دواین هەواڵ

ئەو سەرکردەیە کێ بوو کە رێی بە جووەکان دا بگەڕێنەوە فەلەستین؟

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

22/10/2023

ئەم لینکە دیداری مەلایەکی ئیسلامی شیعەی عەرەبە، قسە لەسەر سەڵاحەددینی ئەییوبی دەکات. ئەوەی باسی دەکات کەم تا زۆرێك راستی تێدایە، بەڵام ئایا بەو شێوەیە بووە، یان نا؟ بەکورتی ئاماژە بە چەواشەکارییەکەی ئەو مەلایە دەدەم و پێم باش بوو ئێوەش ئاگاداری ئەو چەواشەکارییە بن و وردەکارییەکان بۆ ئێوەی جێ دێڵم.
ئەو دەڵێت:

لە رۆژانی خەلیفەی دووەمەوە، جوو لە فەلەستین نەژیاون. بەڵام ئەوە سەڵاحەددینی ئەییوبی بوو کە ئەو سێ کارە خراپەی دژ بە فەلەستین ئەنجام داون:

1. یەکەم بەڵێنی بلفۆر، بەریتانییەکان نەبوون، بەڵکو سەلاحەددینی ئەییوبی بوو بەڵێنی بە جووەکان دا بگەڕێنەوە فەلەستین. سەڵاحەددین وەزیرێکی هەبوو بەناوی موسا ئیبن مەیمون،، هەر بە تەنها پزیشک نەبوو، بەڵکو راوێژکاری سەلاحەددین بوو و فەیلەسوفێکی جوو بوو و کتێبەکانی تا ئەمڕۆ هەر ماون، ئەو پیاوە توانی سەڵاحەددین رازی بکات جووەکان بگەڕێنەوە بۆ قودس. کەواتە گەرانەوە بۆ خاکی بەڵێنپێدراو، سەڵاحەددین بوو.

لەڕاستیدا، کە سەڵاحەددین قودسی خستە ژێر رکێفی خۆی، جووەکان مافی چوونە ناو قودسیان نەبوو و رێگریان لێ دەکرا، بەڵام سەڵاحەددین رێگای پێدان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
ئەو مەلایەش وشەی (گەڕانەوە) بەکار دێنێت، کەواتە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت دان بەوەدا دەنێت کە جووەکان لە قودس بوونە و دەرکراون و سەڵاحەددین رێگەی پێداون بگەڕێنەوە.

2. بەقسەی ئەو مەلایە، سەڵاحەددین کارێکی سەرسوڕهێنەری دیکەشی کردووە، چونکە داهێنەری یەکەم سایکس پیکۆیە. یەکەم کەس کە خاکی موسوڵمانانی دابەش کردبێت سەڵاحەددینی ئەییوبی بوو، کە خاکی موسوڵمانانی دابەش کرد لەنێوان براکان و منداڵەکانی. ئەوەش دەوڵەتی ئیسلامی لاواز کرد.

هەڵبەت، لەو سەردەمەدا شتێک نەبووە بە ناوی (دەوڵەت)، سسیتمەکە سوڵتانی بووە. سیستمی خەلافەت بەناو هەر هەبووە، بەڵام خەلیفە رۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە. هەرچەندە سەڵاحەددین جۆرێک لە وابەستەبوون و پابەندبوونی بە خەلیفەی عەبباسی هەر هەبووە.

جگە لەوەش ئەو مەلایە کەسێکی چەواشەکارە، چونکە برا و کوڕەکانی سەڵاحەددین بوون بە والی شار و ناوچە جیاوازەکان مانای وانیە خاکی موسوڵمانانی دابەش کردبێت. بەر لە سەڵاحەددین و لە سەردەمی ئەمەویەکان، بەر لە ئەمەویەکانیش، خەلیفە راشیدییەکانیش والییان هەبوو لەناوچە جیاوازەکانی وەکو شام و میسر و کوفە و تاد.

مەگەر معاویە والی شام نەبوو؟ کە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب بوو بە خەلیفەی چوارەم، داوای بەیعەتی لە معاویە کرد، بەڵام معاویە رەتی کردەوە موبایەعەی بکات، داوای لە عەلی کرد بکوژەکانی عوسمانی کوڕی عەففانی رادەست بکات، بەڵام ئەوە بۆ عەلی کوری ئەبو تاڵیبیش ئاسان نەبوو، لەئاکامدا شەڕێکی خوێناوی لەنێوان عەلی و معاویە هەڵگیرسا و تا ئەوڕۆش دونیای ئێمە پێیەوە دەناڵێنێت.

سێیەم: مەلایەکە پێی وایە سەڵاحەددین یەکەم کەس بوو کە شەرعییەتی بە خاچ هەڵگرەکان دا لەسەر خاکی موسوڵمانان بمێننەوە. رێککەوتنی لەگەڵ خاچ هەڵگرەکان کرد و شەرعیەتی بە مانەوەیان دا.

ئەوەیان راستە کە رێککەوتنی لەگەڵ کردن، بەڵام سەبارەت بە لەشکری خاچ هەڵگرەکان، هەموویان گەڕانەوە وڵاتی خۆیان و شەڕ بەو شێوە رێکخراوە ی پێشوو نەما.

ئینجا دەڵێت؛ بۆیە، هەڵەیە بڵێین سەڵاحەددین پاڵەوانێکی ئیسلامییە. بەڵکو ئەو پیاوە بووە هۆی لاوازی موسوڵمانان.

هەڵبەت، هەموومان هەڵوێستی عەرەبی شیعە دەزانین کە رقیان لە سەڵاحەددینە، بەهۆی ئەوەی کە بووەتە هۆی شکستی دەستەڵاتی فاتمییەکان. بەڵام ئەوەشیان بەو شێوەیە نیە کە باوە لەناو خەڵك.

ئەو جۆرە هەڵوێستانە، لەخەڵکانێکەوە دەردەچن کە لەبنەڕەتەوە دۆڕاون. ئەو وڕوژاندنە لەپای چی؟ بەپێچەوانەوە ئەو وڕوژاندنە مافی جووەکان لە فەلەستین و قودس دووپات دەکاتەوە. ئەوە دەسەلمێنێت کە جووەکان لەو ناوچەیە بوون. لە سەردەمی ئەمەویەکان، عەبباسییەکان و دواتریش عوسمانییەکان دەوڵەتێک نەبووە بەناوی فەلەستین. دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش کۆلۆنیالیزم هاتە ناوچەکە و تا جەنگی دووەمی جیهانیش و دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ دەوڵەتیك بە فەرمی بەناوی فەلەستین نەبووە.

دوای ئەوە، ئەو وڕوژاندنە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە رەوتی ئایدیۆلۆژی شیعەگەرا، حەماس و غەززە وەکو ئامرازێک، یا پاساوێک بەکار دێنن بۆ بەهێزکردنی جێ پپێی خۆیان لە ناوچەکە و حەماسیش بەخۆی بزانێت یان نا، ئامرازێکی گونجاوە بۆ ئەو فراوانخوازییەی ئایدیۆلۆژیای شیعەگەرایی. ئێران بۆ لەیلای خۆی دەگریێت نەک بۆ قوڕبەسەری ژن و منداڵی غەززە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP