دواین هەواڵ

وەک بەشێک لەجوڵانەوەی جەلالی ڕۆشنبیرانی سلێمانی تەنیا ئەوکاتە دژی ستەمن کە لەهەولێر و جێ نفوزی مەلایی بێ

‌ڕابوون مەعروف

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵانێك پێش و دوای راپەڕیین، سلێمانی، جگە لەوەی ناوەندیی رۆشنبیریی و داهێنانی ئەدەبی و کولتوریی بو، هەروەها مەکۆ و میحوەریی سەرەکیی بەرگریی نەتەوەیی و داینەمۆی خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی پێکدەهێنا. بەڵام بە داخەوە، لە پرۆسە و دینامیکی ململانێی مەلایی-جەلالیی، هێز و وزەی بەرگریی و رۆشنبیریی سلێمانیی دزرا و بە قازانجی جەلالیی، نەك خەباتی نەتەوەیی و مەدەنیی و بەها مۆدێرنەکان، کۆنترۆڵ کرا. بەوهۆیەوە کە جوڵانەوەی جەلالیی، شوناس و پێناسە و بنەما فیکریی و سیاسییەکانی خۆی، هەم لەسەر دژایەتی مەلایی و هەم لەسەر تیژ کردنەوەی شارچێتی و ناوچەگەرێتی بنیاتناوە، ئیتر ئەو سروشت و خەسڵەتانە دزەیان کردوەتە ناو ناوەندە رۆشنبیریی و کولتورییەکانی سلێمانیی و سیما و شوناسیی ئەو ناوەندانەیان رەنگ کردوە.

وەك بەشێك لە جوڵانەوەی جەلالیی، ئیتر رۆشنبیرانی سلێمانیی، تەنها و تەنها کاتێك دژیی ستەمکاریی سیاسیی و بێدادیی و گەندەڵیی و نەبونی حوکم و دەسەڵاتی دامەزراوە و قانون و دەزگای دادوەرین، ئەگەر ئەو بەهایانە، لە هەولێر و زۆن و هەرێمی نفوز و هەژمونی مەلایی، پێشێل بکرێن. بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بەهایانە، لە سلێمانی بکەونە بەر پەلاماریی درۆن و دەبابەی جەلالیی، زۆرینەی رۆشنبیران و چالاکانیی سلێمانیی، مێش میوانیان نیە. ئەوەش مانای ئەوەیە، کە ئەو چالاك و رۆشنبیرانە، لەگەڵ بانگەشە و داواکاریی بۆ دیموکراسیی و سەروەریی قانون و دەسەڵاتیی دامەزراوەیی مۆدێرن، راستگۆ نین.

دوا بێدەنگی و بێباکیی رۆشنبیر و چالاکانیی سلێمانی و زۆنی سەوز، بەرامبەر بە سەروەریی قانون و سەربەخۆیی و شکۆمەندیی دەسەڵاتیی دادوەریی، بەرامبەر شانۆگەریی دادگایی گروپی لالەزار، کەوتە بەر هەتاو. بێدەنگیی ناوەندە رۆشنبیریی و کولتورییەکان و چالاکانیی سیاسیی سلێمانیی و دەڤەریی سەوز، بەرامبەر بە هێرشیی درۆن و دەبابە بۆ سەر لالەزار و دواتر زیندانیکردن و تەعزیب و گالتەجاڕیی و ئیهانە کردن بە قانون و دادگایی ئەو گروپە، بە قورسیی جدیەت و راستگۆیی، ئەو بزاوت و ناوەندانەی خستە ژێر پرسیارەوە. پێدەچێت، هۆکاریی سەرەکیی، پوکانەوەی جوڵانەوە و ئاراستە جیا جیاکانیی، خەون و خولیای گۆڕانکاریی دیموکراسیی و دامەزراندنیی حوکمڕانیی دامەزراوەیی مۆدێرن، لە باشوری کوردستان، نەبونی راستگۆیی و هیچ دیدەگایەکی تۆکمە و و ئاسۆیەکی رۆشنی بزاوتە جیا جیا، رۆشنبیریی و سیاسیەکان، بێت.

***
سەرنج:
*هەڵبەت، چەند دەنگێکی کەم لە سلێمانی و زۆنی سەوز هەن، کە بەشێك نین لە ململانێی جەلالی-مەلایی و ئاڕاستەی سەرەکیی رۆشنبیریی ئەو دەڤەرە و هەڵوێستەکانیان بەرهەمی دید و جیهانبینی سەربەخۆی خۆیانە. ئەوان، زوڵم و ستەم و بێدادیی هەم لە هەولێر دەبینن، هەم لە سلێمانیی و زۆنی سەوز.

*هەڵوێست بەرامبەر بێدادیی و زوڵم، یان بانگەواز بۆ سەروەریی قانون و دامەزراوە، هیچ پەیوەندی بە کەسانی زوڵم لێکراو نیە. دەبێت دادگاکان، بۆ هەموان و بەرامبەر هەموان، سەربەخۆ بن و قانون، بەسەر هەموانەوە وەكیەك، سەروەر بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP