دواین هەواڵ

خۆخۆری، دواین بزمار!

‌عومەر عەلى غەفور

10/11/2023

ئەگەر دوژمنی خەڵکانیتر بەپلەی یەکەم لە دەرەوەی خۆیاندا بێ، دوژمنی موسڵمانان بەپلەی یەکەم لەناو خۆیاندایه، مەزەب و رەوت و تاقم و حزبەکانیان بۆمبی تەوقیتکراون بەرانبەر یەکتر و لە کەمترین شڵەژان و گرژیدا بە رقێکی ئەستوورەوە و بەزمانێکی پڕپڕ لە وشەکانی تەخوین و تەکفیر و تەفسیق بەڕووی یەکتریدا دەتەقنەوە!

رقێک تەنانەت ئاستی رق لە دوژمنانی دەرەکیشیان تێدەپەڕێنێ، بەشێوەیەک هیچ بەهایەک بۆ ئەو برایەتییە ناهێڵنەوە کە نەک بەحەدیس، بە دەقی قورئان جێگیر کراوە کە: (ئیمانداران بران) و (لەنێو خۆیاندا بەبەزەیین) (باڵی زەلیلی بۆ یەکتر شۆڕ دەکەن) و (براکانیان پێش خۆیان دەخەن)، بەپێچەوانەوە ئەگەر غەریبەیەک ئەو نەفەسە دوژمنکارانەیەی نێوانیان ببینێ، دەڵێ حاشا ئەمانە سەر بە یەک دین نین!. ئەمە پاش سەرهەڵدانی شەڕی غەززە و هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە لەنێوان (ئیسلامییە سیاسی)یەکانی هاوسۆز لەگەڵ حەماس و رەوتی سەلەفی، کە زیاتر هاوهەڵوێستی عەرەبستانی سعوودین و دژی حەماسن، گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر بێتام، کە وشەی سووک و سەلیم لە فەرهەنگنامەی جوێن و داشۆریندا نەماوە بەیەکتری نەڵێن،

نەک تەنها لەسەر ئاستی هەوادارە ئاساییەکانیان لە فەیسبوک و تۆڕەکانیتر، بەڵکو لەسەر ئاستی رابەر و زانا و بانگخوازە ناسراوەکانیان، کە جەماوەرەکەیان پەروەردەی دین و ئەخلاق لەوانەوە وەردەگرێ.. لێگەڕێ لە هەڵوێستی جیاوازی هەر لایەکیان؛ پێم سەیرە ئاخۆ هەردوو بەرە، کە هەردوو هەڵگری پرۆژەی ئیسلامی گشتگیر و ناسراو بە (رابوونی ئیسلامی)ن، پێیان وایە ئەوان (جا هەرلایەکیان براوە بێ) بەو شەڕە ئاست نزمەی دەیکەن و هەریەکە ئەویتر وەک (شەیتان) رەنگە پیستریش پیشان دەدا،

خزمەتی ئیسلام و پەروەردەی ئیسلامی دەکەن و سەرنجی خەڵک بۆ پرۆژەکەیان رادەکێشن، لەکاتێکدا بەوکارە هەزاران گەنجی کوڕ و کچ کە هەواداری هەر لایەکیانن دەبنە دوژمنی یەکتر؟ لەو شەڕەدا هەردوولا دۆڕاون، چونکە متمانە بەهەردوولایان لەق دەبێ کاتێ گەنجێکی ژیر لە خۆی دەپرسێ، باشە ئەگەر م.عەبوللەتیف سەلەفی لەملا، یان م.عەلی باپیر لەولا، کە دەیان ساڵە رەمزی ئەو تەوژمەن و خەڵکێک وەک (زانا و پیاوی خودا) متمانەی پێکردوون و ژیان و نانی خۆیانیان رادەست کردوون، بەپێی ئەم چەلەحانێیە بێ، ئەمیان بێ یان ئەویان (بەلای خەڵکی ئاساییشەوە هەردوولا) جێگومان و دین ناڕاست و بەکرێگیراو و هەوەس پەرست بێ، ئیدی چۆن متمانە بەو رەوتە بکرێ و گەنجی داماو چۆن بزانێ کێ راستە و کێ هەڵەیە؟!

من وای دەبینم، ئەم جۆرە رووداوانە کە ناوبەناو ئەو رەوتانە تێک بەردەدەن، رۆژ بەڕۆژ میسداقیەتی هەموویان و کۆی پرۆژەکەیان لەبەر چاوی خەڵک لاواز و لاوازتر دەکا، بەتایبەت ئەمەی لەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل دروست بووە، کە بەشێوەیەکە ئەگەر چەکیان بەدەستەوە بێ و حکومەت ڕێگر نەبێ، شەڕ لێرە لەنێوان سەلەفی و ئیخوان هەڵدەگیرسێ و رەنگە حەماس و ئیسرائیل شەڕ رابگرن بەڵام لێرە شەڕ نەوەستێ! ئەوەیش واتە نەمانی متمانەی جەماوەر بەکۆی بزاوتی دینی و دواین بزمار لە تابووتی ئەو رەوتە ئیسلامییە لە کوردستان. ئێ سەرکەوتنی سێکیولاریزمیش لە ئەوروپا بۆ بێزاربوونی خەڵک لە بیر و هەڵوێست و رەفتاری پیاوانی ئاینی و رەوت و دامەزراوە ئاینییەکان دەگەڕێتەوە.. هەمان ئەزموونی ئەوروپایە بە تام و بۆیەکی کوردستانی!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP