دواین هەواڵ

ئەنفال.. جینۆسایدی نەتەوەیەکی بێ یاداوەری

‌ئەبوبەكر كاروانی

14/04/2023

ئەنفال عەڵقەی کۆتایی ستراتیژێکی داڕێژراوی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بۆ دەستکاریکردنی پەیوەندی سروشتیی مرۆڤی کورد بە شوێن و خاك و کەلتور و مێژوو و داھاتووی خۆیەوە، ھەروەھا ھەڵتەکاندنی ژێرخانی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوە نەتەوەییەکەی و نائومێدکردنیان لە ئاییندەی خۆیان و ئەگەری دووبارە سەربەرز کردنەوەیان.

واتە ئامانج لێی زەبرێکی ستراتیژی و سەرکوتی ھەمەلایەنە بوو لە پێناو خۆ بە دەستەوەدان و بەچۆکداھێنانێکی ھەمەلایەنە.

مەبەستیش زەبرلێدانێکی مێژوویی کۆی کۆمەڵگەی کوردی باشور بوو لەڕێی کۆمەڵکوژییەکی تێکەڵ بە سووکایەتی پێکردنی قوڵی بەشێکییەوە.

کەچی بەداخەوە سەرەڕای گەورەیی ئەم کارەساتەو بە ئامانجگرتنی کۆی کوردی باشوور و ناسیۆنالیزمەکەی، بەھۆی کەرت و پەرتی یاداوەری دەستەجەمعی کورد و کاڵ و کرچی ناسیۆنالیزمەکەی و ڕەگە قوڵەکانی یەکتر بەنەفرەتکردن و شەڕی ناوخۆ، ھەرگیز وەك خۆی و بەو شێوەی پێویستە نەمانتووانی لەم ئاستەدا بیکەین بە بەشێكی بنەڕەتی و ئاراستەپێدەر لە ھووشیاری و یاداوەریماند!

ھەربۆیە، بە سەرنجدان لە واقیعە نەخوازراوەکەمان و جۆری مامەڵەمان لەگەڵ ئەنفال، وەك کەرەسەیەکی بەرین و گەورەی خۆبیناکردنەوەو سەرچاوەیەکی قوڵ و ڕەسەنی ڕەوایەتیپێدان و پاساودەری مافی چارەنووس، تا ڕاددەیەکی زۆر لەبیرکردنەوەماندا وەك تاوان دژ بە بەشێکی بێبەشی گەلی باشور مایەوەو نەگۆڕا بە شاڵاوی ھەمەلایەنەی جینۆسایدکردنی گەلێك! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، خۆمان لە ئاستی: یاداوەری، ھەستپێکردن، ئامادەکردنەوە، تەوزیف کردن و ڕاچڵەکین، دانمان بەوەدا نەناوە ئەنفال ناوە بۆ شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی باشور وەك گەل!!

بەداخەوە، ئەنفال بە ھەموو ئەو گەورەیی و مەرگەسات و ڕەنج و وەحشیگەرییەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵیگرتووە، تاکو ئێستاش توانای ڕاچڵەکاندنی ئێمەی نەبووەو مامەڵەمان لەگەڵیدا لە مامەڵەیەکی نمایشی تێناپەڕێت! کارەساتێکی ھاوبەشی لەم ئاستەشدا نەیتوانی یاداوەری بە ناکۆکی ناوخۆ پەرتکراومان کۆکاتەوەو ھووشیاریمان بە خۆمان و مێژوو بەرامبەرەکان و ئێستاو ئاییندەمان بەجۆرێك بیناو نوێ بکاتەوە، توانای وێناکردنمان بۆ گەلی باشور و کورد وەك نەتەوە، بگەیەنێتە ئاستی خەیاڵدانێکی نەتەوەیی ھاوبەش و زیندوو و ئاسەوار دیار!

ئەمەش خۆی لەخۆیدا ڕەھەندێکی تر دەخاتە سەر مەرگەساتەکە، بمانەوێ و نەشمانەوێت بە جۆرێ لە جۆرەکان بە بێڕێزیش بەرامبەر ئەفالکراوەکان و خوێن و ڕەنج و ئازار و فرمێسکی ئەوان و قەوارەی کارەساتەکەو کەس و کاریشییان لەقەڵەم دەدرێت.

بەداخەوە یاداوەری ئێمە تاکو ئێستاش لەوە بچووکتر و بریندارتر و گرژتربووە، کارەساتێکی گەورەی وەکو جینۆسایدی ئەنفالی تێدا جێگە ببێتەوە، چونکە بۆ ئەوەی توانایەکی لەو جۆرەمان ھەبێت، دەبێت توانای لەبیربردنەوەی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆمان لە مێژوودا ھەبێت، وەك پێشمەرجێکی بەنەتەوەبوون و بەدیھاتنی ھەستکردن بە ناسنامەو ئامانجی ھاوبەش، کە دیارە ھێشتا زۆرمان ماوە پێی بگەین، چونکە ئەو ھووشیارییە مێژووییەی بەپلەی یەکەم تاکو ئێستاش لەناوخۆدا ڕەفتاری سیاسیمان ئاراستە دەکات و خەیاڵدانمان پێکدەھێنێت، مێژووی شەڕەکانمانە دژ بەیەکتر، نەك جەنگی وجوودی ئەوانەی ئەنفالییان کردین دژ بە ھەموومان و کۆی بوونە نەتەوەییەکەمان.

ڕەھەندێکی بەسوێی ئەم قەیرانە فیکری و دەروونییەشمان لەوێدایە، کاتێك ناتوانیین وێنای گەل لەخۆمان نیشان بدەین و لە چوارچێوەشدا ئەنفالکراوە شەھیدەکانمان وەك قوربانیانی نەتەوەو پڕۆژەیەکی نەتەوەیی شکۆدار ئامادە بکەینەوە، بەجۆرێك لەجۆرەکان دەستکاری ناسنامەی ئەوانیش دەکەین و وەك قوربانیی بێ قەزییە نیشانیان دەدەین، ئامانجێ کە بەعس ویستی لەڕێی بەشداریپێکردنی جاش و چەکداری کورد لە شاڵاوەکاندا بیھێنێتە دی و ئێمەش بۆی تەواو دەکەین.

دنیایەك ڕێز و گەورەیی بۆ یادی شەھیدە ئەنفالەکانمان.. ئەوانەی تەنھاو تەنھا لەسۆنگەی کوردبوون و ژیان لە سەرزەمینێکدا کە بەعس ژیانی تیا قەدەغەکردبوو کردبووی بە مەرگەستان و مەڵبەندی تاعونی ڕەش، قڕکران. ئەوانەی لە ڕیزی بێناز و جەزرەبە چێشتووترین مرۆڤەکانی ئەم دنیایەبوون، دوعا خوازین سەربەرزترینی ئەو دنیا بن و لەوێش بەچاوی خۆیان سەرشۆڕی جەللاد و بکوژەکانیان ببینن، پێش چوونە بەھەشت، لە بەھەشتی ھەستکردن بە دادپەروەری ڕەھا، چێژ وەربگرن و پاداشتی ڕەنج و ستەملێچوویی خۆیان بەتەواوی وەربگرن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP