دواین هەواڵ

مقەست: ناوە تازەکەی حەماس و ئیسڕائیل

‌ساڵح میراودەلی

15/10/2023

تێکەڵکردنی پرسی ڕەوای فەلەستین و حەماس دوو شتی زۆر لێک جیاوازن، بەڵام دەکرێ بێژین ئیسڕائیل و حەماس، لە نەزانیەوە بێت یان بە مەبەست ، ئاوێتەکردنی پرسێکی ڕەوا بە ڕێکخراوێکی دڕندەی وەکو حەماس سنوری گەمژەییش دەبەزێنێت. حەماس ئەگەر جارێک زەبری لە ئیسرائیلیەکان دابێت لەبەرامبەریشدا بەو ھۆیەوە سەت جار زەبری لە فەلەستینیەکانیش داوە، بە ھەمان شێوە ئەگەر ئیسڕائیل جارێک زەبری کاردانەوەی لە حەماس دابێت لە بەرامبەردا سەت ئەوەندە زەبری لە فەلەستینیەکان داوە.

حەماس و ئیسڕائیل لە مقەستێکی تیژ دەچن، ھەرجارێک بەریەک دەکەون، تەنھا ئەو شتە دەبێتە قوربانی کە دەکەوێتە نێوانیان، ئەوانیش بریتین لە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی کە ھیچ شتێک لەبارەی سیاسەتەوە نازانن، تەنھا گەرەکیانە وەکو مرۆڤ ژیانێکی ئاسایی بژین. گەمژەییە لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای دینی و قەومیدا ھەڵسنگاندن و تیڕوانین بۆ دوو ھێزی دڕندەی وەکو ئیسڕائیل و حەماس بکەین. حەماس چەندین ساڵە خەڵکی غەزە وەکو بارمتە و قەڵغان بەکاردەھێنێت بۆ مەرامی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لەژێر ناوی پرسی ڕەوای فەلەستینیەکاندا، چەندین جار بە ھێزە فەلەستینیەکانیشدا ھەڵپژاوە لە غەززە، ڕێگە نادات ھیچ ھێز و بزوتنەوەیەکی دیکەی فەلەستینی لە غەززەدا ھەبێت ،

ھەر جارێکیش موشەکبارانی ئیسڕائیلی کردووە، پەیامی وڵاتێکی دیکە بووە گەیاندوویەتی، کەم و زۆر پەیوەست نەبووە بە خواست و داواکاریەکانی خەڵکی فەلەستینەوە. ئیسڕائیلیش بە بیانووی تۆڵە کردنەوە، دەست لە خەڵکی مەدەنی و ستەمدیدەی غەززە ناپارێزێت، فەلەستینیەکانی غەززە دوو جار قوربانین، جارێک قوربانی ژێردەستەیی چەتەکانی حەماس، جارێکیش قوربانی ھێرشە دڕندەکانی ئیسڕائیل. ئێسڕائیل بێ مۆڕاڵترین دەوڵەتی جیھانە، ئامادەیە مامەڵە بە ھەموو گەل و نەتەوەکانی دنیاوە بکات لە پێناو یەک جولەکەدا بێ لەبەرچاوگرتنی پرانسیپە ئینسانی و سەردەمییەکان. ئەگەر کێشەکە حەماسە، فەرموون سەرکردەکانی حەماس خۆیان و ماڵ و منداڵیان، شاھانە لەو وڵاتانە دەژین کە ھاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسڕائیلن، بڕۆن پەنجەیەک لە ئەوان بدەن بۆچی دەکەونە وێزەی ئەو ڕەش و ڕووت و داماوانەی کە ژیانێکی مەمرە و مەژی دەژین.

ساڵی ١٩٤٧ ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چارەسەرێکی مامناوەندی بڕیاری دروستکردنی دوو دەوڵەتی لەسەر خاکی فەلەستیندا، خاکەکەشی لە سەدا چل و سێی بەر فەلەستین و لەسەدا پەنجاوحەوتی بەر ئیسڕائیل کەوتبوو، وەکو دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام ھێزە عەرەبەکان بەوە ڕازی نەبوون و لەو ڕۆژەوە زیاتر لە حەوت ملیۆن فەلەستینی ئاوارە بووە جگە لە قوربانیەکانی دیکە، ئێستا فەلەستینیەکان لەسەدا ھەژدەی ئەو خاکەیان لەبەردەستدایە و داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، لەوانەیە بەھۆی ئەو شەڕەی ئێستاشەوە زیاتریش لەدەست بدەن، ھەمووشی کراوەتە سوتەمەنی ململانێ ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی وەکو حەماسەوە.

دوا دێڕیشم باسێکی کچەکەی ئیسماعیل ھەنیەیە بۆ ئەوەی باشتر لە وێنای جەنگەکە تێبگەن: ٢٧ی مەی ٢٠٢١ ئیسڕائیل ناشناڵ نیوس، ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرزی ئەمریکی دەکات و دەڵێت: حەماس چوار ھەزار ساروخی ئاراستەی ئیسڕائیل کرد بە تەل ئەبیبیشەوە، ڕێک لەو کاتەدا کچەکەی سەرکردەی حەماس ئیسماعیل ھەنییە لە نەخۆشخانەیەکی تەل ئەبیب چارەسەری پزیشکی وەردەگرت، ڕاپۆرتەکە بە وردی زانیاریەکانی تێدایە. تێبینی: وێنەی نەخشەی دەوڵەتی ئیسڕائیل و فەلەستین بەپێی نەخشەی ساڵی ١٩٤٧، لەگەڵ سەردێڕی چارەسەری کچەکەی ھەنییە لە ئیسڕائیل.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP