دواین هەواڵ

فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی- لە کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانیدا

‌هیوا ئەحمەد مستەفا

13/05/2023

‏‎‏‎هەر کاتێك دەبیستین کە سەرۆک بارزانی وتارێک یان پەیامێکی هەیە هەموومان بەدیقەتەوە گوێی بۆ شل دەکەین، یان ئەگەر بە نوسین بوو بەدوایدا دەگەڕێین بزانین چی نوسیوە و سەرنجمان بۆ سەر چی و کوێ و چ مەبەستێک ڕادەکێشێ.

‏‎‏‎ئەوەی مەبەستمە بیڵێم چوار تەوەرە:

‏‎‏‎تەوەری یەکەم:-

‏‎‏‎کردنەوی یادگەکە خۆی نوسینەوەیەکی مێژوویە، ئەوانەی تاقەتی خوێندنەوەی مێژوو، کتێب و یاداشتنامەکانیان نییە، دەتوانن گەشتێکی خۆش بکەن، هەم دیمەنە دڵڕفێنەکانی دەڤەرەکە دەبینن کە خۆی لە خۆیدا شاکارێک دەبێ بۆ پڕ بوونی چاوەکانمان بە جوانی دەرو دۆڵ و شاخ و چیاو ڕوبار و بەفر و باران و شنەی نەسیمی وەرزە جیاجیاکان، هەم یادگەکە و کەلوپەلە تایبەتیەکانی جەنەڕاڵ بارزانی دەبینن.

‏‎‏‎کۆریەکان ماوەیەکە لەوە تێگەیشتوون کە خەڵک ئێستا کەمتر دەخوێنێتەوە، بۆیە ڕێگایەکی تریان بۆ نوسینەوە و پێشاندانی مێژووی خۆیان دۆزیەوەتەوە، ئێستا کۆریەکان مێژووی خۆیان لە ڕێگەی زنجیرە دراماکانەوە دەنوسنەوە، وادەکەن وەرگێڕانیان بۆ بکرێ بۆ سەر زمانی دەیان نەتەوەی جیاجیای دونیا. ئیمەش وەک کورد زۆرلەو درامایانەمان کردوون بە کوردی.

‏‎لە دونیادا پێشانگاکان یان مۆزەخانەکان و یادگەکان بۆ ناساندنیانن بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، بۆ ناساندنی مێژوویە بە بیانیەکان، کەل و پەلی کەسایەتی و سەرۆکەکانی کە مێژوویان دروستکردووە، نیشان دەدرێ و ئەوەش ڕاستەوخۆ بینەر دەباتە ناو سەردەمێک ئەگەر خۆی تێیدا بە شداریش نەبوبێ واهەست دەکات لە گەڵ ئەو سەردەمەدا ژیاوە.

‏‎کەشی چوونە ناو یادگەکە خۆی باری دەروونی بینەرەکان ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی سەرنجی بچێتە سەر ئەو چیرۆکە ڕاستەقینانەی کە لەڕابردووی دیمەنەکاندا تۆمار کراون، هەر وەک ئەو دراما و چیرۆکانەی بە(دەنگ) لە ڕادیۆ دەیان بیستین نەک لە تەلەفزیۆنەکان، بۆ ئەوەی بیستەر خۆی کەسایەتیەکان لە هزری خۆیدا وێنا بکات، ئەوەش هەمان کەش دەخوڵقێنێ.

‏‎‏‎تەوەری دووەم:

‏‎‏‎ئەوەی لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی یادگەکە بینیمان کە نوێنەرایەتی زیاتر لە (٤٠) دەوڵەت ئامادەبوون زۆر گرنگە! بۆچی؟

‏‎‏‎۱ـ چونکە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و دونیا ئاڵۆزە، کۆکردنەوەی ئەو هەموو جەمسەرە دژ بەیەک و دۆست بەیەکە، بۆ ناو شاخ و دۆڵ و شوێنێکی دوورە دەستی وەک (بارزان) ماناو دەلالەتی زۆر گەورە و ڕەهەندی جیاواز هەڵدەگرێ، بەتایبەتی ڕەوایەتی دانە بە دۆزی کورد و قورسایی هەرێمی کوردستان و ڕابەرایەتی بێ وێنەی (سەرۆک مەسعود بارزانی)لە کاریزما بوونیدا پێشان دەدات.

‏‎‏‎۲ـ هاتنی ئەو هەموو ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، شاعیر، نووسەر، سیاسەتمەدار، سەرمایەدار و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەکانی جیهانی، نیشانەی وەڵام دانەوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بوو بۆ بانگهێشت کردنەکەیان، کەواتا قورسایی بارزانی زیاتر لە جارانە! پێچەوانەی قسەی ئەوانەی خەونی پووچ دەبینن و ژەهر دەڕێژن.

‏‎‏‎۳ـ هاتنی سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆک کۆمار و ئەو هەموو سەرۆک حزب و فراکسیۆنە عیراقیانەی پەڕلەمانی عیراق، کە بەشێکیان نوێنەرایەتی شۆڤینیزمی عەرەبی و ڕەگەز پەرەستی ئاینی تایفیش بوون، بەشداربوون، جا یان وتەی بەهێزیان لەوێ پێشکەشکرد، یان لەدەفتەری بیرەوەریدا وتەی جوانیان نوسی، کە هەمووی مەدح و سەنا بوو بۆ (جەنەڕاڵ بارزانی).
‏‎‏‎کەواتا دانپێدانانێکی زۆر ڕوون بوو بەوەی بارزانی و شۆڕشی کوردستان لەسەر هەق بوون.

‏‎‏‎تەوەری سێیەم:

‏‎‏‎۱ـ لەسەر ئاستی هەرێم و ناوخۆ، سەرۆک بارزانی چەند مەبەستێکی مەزنی ئەنجامدا:

‏‎أ: دەستپێشخەریەکی ڕاگەیاند و تێیدا داوەتی هەموو حزبە سیاسیەکانی کوردستانی کردبوو کەبێن و بەشداربن لەو مەراسیمە گرنگە، بەڵام حزبەکان هەندێکیان خۆیان نەهاتبوون.

‏‎‏‎ب: هەر لەو شوێنە پەیامێکی ئاراستەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کرد کە پێش ١٨/٥/٢٠٢٣ هەموویان کۆببنەوە و کێشەکان وەلابنێن، ئەوەش بۆ ئەوەی فریای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بکەون و ڕێزەکانی گەلی کوردستان بۆ جارێکی تر وەک سەردەمانی زوو ڕێکبخرێنەوە.

‏‎‏‎ج: داوایەکی تایبەتی لە یەکێتی و پارتی کرد کە کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن و کێشەکان وەلاوە بنێن.

‏‎‏‎تەوری چوارەم :

‏‎‏‎ڕۆژی دووەمی مەراسیمەکە:

‏‎‏‎ ۱ـ لە ڕووفیکرییەوە بە نسبەت من پێم گرنگترین وتەی سەرۆک بارزانی بووە لەسەر فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی.

‏‎‏‎وردکردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە ڕێبازی بارزانییەوە هەبوو زۆر پێویست و گرنگ بوون بەتایبەت ئەوەیی پەیوەندی بە فاکتەری سەرهەڵدانی ئەو ڕێبازەوە هەبووە لە هۆکارە ناوخۆ و دەرکیەکانی (بارزان) وەک گوند ، وەک عەشیرەت، وەک ڕێباز و فەلسەفەی ستراتیجی، سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڕێبازە، کە تێکەڵاویەکی زۆر دانەبڕاو لە نێوان بیروباوەڕی خوا پەرەستی چ وەک دین، چ وەک تەسەوف و عیرفانیەت، چ وەک تەریقەتی خۆیان لەلایەک و لەولاشەوە لەگەڵ نیشتیمان پەروەری و کوردایەتی ڕاستەقینە هەبووە.

‏‎‏‎سەرەڕای ئەوانەش مرۆڤ دۆستی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی ئافرەت و نەهێشتی زوڵم لەسەر جوتیاران و فڕێدانی هزری فیودالیزمی، ئەوانە کراون بە بنەمان و پرانسیپ.

کە نیشانەی ئەوەیە پێش ئەوەی خەباتی چینایەتی لەدەڤەرەکە سەر هەڵبدات، شیخ عبدالسلامی بارزانی ڕێگای زانستی و چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ دۆزیوەتەوە.

‏‎‏‎پاشان پاراستنی سروشت و ئاژەڵ و هەموو شتەکانی تر و ڕێکخستنیان بەو شێوەی کە ئێستا بە(مۆدێرن) ناوزەند دەکرێن ئەوان سەد ساڵ بەر لە ئێستا لە بارزان ئەو کارانەیان ڕێکخستووە، بەڵام ناوی مۆدێرنەو و زاراوەی سیاسیان بۆ نەدۆزیوەتەوە ،و سەر ئەنجام شەهیدیان لە گوندەکەی خۆیان هۆزەکەی خۆیان و هۆزەکانی دەوروبەری کە وەک فیدراسیۆنێک خۆیان ڕێکخستووە و بە (بارزانی) ناساندووە پێشکەش بە وڵات نیشتیمان و ڕێبازی بارزانی کردووە، کە ئێستا ئەوە ئەنجامەکەیەتی، تەنها لەیەک ڕۆژ و کاتدا کە ڕۆژی یەکەمی مناسەبەکە بوو (٤٠) دەوڵەت نوێنەرایەتیان لە (بارزان) ئامادەبوو، ئەوە حیکمەت و فەلسەفە و ڕێگا ڕاستەکەی خۆی نیشاندەدات.

‏‎‏‎۲ـ هەر لە ڕۆژی دووەمەوە تەقریبەن کەسایەتیەکانی هەموو عەشیرەت و ناوچە جیاجیاکان بەشداربوون، وێڕای ئامادەبوونی هەموو خاوەن پلە جیاجیاکانی حزب و حکومەت و ئیدارە و زانکۆ و پەیمانگاکان و دەزگا ئاسایشی و سەربازی و هەواڵگریەکانی ناوخۆ.

‏‎‏‎ئەوەش لەسەر خواست و ڕەغبەت و بناغەی بانگهێشتکردن، نەک فەرمان و التزامی حزبی.

‏‎‏‎لە کۆتاییدا پێم وایە کە وتەی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی دووەمی یادگەکە لەسەر (ڕێبازی بارزانی) یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانە بووە کە بەدرێژایی ڕابردوو لەسەر ئەو تەوەرە نوسراون و باسکراون و وتراون.

‏‎‏‎لێرە بەدوا، ئەرکی نوسەران، وێژەران، ڕۆشنبیرانی کوردستان، ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆکانە کە بتوانن ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن کاری زۆر جدی لەسەر بکەن، چونکە ئەو ڕێبازە شایانی ئەوەیە پڕ ببێ لە هەڵگرانی خاوەن بیر و باوەڕی نەگۆڕ کە بەتەواوی و بە فراوانتری بگوازرێتەوە بۆ ناوچە و دەڤەرە جیاجیاکانی تر لە هەرێمی کوردستان و چوارپارچەی کوردستان.

لەکۆتاییدا دەرکەوت جەنەڕاڵ بارزانی کارێکی کردووە، بەمردووییش وەک زیندوویەک لێی بڕوانرێ و ئەوانەی دوژمنی خۆی و نەتەوەکەی بوون، بێن و دان بەوەدابنێن ئەو لەسەر هەق بووە.
ئەوەیە ژیانی نەبڕاوەی مەعنەوی..


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP