بڵاوبونەوەی ڕووداوی پەلاماردان وسوكایەتیكردن بە ئافرەتێكی گەنج لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، پێمان دەڵێ كە هەوڵ و هەنگاوی فرەلایەن و جدیترمان پێویستە بۆ پرۆسەی تێگەیاندن و بەئاگاهێنانەوەی كۆمەڵگە لەبارەی ڕێزگرتن لە بەشداری و ڕۆڵی رەگەزی ئافرەت لە چالاكی و بۆنە كۆمەڵایەتییەكاندا.
جگە لەوەی ئیدانەی ئەم جۆرە لەو توندوتیژییە كۆمەڵایەتییە دەكەین، داوا لە هێزە ئەمنییەكان و دامەزراوە یاساییەكان دەكەین سزای بكەرەكانی ئەم پێشێلكارییە بدەن، هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك لە پرۆسەی لێپێچینەوەی یاسایی لە رووداوەكە، پێمانوایە تاوانی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێ.
شاری سلێمانی لە مێژووی خۆیدا نموونەی کلتوری جوان بووە، ئافرەتی وەک حەپسەخانی نەقیب و ناهیدە شیخ سەلام لە ئاستی سەرکردایەتی ئیداری و سیاسیدا پەروەردە کردووە، دەیان و سەدانی تریشی لە بوارەکانی هونەری و ئەدەبی و وەرزشی و فەرهەنگی و ئیداریدا هێناوەتە کۆڕی خەباتی پێکەوەیی.
ئەم کردەوەیە دوورە لە کلتوور و خەسڵەتی ڕاستەقینەی خەڵکی سلێمانی، ئەوە زادەی ئەو سیاسەتە لۆکاڵیە ئاڵۆزەیە کە باڵادەستە و خەڵکی پەلاماردەر بەرهەم دێنێ هەر وەک ئەوەی بینیمان، پێویستە پێداچونەوە بە جومگە و ستونەکانی سیاسەت لەسلێمانیدا بکرێ.
لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە و دەپرسین ئەگەر ئەو ڕەفتارە لە شارێکی وەک هەولێر و دهۆک بکرابوایە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی سلێمانی هەر وەک ئێستا بێدەنگ دەبوون یان لە سلێمانیەوە شانەکەیان لەسەری پارتی و دەستەڵاتی ئیداری ئەو دەڤەرەدا دەشکاند؟
کاری قێزەون و ناشارستانی لەهەر جێگایەکی وڵات ئەنجام بدرێ کە گەیشتە سوکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ، پێویستە بەتوندی سەرکۆنە بکرێ و ڕێ و
شوێنی یاسایی لەسەر وەربگیرێ.