رێکەوتنی حووسییەکان و ئەمریکا دوو پەیامی تێدایە
یەکەم؛ ئەمریکا و ئێران لە رێکەوتن نزیک بوونەتەوە و کۆماری ئیسلامی بۆ سەلماندنی نییەت پاکی و دەست پێشخەری، فەرمانی بە حووسییەکان داوە کە ئاستەنگ لە بەرامبەر گوازتنەوەی دەریایی لە بابولمەندەبدا درووست نەکەن. ئەو بریارە شایەد لە داهاتووشدا گەرووی هورمز بگرێتەوە و کۆماری ئیسلامی لەو هەلومەرجەدا تەنیا مۆڵەتی هاتووچوو بە کەشتی وڵاتانی عەرەبی وەکوو عەرەبستان و ئەمارات نەدات. لە لایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆشی زیاتر لە هەموو لایەک قەیرانی ئابووری بۆ پێکهاتووە هەر بۆیە پێدەچێت ئەوە یەکەم هەنگاوەکانی رێکەوتن بێت.
دووهەم؛ پەیمانی مەککە پەیمانێکی سوونە مەزهەب بوو لە دژی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پەیمانی ئیبراهیم. ئەو پەیمانە بازنەیەکی ئەمنی بوو لە چوار دەوری کۆماری ئیسلامییدا بۆ گەرەنتی ئاسایشی عەرەبستان.
لە سەرەتادا ئەمریکا دژی ئەو پەیمانە بوو چوونکا ئەمریکا پێی وایە کە عەرەبستان متمانەی بە زلهێزێکی جیهانی وەک ئەمریکا نیە و بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی پەنا دەباتە بەر تورکیا، پاکستان و وڵاتانی ئیسلامی.
ئیسرایل پەیمانی مەککە بە دژی پەیمانی ئیبراهیم دەزانێت و پێیوایە پێشوازی وڵاتنی سونە مەزهەب لەو پەیمانە، لە داهاتوودا باڵانس و هاوکێشی هێز بە لای ئەواندا دەگۆرێت و لە ئاکامدا دۆخەکە لە کونترۆڵ دەرئەچێت.
تەریک مانەوەی عەرەبستان لە گۆرەپانی شەرەکەدا بەو هۆییەوە کە ئەمریکا و ئیسرایل دەڵێن فەرموو بزانە پاکستان و تورکیا دێنە وڵام؟ نەهاتنە جوابی ئەو وڵاتانە بە شێوەی خۆرسک و ئوتوماتیک پەیمانی مەککە هەڵدەوەشێنێتەوە و ئیتر هاوپەیمانییەکی سوونە، قەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا درووست نابێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر پاکستان و تورکیا بە کردەوە بێنە گۆرەپانی شەرەکەوە ئەوا دیسان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرایلە و شەری گەورەی سوونە و شێعە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا زۆرێک لە ئەرک و بەرپرسایەتییە ناوچەییەکان لە سەر شانی ئەمریکا لادەبات و لە ئاکامدا هەڵگرسانی ئەو ئاگرە بە قازانجی رۆژاوا و بە زەرەری چین و وڵاتانی بریکس دەبێت .
هێزێکی میلیشیایی و بێ دیسیپلینی وەک حووسییەکان لە بەرامبەر تیکنۆلۆژی سەربازی سەردەمدا وەک گەمەیەکی منداڵایە و لە راستییدا ئەو گرووپانە بریکار و گرێبەست کاری زلهێزەکانن. بێ ستراتیژی و بێ بەرنامەیی درێژمەودای ئەو گرووپانە، بەڵگەی راستی ئەو باسەیە.هەڵوەشانەوەی پەیمانی مەککە وێژمان و دیسکۆرسی شێعەگەری بەرز دەکاتەوە و هەروەها دەنگی نارەزایەتی ئیخوانیزم و سەلەفییەت لە دژی ئیسرایل و جوولەکەدا کپ دەکات.