دواین هەواڵ

جلی کوردی و کوردی خۆ بەکەمزان!

‌عومەر عەلى غەفور

17/08/2022

ئێستا منیش جلی ئەفەندی لەبەر دەکەم، کە جلێکی خۆرئاواییە و باڵادەستیی کولتوورەکەی کردوویەتی بە جلێکی شارستانی و جیهانی لە ناوەندە زانستی و سیاسی و رەسمییەکاندا و پۆشینی جلە ناخۆرئاواییەکانی لەو ناوەندانەدا کردووەتە عەیبە!!..

خۆ ئەگەر کورد (خوانەخواستە!!) خاوەنی شارستانیی زاڵی دنیا بووایە؛ ئێستا لە جێگەی قات و ریبات و بۆینباخ و قۆنگەرە!!، رانک و چۆخەی کوردی و کڵاش و کوڵەباڵی هەورامی جلی ئەفەندی و بزنسمان و موسەقەفەکانی دنیا دەبوو..

واتە چەندە جێدەست و سەنگ و رۆڵی هەمەڕەهەندت لە دنیادا بەهێز و لەپێش بێ، هێندە کولتوورەکەت و لەنێویشیاندا جلوبەرگە نەتەوەییەکەت لە دنیادا رەونەق و نرخ و پێگە و حورمەتی دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە؛ چەندە داماو و داخوازیاو و لەپاش بی، هێندە کولتوور و پۆشاکەکەیشت بچووک و بێحورمەت دەبن، تەنانەت لەبەر زەینی خۆیشتدا، هەربۆیە دەبینی هەندێ گەلیتریش هەن ئەگەرچی جلەکەیان نەبووەتە جیهانی، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن دەوڵەت و سەڵتەنەتن، هێشتا حزووری خۆی لە دنیای هاوچەرخدا لە دەست نەداوە، وەک دەبینین شازادە شا سەلمانی شای سعودیە و میرەکانی خەلیج بە دزداشە و عەگاڵ و پاپووچی عەرەبییەوە لە کۆشکە شاهانەکانیاندا دەوام دەکەن و پێشوازی لە سەرۆک و باڵیۆز و بەرپرسانی رەسمیی وڵاتان دەکەن، هەر بەو قیافەیشەوە سەردانی وڵاتان دەکەن، بەبێ ئەوەی شەرم لەو جلانە بکەن و بە ناڕەسمی دابنێن، لەکاتێکدا جلوبەرگی میللین.. گەورە بەرپرسانی هیندستانیش بەهەمان شێوە..

بەڵام ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت هێندە زەبوونیمان چەشتووە رۆحی شانازی بەخۆکردنمان تێدا مردوە، لەبەرئەوە هەموو شتێکی نەک غەرب و ئەوروپا، تەنانەت هی عەرەب و تورک و فارسیشمان لە هی کورد پێ باشترە، بە جلوبەرگەکەیشمانەوە، لەبەرئەوە خۆیشمان وەک دوژمنانمان بووینەتە کەرەستەی هێندەیتر بێنرخکردنی رۆح و کولتووری کوردی.

بەرپرسانمان بەلایانەوە ئاساییە دزداشە و عەگاڵ جلی رەسمیی پاشا و میرەکانی عەرەب و زۆر لە دامودەزگاکانیان بێ، بەڵام بەعەیبەی دەزانن بۆ خۆیان بە جلی کوردییەوە لە فەرمانگە و کۆشکە رەسمییەکانیاندا دەوام بکەن، یان بەو جلانەوە بچنە سەفەری رەسمی بۆ وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی کە تاکە بەرپرسی باڵای دوو حزبی حاکمە بەجلی کوردییەوە پێشوازی لە میوانانی بیانی دەکا، ئەویش مەگەر بە دەگمەن ئەگینا لە سەفەرە رەسمییەکانیدا بۆ دەرەوە، ئەو جلانە لادەبات و قات و ریبات لەبەر دەکا.. نازانم چ کەعبەیەک کەچ دەبێ و چ یاسا و عورفێکی نێودەوڵەتی رێگرە لەوەی سەرۆکی هەرێم و حکوومەت بە جلی کوردییەوە دەوام بکەن، کە بەوە حورمەت و رەسمییەتێکی زیاتر بەو پۆشاکە نەتەوەییە دەبەخشن؟!

لە سایەی ئەم بێنرخکردنەدا، کە زادەی خۆ بەکەمزانینمانە، هیچ سەیر و نامۆ نییە بەرپرسانی زانکۆکانی کوردستان راشکاوانە بڵێن "دەوامکردن بە جلی کوردییەوە لە زانکۆ قەدەغەیە"، کە ئەمە ئەگەر بە کردەوەیش وابێ، نەدەبوو سەرۆکی زانکۆ دڵی بێت و بوێرێ بەو زمانە تەحقیرییە لەبارەی جلی نەتەوەکەی خۆی بدوێ..
من ناڵێم با لە زانکۆ و فەرمانگەکان بە جلی کوردییەوە دەوام بکرێ، بەڵام نایشبێ بوترێ ئەو کارە قەدەغەیە وەک ئەوەی تاوان بێ.. هەرچەند ئەگەر بەو شێوەیەیش دەوام بکرێ دنیا ناڕوخێ!

بەداخەوە ئەم گرێی خۆ بەکەمزانینەی کورد رێگەی بۆ خەسارەتی گەورە گەورە خۆش کردوە، بۆ نموونە لەکاتێکدا دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە زمانی کوردی بەڕەسمی ناسیوە و کورد مافی هەیە لە ناوەندە ڕەسمییەکاندا بەکاری بێنێ، کەچی تا ئێستا و پاش سێ چوار خولی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنێکی کوردی نەیوێرا سوود لەو مافە وەربگرێ و بەکوردی نەبێ قسە نەکات و پەرلەمان ناچار بکا وەرگێڕی هەمیشەیی دابنێ..

نەک هەر ئەوەندە، بگرە تەنانەت وای لێهاتووە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک عەرەبی نەزانی ئیشت بەزەحمەت دەست بکەوێ لەکاتێکدا دەبوو کوردیزانین ئەو مەرجە بووایە، تەنانەت نەخۆشی ئێمە کە دەچێتە نەخۆشخانە ناچارە عەرەبیزانێ پەیدا بکا تا پزیشکی بەنازی عەرەب، کە خطية مایعرف کردي!، لە نەخوشییەکەی حاڵی بکا!
ئیتر لەوە گەڕێ وامان لێهاتووە گەورەترین رۆشنبیر و زانا، بە جلی کوردییەوە بچێتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن، وەک عەشایر تەماشای دەکەین و وا بیر دەکەینەوە کە هیچ نازانێ!! تەنانەت وەک نەناسێ بچۆ هەندێ شوێن؛ جلی ئەفەندیت لەبەردا بێ خەڵکەکە پێت دەڵێن(مامۆستا)، جلی کوردیت لەبەر بێ پێت دەڵێن (وەستا)!!

دۆخەکە گەیشتۆتە ئەوەی ئێستا لە زۆر سۆپەرمارکێت و چێشتخانە و پێشانگە و نەخۆشخانە و دەرمانخانە و تەنانەت محەلی ئاساییش، تابلۆی سەر شوێنەکانیان بە کوردی نانووسن، بەڵکو بە ئینگلیزی یان بە عربی دەینووسن، یاخود کوردی دەکەنە دووەم و لە پەراوێزدا بە شەرمێکەوە دەینووسن، ئەمە لەکاتێکدا بیرم دێ لە سەرەتای دووهەزارەکان بوو، کە هیچ عەرەب لێرە نەبوون، هەموو ئیعلامی کوردی گڕی گرت لەدژی ئەوەی دووکانێکی جلوبەرگی ئافرەتان لەسەر شەقامی شەست مەتریی هەولێر لەسەر تابلۆکەی نووسیبووی (الحجاب) و سەرەنجام کابرا ناچار کرا بیکاتە (ئەلحیجاب)!.

من دڵنیام کار وابڕوات و سنوورێک بۆ شەپۆلی گەشەی خێرای رێژەی هاوڵاتیانی عەرەبی نیشتەجێی شارەکانی کوردستان و دیاردەی عەرەبیسالاری دانەنرێ؛ دوای چەند ساڵێکیتر نووسین بە کوردی لەسەر تابلۆ دەبێتە عەیبە و رەنگە مایەی مەترسیش!
ئاو بێنە و دەست بشۆ!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP