دواین هەواڵ

مامۆستاکەو خوێندکارەکە بیانین و خوێندنگەکەش تایبەتە بەڵام.....

‌هێمن ئەحمەد

20/04/2023

یەکەم: دەبێت ڕاگەیاندنەکان و کەناڵەکان و سەردێڕی سایتە هەواڵیەکان بە شێوەیەکی تەواو و بەرپرسانە پەخشی ئەم جۆرە ڕوداو و تاوانانە بکەن. 

دوەم: لە هەمو جیهاندا هاوشێوەی ئەم تاوانانە ڕودەدەن. هەرچەند ئەوەی ڕویداوە بەهیچ جۆرێک پاساوی نیە و تاوانێکی ئاشکرا و ڕونی دەستدرێژی سێکسیە و هەتا بڵێی قێزەون و دڕندانەیە.

سێیەم: ئەمە یەکەم جار نیە لە خوێندنگە تایبەتەکاندا کێشە و تاوانی جۆربەجۆر ڕودەدەن. بەڵام هەندێک جار بەخت یاوەریان بوە و زو بابەتەکە پەردەپۆش کراوە لەناو چوارچێوەی خوێندنگەکەدا.

چوارەم: خەم ساردی بەرپرسانی پەروەردە و خۆشەویست کردن و پیرۆزکردنی ئەم جۆرە لەخوێندن لای خەڵک زۆر کاریگەری هەبوە لەسەر کۆمەڵگە. هەندێک جار دەبینین منداڵەکە زمانی کوردی باش نازانێت بەڵام دوو زمانی بیانی باش قسە دەکات.

پێنجەم: کەسانێک خوێندنی منداڵەکانیان لەم شوێنانە بە شانازی و پلەی بەرزی کۆمەڵایەتی دەزانن. لایان وایە گەر منداڵەکەیان ناردە خوێندنگەی تایبەت ئەوا؛ مندڵاکەیان زۆر بە دیسپلین، ئاست بەرز، پێگەیشتو و ڕەفتار دروست دەردەچێت، چونکە خاوەنی سیستمی خوێندن و مامۆستای بیانین. بەڵام ئەم بۆچونەش ڕاست نیە.

شەشەم: بەرپرسیارێتی ئەم بابەتە دەکرێت بخرێتە ئەستۆی دوو لایەن ئەوانیش؛ وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەکە و  پاشان دایک وباوکی خوێندکار. چونکە ڕێگەدان و هاوکاری و کارئاسانی خوێندنی تایبەت لەلایەن وەزارەتەوە بوە و پاشانیش کەم و کورتی لە چاودێری خوێندکار و درەنگ بە دەنگەوەهاتن و وروژاندنی ڕوداوەکە لەلایەن دایک و باوکی خوێندکارەکەوە بوە.

حەوتەم: دەکرێت یاسا سزایەکی توندی ئیدارە و مامۆستای تاوانبار بدات و بەتوندیش لە دایک و باوکی خوێندکار بپرسێتەوە چونکە لایەنی بەرپرس و پشتگوێخەری خوێندکارەکە بون.

هەشتەم: ئەم ڕوداوانە و هاوشێوەی دەکرێت پەندو وانەیەک بن بۆ دایک و باوکی خوێندکار و کۆمەڵگە بەگشتی و هەرگیز وەها بیر نەکەنەوە خوێندنگەی تایبەت ئەو بەهەشتە ئارامەیە کە مندڵەکەی ئەوان لەسایەیدا هەست بەخۆشیەکانی و سەرکەوتنەکانی دەکات. 

دەبێت ئیتر کەسانێکیش لەوە نیگەران نەبن کە توانای ئەوەیان نیە منداڵەکانیان بنێرنە ئەو جۆرە خوێندنگانە چونکە تا ئێستاش، مامۆستایانی خوێدنگە گشتیەکان کەسانی بەتوانا و دڵسۆز و ئاست بەرزیان تێدایە، سەرەڕای ناهەمواری بارو دۆخی ژیانیان و پێنەدانی مافەکانیان.
 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP