دواین هەواڵ

وتارەکەی ماکرۆن و سپینۆزا: سەروەری و شکۆمەندی ئەوروپا

‌د. پشتیوان فەرەج

11/04/2023

یەک تۆز لەمەوپێش لەوتارێکی کاریگەری کە هەموو کەس لە ئەوروپا بە تامەزرۆوە چاوەڕێ ی ئەو وتارەی بوون ئیمانوێل ماکرۆن بە زمانێکی سپینۆزایی وتارێکی بەپێزی لە هەیگ لە هۆڵەندا پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا بە زمانێکی فەلسەفی باسی لە ئابوری و سەروەری و ئایندەی ئەوروپا کرد. باسی لە یاسا و ئابوری و ئاسایش و ژینگە و خوێندنی باڵا و زیرەکی دەستکرد و ئازادی ڕادەربڕین و ووزە و ناسنامە و بەها ئەوروپیەکان کرد.باسی لە چەک و سوپا و کۆمپانیاکان کرد. باسی داهێنان و بازاڕی ئازاد و چەمکی کێبرکێ ی ئابوری کرد. باسی شەڕ و ململانێکانی ڕوسیاو چین و ئەمریکا و ئەوروپای کرد. باسی لە چاکسازی و ڕێفۆرم و خانەنشینی کرد. باسی لە چەمکی کڕیاڕ و هاوڵاتی بوونیکرد و ڕەخنەى لە ئەوروپا گرت کە تا ئێستا ڕێچکەی بەکاربەری بەکارهێنانەوە نەوەک ڕێچکەی هاوڵاتیبوون لە پرسی ئابوری و حکومڕانیدا.

یەکێ لە سەرنجەکانی ماکرۆن ئەوەیە کە هەتا ئێستا ئابوری ئەوروپا لەسەر ڕێچکەی کڕیاڕ مامەڵە لەگەڵ ئەوروپا و جیهان دەکات لە کاتێکدا پێویستە چیدی لەمەودوا ئابوری ئەوروپا پشت بە ڕێچکەی هاوڵاتی بوون ببەستێت.

باسی لە تایوان کرد و گوتی لەبەرژەوەندی ئەوروپا نیە لایەنگیری لە شەڕی تایوان و چین بکەین. گوتی دەبێ ئەوروپا دوای کەس نەکەوێت نابێت کاریگەر بین بە ئەجێندای ئەمریکا و کاردانەوەى چین ئەگینا سەروەری خۆمان لەدەست دەدەین. گوتی دەبێت ئەوروپا تەنها دوای بەرژەوەندی خۆی بکەوێت و ڕابەرایەتی جیهان بکات ئەویش بە کێبرکێ کردن و داهێنان.

من خۆم چێژێکی تایبەتم لەو ئەکسێنتە فەڕەنسیەی وەرگرت چونکە گوتارەکەی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.

لەگوتارەکەیدا ئاماژەی بە سپینۆزا کرد کە سەروەری تاک بەندە بە یاسا و ئەگەر هاوڵاتیانی ئەوروپا سەروەریان دەوێت دەبێت خۆیان یاساکان بنوسنەوە نەوەک گوێ ڕایەڵی ئەو یاسایانە بن کە وڵاتانی دیکە دایدەڕێژن بۆیان ئەگینا سەروەری لەدەست دەدەن.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو خەونی گەورەی هەیە گوتی من کەسێکم خەوندەبینم بەڵام لەهەمان کاتدا کەسێکی ڕیالیستم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP