دواین هەواڵ

مەترسیەكان زۆرن وەرنەوە هۆش خۆتان. چاك یان خراپ، گشتپرسیەكە ئەنجامدرا و تێپەڕی

‌ساڵح میراودەلی

28/09/2021

 

بۆچی ئەوەندە لە ڕابردوودا دەخولێنەوە كێ چی گوت و كێ چی كرد! ڕابردوو تەنها سودێك كە هەیەتی بە ئەزموونكردنی كایەكانە بە جۆرێك كە پەند لە هەڵە و كەم و كوڕیەكان وەربگرین و لە ئێستادا ئایندەمانی پێ ڕۆشنبكەینەوە.

ڕیفراندۆم ئەگەر هیچ سودێكی نەبوو بێت، سودی ئەوەی هەبوو كە دۆست و دوژمنی هەڵوێژارتن.

ئێستا ڕوونە كورد لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێ پشتیوانە. كەواتە با چیدیكە لە دەرگای هیچ وڵات و ڕێكخراو و سیاسیەكی بێگانە نەدەین و چاوەڕێی هاوكاری و پشتوانیش مەكەن و كات بەفیڕۆ مەدەن، بڕۆن.

و لە دەرگای ماڵەكانی خۆتان بدەن ئەوان هێز و پشتیوانی خۆرسكی خۆتانن، فەرامۆشیان مەكەن، واز لە كەللە ڕەقی و ئەقڵی تەسكی حیزبایەتی بهێنن، دەست بخەنەوە ناو دەست و بڕیاری كۆنگرەیەكی بەپەلەی نەتەوەیی بدەن.

هەر كاتێك دنیا و دوژمن بەوەیانزانی كە ئێوە یەك هێزن و ڕێز لە ئیرادەی یەكتری دەگرن، دڵنیابن دوژمنەكانیشتان لە بری هەڕەشە و خۆگیڤكردنەوە ناچارن ڕێزتان بگرن، نەك هێرش و هەڕەشەتان لێبكەن.

گەورەییە بۆ هەر كەس و لایەنێكی سیاسی تەنازول بۆ خوشك و براكانی خۆی بكات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەوینەوەی ئەو ترسەی هەموومانی داگرتووە، تكایە وازبێنن لە تاوانباركردنی یەكتری و شكاندنی بەرامبەرتان. هەتا زیاتر ناكۆك بن،هێزی زیاتر دەدەنە دوژمنەكانی كورد و كوردستان،هەر كەس و لایەنێكیش بەو زمانە دوا، بەشێكە لەنینۆكی ئەو چڕنوكانەی دوژمن هەستمانی پێ زامدار دەكات.

 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP