارەم، ھەرچەندە ھەر لە ئێستاوە ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران ھێرشەكانیان بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كردووە، بەڵام بە فراوانبوونی بازنەی جه‌نگه‌كە میلیشیا شیعەكان ھێرشەكانیان دژی ئەمریكا چڕتر دەكەنەوە و ئامانجی سەرەكییان ئەوە دەبێت كە ئەمریكا لە عێراق دەربكەن. پێنجەم، ئەگەر عێراق بخزێنرێتە ناو جه‌نگه‌كەوه‌، دەبێتە ھۆی تێكچوونی بارودۆخی سیاسیی عێراق و لەوانەیە ببێتە ھۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و، ئەو حكوومەتەی ئێستا لە بەغدا ھەیە ئەگەری زۆرە بڕووخێت.

پاڵپشتیی بێسنووری ئەمریكا بۆ ئیسرائیل

ئەمریكا ھەر لە یەكەم ڕۆژی جه‌نگه‌كەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە ئیسرائیل مافی بەرپه‌رچدانەوە و بەرگریكردن لە خۆی ھەیە. لەم ڕووەوە، بە ھەموو شێوەیەك پاڵپشتیی ئیسرائیل دەكات.
ئەمریكا لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و لە ناوەندە گرنگەكانی جیھان، بەتایبەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش، بەتەواوەتی پاڵپشتیی ئیسرائیل دەكات. لە لایەكی تریشەوە، ئەمریكا دەستی كردووە بە ناردنی یارمەتیی سەربازی بۆ ھێزەكانی ئیسرائیل. ھەروەھا پێنتاگۆن ھێزی زیاتری سەربازیی ڕەوانەی ناوچەكە كردووە، لەوانەیش كەشتی و فڕۆكەی جەنگی و مووشەكی تۆماھۆك وەك ئاماژەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل و ڕێگەگرتن لە بەشداریی حزبوڵڵا لە جه‌نگەكەدا.

 

سیاسەتی ئەمریكا لەم قۆناغەدا زیاتر سیاسەتی ترساندنە، واتە deterrence policy؛ كە مەبەست لەم سیاسەتە سەربازییە ئەوەیە، پەیامێكی ڕاستەوخۆ بداته‌ ئێران و ھاوپەیمانەكانی كە لە حاڵەتی فراوانبوونی جه‌نگەكە یان دەستێوەردانی ئێران، سووریا یان تەنانەت حزبوڵڵای لوبنانی دژی ئیسرائیل، ئەوكات ئەمریكا ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی ئیسرائیل دەكات و دێتە ناو جه‌نگەكە و، بەتایبەت لە ڕووی ھەوایییەوە پاڵپشتیی تەواوی ئیسرائیل دەكات. بەڵام وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئەمریكا لەگەڵ ئەم ئاراستەیەدا نییە و حەز ناكات جه‌نگەكە فراوان ببێت. تاكوو ئێستایش ئەمریكا ڕاستەوخۆ ئێرانی تۆمەتبار نەكردووە كە لە پاڵ ئەم ھێرشانەدا بێت. ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ڕاپۆرتی  wall street Journal ئێران پلانداڕێژەری سەرەكیی ئەم ھێرشەی حەماس بووە بۆ سەر ئیسرائیل.

ئەمریكا لە كاتی قەیرانەكەوه‌ تاكوو ئێستا، مەبەستیەتی زیاتر جەخت لەسەر ئەو خاڵە بكاته‌وه‌ كە پرسی حەماس شتێكە و پرسی فەڵەستین شتێكی ترە و، نابێت تێكەڵاو بكرین. واتە ئەمریكا ھەوڵ دەدات وای پیشان بدات، ئەم دوو پرسە لێكجیاوازن. بۆیە ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاته‌وه‌ لەگەڵ مافی فەڵەستینییەكانە و لەگەڵ ئەوەیە فەڵەستینیەكان دەوڵەتی خۆیان ھەبێت، بەڵام حه‌ماس نوێنەرایەتیی فەڵەستینییەیان ناكات و گرووپێكی تیرۆریستییە.

ئەمریكا ھەوڵەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەو ئاراستەیە كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل تێك نەچێت و ئەم جه‌نگە كاریگەری نەكاتە سەر سیاسەت و ھەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر ئیسرائیل.

ھەڵوێستی ھێزە شیعە عێراقییەكان بەرامبەر پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل

یەكێك لە مەترسییەكانی جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل ئەوەیە كە عێراقیش بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بخزێنرێتە نێو ململانێكەوه‌؛ بەتایبەت كه‌ ھێزە شیعەكان پاڵپشتیی حەماس دەكەن لە جه‌نگی دژی ئیسرائیل. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لە لایەك حكوومەتی سوودانی زیاتر ھەوڵ دەدات ھاوسەنگییەك لە نێوان ئێران و ئەمریكادا ڕابگرێت و ڕێگە بگرێت لەوەی لە عێراقدا ھێرش بكرێتە سەر پێگە و بەرژوەندییەكانی ئەمریكا؛ لە لایەكی تریشەوە، ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران زۆر بەتوندی دژایەتیی ئەمریكا دەكەن. بێ گومان ئەم ھەڵوێستەی ھێزە شیعەكان ڕاستەوخۆ لەژێر كاریگەریی سیاسەت و ئەجێنداكانی ئێراندایە. لەم ڕووەوە، لەگەڵ پەرەسەندنەكانی جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل و ھێرشی زەمینی بۆ سەر كەرتی غەززە و گوشارە بێئەنجامەكانی ئێران بۆ ڕاگرتنی جه‌نگەكە، لە عێراقیش گوشارەكان بۆ سەر ئەمریكا، لە ھەردوو ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دەستی پێ كردووە. دیارە مەبەستی ھەرە سەرەكی لەم گوشارانەیش ئەوەیە كە، ئەمریكا ئیسرائیل ناچار بكات تاكوو جه‌نگەكە ڕابگرێت. لە ڕووی سیاسییەوە ئەگەر سەیری لێدوانەكانی زۆربەی ھێزە شیعەكان بكەین، زۆربەیان بەو ئاراستەیەن كە پاڵپشتیی حەماس دەكەن و دژایەتیی خۆیان بۆ سیاسەتی ئەمریكا ڕادەگەیه‌نن.

لەم ڕووەوە، لە 4ی نۆڤەمبەری 2023، واتە ڕۆژێك پێش سەردانەكەی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەره‌وەی ئەمریكا بۆ عێراق، ئەبو عەلی عەسكەری فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا لە ڕاگەیه‌نراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە بەتوندی دژایەتیی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكەن بۆ عێراق. ھەروەھا ھەڕەشەی ئەوەی كرد ئەم جارە پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج، بەتایبەت ئەگەر جه‌نگی غەززە ڕانەگیرێت. ھەروەھا داوای كرد بە زووترین كات باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق دابخرێت و ھەڕەشەی ئەوەیشی كرد كە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ڕووی سەربازییەوه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج. بە ھەمان شێوەیش، ئەكرەم كەعبی سەرۆكی بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق دوای ڕۆژێك لە ڕاگەیاندنەكەی حووسییەكان لە چوونە بەرەی جه‌نگ دژی ئیسرائیل و ئەمریكا، ئەوانیش بانگەوازی شه‌ڕیان كرد لە دژی ئەمریكا. لەم ڕووەوە، لە 11ی نۆڤەمبەری 2023 ئەكرەم كەعبی ڕای گەیاند كە بەرەی موقاوه‌مەی ئیسلامی لە عێراق، كە زۆربەی گرووپە میلیشیاكان دەگرێتە خۆ، بڕیاریان داوە كە عێراق لە ڕووی سەربازییەوە سه‌رله‌نوێ ئازاد بكەنه‌وه‌ و ھێزە ئەمریكییەكان لە عێراق دەربكەن. ھەروەھا داوای كرد بە زووترین كات باڵوێزخانه‌ی ئەمریكا دابخرێت و جەختیان لەسەر ئەو خاڵە كرده‌وه‌ كە لەمه‌ودوا ھێرش دەكەنە سەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا.

 بە ھەمان شێوەیش، ھادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح ھەڕەشەی توندی لە ئەمریكا كرد و ڕای گەیاند، بە ھەموو شێویەك پاڵپشتیی فەڵەستینییەكان دەكات و ڕزگاركردنی فەڵەستینیش لە ڕێگەی عێراقەوە دەبێت. ھەروەھا ڕای گەیاند كە پرسی فەڵەستین، پرسی ھەموو ھێزەكانی بەرەی موقاوه‌مەیە. ھەروه‌ھا داوای كرد كە ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربكرێن و ڕای گەیاند، ئەگەر ئەمریكا بچێتە كەرتی غەززە، بێ گومان ئێمه‌یش گورزی سەربازی لە ئەمریكا دەوەشێنین.  بە ھەمان ئاراستەیش، 27ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 سەدر لە ڕێگەی “تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس” (تویته‌ری پێشوو)ەوە ھێرشی توندی كردە سەر ئەمریكا بەھۆی پاڵپشتییەكانی بۆ ئیسرائیل. لەم ڕووەوە، سەدر دوای لە حكوومەتی عێراق كرد بەھۆی پاڵپشتیی بێسنووری ئەمریكا بۆ ئیسرائیل، باڵوێزخانەكەی لە عێراق دابخرێت.

بێ گومان لێدوانەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن كە ئەوان ھیچ پەیوەندییەكیان بە بڕیاری فەرمیی حكوومەتی عێراقەوە نییە و لەژێر فەرمان و ئەجێندای ئێراندا سیاسەت دەكەن و، دووریش نییە عێراق بخزێننە نێو بازنەی جه‌نگی ئیسرائیل و حەماسه‌وه‌. بەتایبەت ئەم ھێزە پرۆكسییانە لە ڕووی سەربازییشەوە ھێرشەكانیان لە دژی پێگەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا زیاتر و چڕتر كردووە؛ بەتایبەت لەو كاتەی جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێ كردووە، زیاتر لە 60 ھێرشی سەربازی بە مووشەك و درۆن (فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان) كراونەتە سەر پێگە و بەرژوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا. ئەمەیش مەترسیی ئەوەی لێ دەكرێت، ئەگەر ئەم ھێرشانە بەردەوام بن، عێراق بچێتە ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌، بەتایبەت ئەگەر بازنەی جه‌نگه‌كە فراوان ببێت. ئەوەی دیارە ئەمریكا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ھێرشانە، تاكوو ئێستا دوو جار ھێرشی سەربازیی كردۆته‌ سەر ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە سووریادا.

پەیامەكانی ئەمریكا بۆ ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە عێراق و سووریا

دیارە ھەوڵەكانی ئەمریكا له‌ نێوه‌ندی جه‌نگی حەماس و ئیسرائیل ئەوەیە بازنەی جه‌نگەكە فراوان نەبێت و بەتایبەتیش عێراق نەبێتە بەشێك لەو جه‌نگه‌. وەك ئاماژەمان پێ كرد ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ھەوڵەكانیان چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ دژایەتیكردنی ئەمریكا و، یەكێك لەو خاڵانەی زۆر پێداگیریی لەسەر دەكەن پرسی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكایە لە عێراقدا. بەڵام پێ ناچێت لەم بارودۆخەدا- تەنانەت گوشارەكان چەند زۆر بن- ئەمریكا ھێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. بەتایبەت كشانەوەی ئەمریكا زیانێكی گەورە بە پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەگەیه‌نێت و شكستێكی گەورە دەبێت بۆ ئیدارەی بایدن، بەتایبەت كه‌ ساڵی داھاتوو لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردندایە. لەبیرمان نەچێت، كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان كاریگەرییه‌كی زۆری ھەبووە لەسەر  لاوازكردنی پێگە و متمانەی ئەمریكا لای ھاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا؛ ئەمە بەدەر لەوەی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق سەركەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ ئێران و ھاوپەیمانەكانی و دەبێتە ھۆی بەھێزكردنی پێگەی نەیارەكانی ئەمریكا، بەتایبەت چین و ڕووسیا لە ناوچەكەدا.

ھەر بۆیەیش ئەمریكا لە ئێستادا گرنگییەكی زۆر بە پرسی عێراق دەدات و نایەوێت بەو ئاسانییە بۆ ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی بەجێی بھێڵێت و واشینتۆن ھەوڵ دەدات لە عێراقدا سەقامگیری ھەبێت و نەبێتە بەشێك لەو جه‌نگه‌ی لە كەرتی غەززە ھەیە. ھەر بۆیە، لە 5ی نۆڤەمبه‌ری 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای كرد و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوودانی كۆ بووەوە. لەم سەردانەدا چوار پەیامی گرنگی دایە بەغدا: یەكەم، بلینكن زۆر ڕاشكاوانە بە حكوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە كە دەبێت ئەركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت لە ڕێگریكردن لە گرووپە میلیشیاكان لە ھێرشكردنە سەر بنكە سەبازییەكانی ئەمریكا و، ده‌بێت ڕێگرییان لی بكات. لەم ڕووەوە بلینكن ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن، بەتەواوەتی قبووڵنەکراون. دووەم، ئەمریكا بەرامبەر ھێرشكردنە سەر  بەرژەوەندی و بنكە سەربازییەكانی، بێدەنگ نابێت. لەم ڕووەوە،  جەختی لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە ئەگەر ھێرشەكان بەردەوام بن، ئەمریكا ڕاستەوخۆ گرووپە میلیشیاكان دەكاتە ئامانج و ڕووبەڕووی گورزی سەربازی دەبنه‌وه‌.

سێیەم، خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوە بووە كە ھانی حكوومەتی عێراق داوە كە ڕێگە لە گرووپە میلیشیاكان بگرێت لەوەی بە  مووشەك و درۆن له‌ ڕێگەی عێراقەوە ھێرش بكەنە سەر ئیسرائیل و، دەبێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت. چوارەم، بلینكن جەختی لەسەر ئەوە كردۆته‌وه‌ كە  لەگەڵ ئەوەدان كە بازنەی جه‌نگەكەی غه‌ززە فراوان نەبێت؛ بەڵام ئەگەر ئێران یان ھاوپەیمانەكانی بەرەیەكی تری جه‌نگ بكەنەوە، ڕاستەوخۆ لە ئێران دەدەن. لەم ڕووەوە،  ئەنتۆنی بلینکن لە سەرەدانەكەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە كرد كە نایانەوێت لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبێت، بەڵام هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانیان و هاووڵاتیانیان دەگرنە بەر.  لە ھەموو ئەوەی گوتمان، دەكرێت ئاماژە بەوە بكەین كە عێراق دەمێكە بۆتە مەیدانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران و، ئەمەیش كاریگەریی زۆر خراپی كردۆته‌ سەر سەقامگیریی سیاسی لەم وڵاتەدا. ھەروه‌ھا جه‌نگی غەززە بێ گومان كاریگەریی ھەیە و دەبێت لەسەر ئاراستەی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا؛ بەتایبەت ئەم جارە بەھۆی جه‌نگی ئۆكراینا و پاڵپشتیی ئەمریكا لەو وڵاتە، ڕووسیا لە بەرامبەردا زیاتر پاڵپشتیی ئێران و ھاوپەیمانەكانی دەكات و زیاتر ھانیان دەدات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەمریكا ببنەوە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP